هاوپەیمانی نادا جینۆسایدی سیستماتیکی دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا شەرمەزار دەکات

هاوپەیمانی "نادا" جەختی لەوە کردەوە، ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی وانەی گەورەیان لە ئەزموونی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی چیای شەنگال وەرگرتووە و کاریان کردووە بۆ خۆپاراستن لە بەرامبەر نادادپەروەری و ستەمکاری.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانی نادا لە ٥ی ئاب بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، بۆ ساڵیادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٧٤ی سەر گەلی ئێزیدی، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ژنان لە سودان، ئێران و ئەفغانستان، وێڕای شەرمەزارکردنی جینۆسایدی سیستماتیکی دژ بە ژنانی ئێزیدی، ئەفغانی، سودان و فەلەستینی، داوای دانپێدانانی جینۆساید و فشارخستنە سەر ئێرانی کرد بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان کە دژی چالاکوانانی ژن دەرچووە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ١٠ ساڵ بەسەر داعشدا تێدەپەڕێت کە بەرهەمی هێزەکانی هەژموونی جیهانییە، هێرشی کردە سەر چیای شنگال لە ناوچەی کوردستان، گەلی ئاشتیخوازی ئێزیدی کردە ئامانج، کە لە کولتوور و ئایینەکەیاندا دێرینن، ک ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی ئەو چیا مێژووییەدایە، هێرشی ئاشکرای داعش بۆ سەر شەنگال بەها مرۆییەکان و یەکێک لە شارستانییەتە دێرینەکانی ناوچەکەی کردە ئامانج، ویستی گەلی ئێزیدی قڕ بکات، بەرجەستە بوو لە شکاندنی ئیرادەی ژنانی ئێزیدی و قڕکردنیان، جا چ لە ڕووی جەستەییەوە بە کوشتن و خراپ بەکارهێنانیان، یان لە ڕووی دەروونی و ڕۆحی و کولتوورییەوە بە ئاوارەکردنیان و ڕفاندنیان و دیلکردنیان و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی کۆیلایەتی و سەپاندنی ئیسلامیکردن بەسەریان و منداڵەکانیاندا.

 

ئاماژە بەوە کراوە، ئازارەکانی ئەم کارە تا ئێستاش وەک برینێکی خوێناوی جیهانی و وەک پەڵەیەک لەسەر ڕووی مرۆڤایەتی بوونی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی شکستی زۆرێک لە وڵاتان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە دانپێدانان بەوەی ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا جینۆسایدە و قڕکردنێکی سیستماتیکییە لە دژی ژنانی ئێزیدی.

 

"تۆڵەسەندنەوەی هۆشیارانە و ڕێکخراوەی ژنانی ئێزیدی بەردەوام دەبێت"

پرۆسەی تۆڵەسەندنەوەی هۆشیارانە و ڕێکخراوەی ژنانی ئێزیدی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو ئەو ژنە ڕفێنراوانە ئازاد دەکرێن، هەروەها تا چارەنووسی هەموو ئەو کەسانەی کە هیچیان لەبارەیانەوە نازانن ئاشکرا دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەوان درک بەوە دەکەن کە ئەمە ڕێگەیەکی حەتمییە بۆ گەرەنتیکردنی دەستکەوتەکان، و دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و تەنانەت لە هەموو عێراقیشدا.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: لە سێیەمین ساڵیادی بەدبەختی دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان لە کابول نزیک دەبینەوە، کە سەرەتای سەرهەڵدانیان بوو لە دوای ڕێککەوتنی دۆحە، و سەرەتای سەردەمێکی تراژیدی نوێ بوو بۆ گەلی ئەفغانستان بە گشتی، و بۆ ژنانی ئەفغانستان بە تایبەتی، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ئایینییە توندڕەوەی کە تاڵیبان پەیڕەوی دەکات و بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، لە ئەنجامدا ئازارەکانی ژنانی ئەفغانستان خراپتر بووە، چونکە لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان بێبەش دەبن، زیادبوونی ئەو فەتوایانەی کە لە دژی دەردەچن، تا ئەو ڕادەیەی کە لە نێوان چوار دیواری ماڵەکانیاندا قەتیس بکرێن، ئەمە جگە لە حاڵەتەکانی تیرۆرکردن و کوشتن و ڕفاندن و بڕینی بەشەکانی جەستە و پێشێلکارییە ئاشکراکانی دیکە بەرامبەریان.

 

وانەی گەورە لە شۆڕشی ڕۆژئاواو ژنانی ئیزیدی وەرگیرا

ئاماژە بەوەکراوە، ژنانی ئەفغانستانیش وەک ئێزیدییەکان وانەی گەورەیان لە ئەزموونی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاواو ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لایەک و لە ئەزموونی بەرخۆدانی ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال وەرگرتووە، بەجۆرێک کە ئەوانیش دەست بکەن بە خۆپاراستن لە دژی نادادپەروەری و ستەم و ئەم پرۆسەیە بەردەوامە.

 

بەیاننامەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە ژنان لە سودان ئەزموونیان کردووەو تێیدا هاتووە: ژنانی سودان بەدەست ئازارەکانی شەڕی لایەنە ناوخۆییەکان و دەستوەردانی دەرەکییەوە دەناڵێنن، کەیسەکانی توندوتیژی زایەندی، دەستدرێژی، دەستدرێژی بەکۆمەڵ و کۆیلایەتی بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی سووکایەتیکردن و تۆڵەسەندنەوە لە ژنانی سودان کە شۆڕشی کەنداکییان لێکەوتەوە.

 

هێرشە ئاشکراکان بۆ سەر گەلی فەلەستین و ژنان بەتایبەتی، جگە لە سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ئێران، بەتایبەتی لە دژی دوو چالاکوان، شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی، شەرمەزار کرد و وتی: هەموو ئەمانە لە پێش چاوی جیهان و دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان ڕوودەدەن، هەرچەندە ستایشی مافەکانی مرۆڤ و ژنان دەکەن، کە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ڕادەی دووڕوویی و دووفاقی لە ڕادەی پابەندبوون بەو پێوەرە مرۆییانەی کە لە ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا هاتووە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەو جینۆسایدە سیستماتیکییەی کە ژنانی ناوچەکە تووشی دەبن، بەرجەستەی ئەو جینۆسایدەیە کە دژی ژنانی ئێزیدی، ئەفغانستان، سودان و فەلەستینی ئەنجامدراون، ئێمە جارێکی دیکە هاودەنگی و و پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و بەرخۆدانی ژنان، هەموو ژنانی ئازاد لە ناوچەکە و جیهاندا دەردەبڕین.