شەڕی ئۆکرانیا ڕۆڵی هەیە لە قەیرانی خۆراکی جیهانی

بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیا قەیرانی خۆراکی جیهانی لە زیادبووندایە لە کاتێکدا ٣٤٥ ملیۆن کەس  قەیرانی خۆراکیان هەیە، بەهۆی درووستبوونی ئاستەنگی بۆ بارەکانی گەنم لە ئۆکرانیا کە گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهانە.

ناوەندی هەواڵ

 

جیهان هێشتا لە ژێر کاریگەری خراپترین قەیرانی خۆراکدایە کە ساڵانە ڕێژەکەی زیاد دەکات، لە کاتێکدا شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سیستەمی کشتوکاڵی جیهانی دەهەژێنێت کە لەگەڵ کاریگەرییەکانی کەشوهەوای توند و پەتای جیهانی دەجەنگن.

 

ئەمەش بە واتای ئاستەنگی زیاترە بۆ کۆمەڵگە لاوازەکان کە لە ئێستاوە لەگەڵ برسێتیدا دەجەنگن، هەروەها مەترسی برسێتی لە وڵاتانی وەک سۆماڵدا زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە حاڵەتێکی فریاگوزاری خۆراکی کارەساتبار وەسفی دەکات

 

مۆسکۆ ڕێگری لە زۆربەی بارەکانی ئۆکرانیا دەکات کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گەنم لە جیهاندا و هێرشەکانی بۆ سەر تۆڕی وزەی وڵاتەکەش ڕۆیشتنی خۆراک تێکدەدەن، کەشتییە گەورەکان کە گەنمی ئۆکراینی و دانەوێڵەکانی دیکەیان هەڵگرتووە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبن، کاتێک ڕووسیا ١٠ مانگ لەمەوبەر هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و گەمارۆی دەریایی سەپاند.

 

لە ژێر فشاری دیپلۆماسیدا، مۆسکۆ دەستیکردووە بە ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی هەندێک کەشتی، بەڵام بەردەوامە لە سنووردارکردنی زۆربەی بارەکانی ئۆکرانیا، کە لەگەڵ ڕووسیا ڕۆژێک چارەکێکی گەنمی جیهانیان هەناردە دەکرد.

 

لەو چەند بەندەرەی ئۆکرانیا کە کاردەکەن، هێرشە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا بۆ سەر تۆڕی وزەی ئۆکرانیا جار جارە ئەو تێرمیناڵانەی دانەوێڵە پەک دەخەن کە گەنم و گەنمەشامی تێدا باردەکرێت بۆ سەر کەشتییەکان.

 

قەیرانێکی خۆراکی جیهانی بەردەوام بووەتە یەکێک لە دەرئەنجامە دوور مەوداکانی شەڕی ڕووسیا، کە بەشدارە لە برسێتی بەربڵاو و هەژاری و مردنی پێشوەختە.

 

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە خەباتدان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، بەرپرسانی ئەمریکی هەوڵەکان ڕێکدەخەن بۆ یارمەتیدانی جووتیارانی ئۆکرانیا بۆ ئەوەی خۆراک لە وڵاتەکەیان هەناردەبکەن لە ڕێگەی تۆڕەکانی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانەوە کە بە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە دەبەسترێتەوە و لەسەر کەشتیەکان کە بەرەو ڕووباری دانوب دەڕۆن.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە زیاتر لە ٣٤٥ ملیۆن کەس بەدەست نائاسایشی توندی خۆراکەوە دەناڵێنن یان مەترسییان لەسەرە، ئەمەش زیاتر لە دوو هێندە زیاترە لە ساڵی ٢٠١٩، کەمیی خۆراک و گرانی نرخەکان لە سەرانسەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکادا ئاستەنگی دروست دەکات، بەرپرسانی ئەمریکا بە تایبەتی نیگەرانن لە ئەفغانستان و یەمەن کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون.

 

میسر و لوبنان و وڵاتانی دیکەی گەورە هاوردەی خۆراک، بەزەحمەت دەتوانن قەرزەکانیان و خەرجییەکانی دیکە بدەن، چونکە تێچوونەکان بەرزبوونەتەوە، ڕووسیا بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە حەوت بەندەر لە کۆی ١٣ بەندەر کە ئۆکرانیا بەکاریدەهێنن.