لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هەزار و ٤٦٦ منداڵ کاردەکەن

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان هەزار و ٤٦٦ منداڵی کارکەر هەن.

 

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٢ی ئایار لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵ لەسەر شەقامەکان، لە شاری هەولێر ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بە هاوبەشی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کارواری کۆمەڵایەتی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، کوێستان محەمەد ڕایگەیاند، ئامارى تەواو لەبەردەستدا نییە لەبارەى زانینی ژمارەى ئەو منداڵانەى لەسەر شەقام کاردەکەن، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان هەزار و ٤٦٦ منداڵ هەن کە کاردەکەن.

 

کاردەکەن بۆ زانینی ڕێژەی منداڵانی کارکەر لە هەولێرو دهۆک

ئاماژەى بەوەشکرد، لە شاری هەولێر و دهۆک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئاماری منداڵانی کارکەریان دەستبکەوێت، وتیشى: لە سلێمانی هەزار و ١٠، لە هەڵەبجە ١٢١، لە ڕاپەڕین ١٢٤، لە گەرمیان ٢١١ منداڵى کارکەر لە وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى تۆمار کراون.

 

کوێستان محەمەد لەبارەی کارپێکردنی منداڵانی کچ لە یانە شەوانەکان و کاری لەشفرۆشی وتی: تیمەکانی وەزارەتەکەمان سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکات، کە منداڵانی نەوجەوانی تێدایە و کاریان پێدەکرێت، نابێت مافى منداڵان پێشێل بکرێت و پێویستە ئەو شوێنانەى منداڵان بەکاردێنن ڕووبەرووی دادگا بکرێنەوە.

 

هەوڵ دەدەن منداڵان لە کارکردن دووربخەنەوە

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ناسک ئیسماعیل، سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا ٥٠٩ منداڵ لە کارکردن لەسەر شەقامەکان دوورخرراونەتەوە و بۆ دووبارە نەبووەنەوەى ئەو کارەش هۆشیاری بە خێزانەکانیان دراوە.

 

لە کۆتایى قسەکانیدا ناسک ئیسماعیل ئاماژەى بەوەشکرد، ساڵى ڕابردوو لە دهۆک ٥٢٢ منداڵ و لە سلێمانی ١٨٠ منداڵ لە کارکردن دوورخراونەتەوە و دیسانەوە خراونەتەوە بەرخوێندن و چاودێریی کراون.