ئەسیوپیا، ڕاگرتنی یارمەتییە خۆراکییەکان سزادانی ملیۆنان کەس دەبێت

حکومەتی ئەسیوپیا ڕەخنە لە ڕاگرتنی هاوکارییەکان دەگرێت بۆ وڵاتەکەی و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو سزایە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی ئەسیوپیا ڕۆژی شەممە ڕەخنەی لە هەنگاوێکی دوو ڕێکخراوی گەورەی فریاگوزاری گرت، بەهۆی ڕاگرتنی ناردنی هاوکاری خۆراک بۆ ئەو وڵاتە دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە یارمەتیی خۆراکی ناگاتە دەستی ئەو کەسانەی کە پێویستییان پێیەتی.

 

لێگێس تولو وتەبێژی حکومەتی ئەسیوپیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، بڕیارەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرنامەی خۆراکی جیهانی "سزادانی ملیۆنان کەس دەبێت".

 

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکخراوی USAID کە دەزگای سەرەکی یارمەتی نێودەوڵەتی حکومەتی ئەمریکایە، ڕایگەیاند کە دابەشکردنی خۆراک ڕادەگرێت تا چاکسازییەکان لە شێوازی گەیاندنی هاوکارییەکان ئەنجامدەدرێت.

 

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ڕۆژی هەینیش ڕایگەیاند کە بۆ ماوەیەکی کاتی تەنها هەندێک هاوکاریی خۆراکی ڕادەگرێت، لە کاتێکدا ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر ملیۆنان خەڵکی ئەسیوپیا دەبێت، کە بەهۆی شەڕێکی وێرانکەر لە ناوچەی باکوری تیگرای ڕووبەڕووی کەمیی خۆراکی توند دەبنەوە، هەروەها وشکەساڵییەکی توند لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات کە سۆماڵ و بەشێک لە کینیاشی گرتووەتەوە.

 

مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایانگەیاندبوو کە هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ تیگرای ڕادەگیرێت، دوای ئەوەی ئاژانسەکان بۆیان دەرکەوت کە هاوکارییە خۆراکییەکان دەگوازرێنەوە بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان، هیچ کام لە دەزگاکان ئەو کەسانەیان دەستنیشان نەکردووە کە بەرپرسیارن لە وەرگرتنی هاوکارییەکان و فرۆشتنەوەیان.

 

بەڵام وتەبێژی حکومەتی ئەسیوپیا وتی بڕیاری وەستاندنی هاوکارییەکان بڕیارێکی سیاسییە، حکومەتی ئەسیوپیا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە پابەندە بە چارەسەرکردنی "ئاشکراکردنی قووڵی نیگەرانکەر لە لایەنگری یارمەتییە خۆراکییەکان".

 

ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان OCHA لە مانگی ئایاردا ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ململانێ و وشکەساڵییەوە، نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لە ئەسیوپیا پشت بە هاوکارییە خۆراکییەکان دەبەستن.

 

ئەسیوپیا میوانداری نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەر دەکات کە زۆربەیان خەڵکی باشووری سودان و سۆماڵ و ئێریتریان، نزیکەی ٣٠ هەزار کەس کە لە شەڕی ئەم دواییەی سودان هەڵاتوون، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە پەنایان بۆ ئەو وڵاتە بردووە.