لە هەولێر هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەستیان دەستگیر کرد

لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە شاری هەولێر هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوەو ژمارەیەک فەرمابەری گرێبەستیان دەستگیرکرد کە گردببوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکان کەمێک پێش ئێستا لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە شاری هەولێر هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە بە مەبەستی  ڕێگریکردن لە خۆپێشاندانی فەرمانبەرانی گرێبەست و هەروەها ژمارەیەک فەرمانبەریش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیرکراون.

 

وا بڕیاربوو کاتژمێر ١٠ـی ئەمڕۆ خۆپێشاندانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام وەک هەمیشە کە لە شاری هەولێرو دهۆک قەدەغەی گردبوونەوەو خۆپیشاندان بۆ هەر مەبەستێک هەیە، ئەمجارەش ڕێگە نادرێت فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ داواکاری مافەکانیان گردببنەوە.

 

پێشتر فەرمانبەرانی گرێبەست بڕیاریاندابوو تا ١ی ئاب چاوەڕوانی حکومەت بن ئەگەر تا ئەو ئەو ڕێکەوتە بڕیارێکی جدی لە بارەی گرێبەستەکانەوە نەدرێت بە ناچاری خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری هەموو شار و شارۆچکەکان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدەدەن و هەنگاوی دواتریان بردنی ئەم کەیسە دەبێت بەرەو بەغدا.