لە ماوەی مانگێکدا لە ئەفغانستان ١٢ ژن و منداڵ کوژران و بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە

لەماوەی مانگێکدا ٦ ژن و سێ منداڵی کچ لە ئەفغانستان لەلایەن پیاوانەوە کوژران و ٦ ژنی دیکەش لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییەی کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

بەهاران لاهیب

 

کابول-تاڵیبان بۆ بێدەنگ کردنی دەنگی ئەو ژنانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر ستەمکاری و دروستکردنی ترس و ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکدا بەتایبەتی ژنان و شاردنەوەی تاوانە بەردەوامەکانیان، هەموو جۆرەکانی ستەم و توندوتیژی بەکاردەهێنێت و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری لە دۆخی زاڵ بەسەر ژناندا دەکات لە ئەفغانستان.

 

 کاتێک ژنێک بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە دەکوژرێت، تاڵیبان بە دەستەواژەی "کێشەیەکی خێزانیی بووە" پاساو بۆ تاوانەکە دەهێننەوە و خۆیان بە پابەند نازانن لێکۆڵینەوە لە تاوانباری سەرەکی تاوانەکانی دژی ژنان بکەن، چونکە بیر لە وەستاندنی کوشتنی ژنان ناکەنەوە.

 

هەروەها بەهۆی ڕەتکردنەوەی تاڵیبان لە ڕاگەیاندنی کوشتنی ژنان لە ئەفغانستان، ڕاگەیاندنەکان ژمارەیەکی سنووردار لە ئامارەکانی کوشتنی ژنانی ئەو وڵاتەدا ڕەنگ دەدەنەوە.

 

لە ٢٢ی تەمووزدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەی شەڕ لە ناوچەی ناری لە ویلایەتی کونار منداڵێک گیانی لەدەستدا و دوو منداڵی دیکە و دایکیان برینداربوون و ڕۆژی دواتر ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا لە ناوەڕاستی ویلایەتی بەداخشان.

 

ڕۆژی ٢٥ی تەمووز، حافزە ئەحمەد، تەمەن ٣٠ ساڵ، لە ناوچەی کەرخی سەر بە پارێزگای هەرات، لەلایەن برایەکییەوە کوژرا.

 

ڕۆژی ٢٧ی تەمووز، لە ناوچەی شیرین تجاب لە پارێزگای فەریاب، ژنێکی گەنجی دووگیان کوژرا و لە هەمان ڕۆژدا ژنێکی گەنج دوای ئازادبوونی لە زیندانێکی تاڵیبان لە پارێزگای بامیان بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

ڕۆژی ٥ی ئاب، ژنێک لە پارێزگای بەدەخشان لە ئەنجامی هاوسەرگیری بەزۆر لەگەڵ ئەندامێکی تاڵیبان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و ڕۆژی دواتر منداڵێکی کچی تەمەن ١٤ ساڵ لە پارێزگای فەریاب بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

هەروەها لە ١٠ی ئاب ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ساڵ لە پارێزگای فەریاب بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و ڕۆژی دواتریش ژنێکی گەنجی دیکە لە هەمان پارێزگا لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانی بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

ڕۆژی ١٢ی ئاب ژنێکی ئەفغانی و دوو منداڵی لە دوای شەڕ و پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنووری پاکستان و تاڵیبان لە تۆرخام کوژران.

 

ڕۆژی ٢١ی ئاب، ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵ و ژنێکی تەمەن 27٢٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی دایکوندی لەلایەن چوار چەکدارەوە کوژران و لە هەمان ڕۆژدا کامیلە نەجیبوڵای تەمەن ١٩ ساڵ لەلایەن باوکیەوە لە فەریاب کوژرا.