ژنانی ڕۆژنامەنووس: بە شوێنپێی شەهیداندا بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێین

ژنانی ڕۆژنامەنووس یادی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کردەوە کە لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستدا و وتیان: لەسەر ڕێڕەوی شەهیدان بە پێنووس و کامێراکانمان بەدوای ڕاستییەکاندا دەڕۆین.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- ڕۆژی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی لە سەیدسادقی شاری سلێمانی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە توندی ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورکیایان کرد، ئەڤین ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان و ڕۆژنامەنووس هەبوون عومەر هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

 

"ئەم هێرشە وەک پلانێک بۆ شۆڕشی ژنان لێکدەدەینەوە"

لە سەرەتای قسەکانیدا، ئەڤین ئیبراهیم تیشکی خستەسەر شۆڕشی ژنان و وتی: شۆڕشی ژنان کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد زیاتر لە ١٢ ساڵە بەردەوامە و ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامە و لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان هەمیشە ببنە ئامانجی سیستمە دەسەڵاتدارەکان و ئەو دەوڵەتانەی کە داگیرکارییان لەسەر کوردستاندا هەیە، بینیمان کە بەئامانجکردنی ژنان لە بەرزترین ئاستدا بووە، بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستدا لە هەمان کاتدا و ساڵێک پێش ئێستا دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی ژن تیڤی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا یەکێک لە هاوکارە ڕۆژنامەوانەکانمان بەناوی دەلیلا عەگید بریندار بوو، هاوکارێکیشمان شەهید بوو، ئەمە وەک پلانێک بۆ شۆڕشی ژنان لێکدەدەینەوە، چونکە ئەمڕۆ دەنگی ژنان و شۆڕشی ژنان و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە هێزێکی گەورە بۆ هەموو ژنانی جیهان.

 

"تا کۆتایی خاوەنداریی کارەکانی ڕۆژنامەنووس گوڵستان و هێرۆ دەکەین"

ئەڤین ئیبراهیم بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەوان تا کۆتایی ڕێبازی شەهیدان پەیڕەو دەکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان –یەرەژە، ئیدانەی هەموو کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوبەشەکانی دەکەین، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و لە سەر خەتی ئەم شەهیدانە بن، بە تایبەتی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا، ڕۆژنامەنووسێک کە لە ڕۆژئاوای کوردستان مایەوە، لە بواری ڕۆژنامەگەری ئازادی ژناندا جێگەی خۆی گرتەوە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان، بۆیە تا کۆتایی خاوەنداری کارەکانی ڕۆژنامەنووس گوڵستان و هێرۆ و سەرجەم شەهیدانی ڕۆژنامەگەری ئازاد دەکەین.

 

"بۆ ئەوەی هێرش و پێشێلکارییەکان ئاشکرا نەبن، کارمەندانی ڕاگەیاندن دەکەنە ئامانج"

ڕۆژنامەنووس هەبوون عومەر هەڵوێستی خۆی لە دژی هێرشەکە ڕاگەیاند و وتی: ئەم دوایین هێرشە دژی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان یەکەم هێرش نییە، پێش ئێستاش دەوڵەتی تورکیا لە هەر شوێنێک ویستبێتی هێرشی کردووە، بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکاری و هێرشە دڕندانەیەی بۆ سەر خەڵک دەکات ئاشکرا نەبێت، ڕاگەیاندن دەکاتە ئامانج، لەم هێرشەدا هاوکارەکانمان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە، بەتایبەتی ئەمڕۆ دەبینین هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکرێت، ئەم هێرشە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە بێدەنگن بەرامبەر بەم تاوانانە چونکە ئەم ڕۆژنامەنووسانەی کراونەتە ئامانج بەباشی ناسراون و دەزانن ڕۆڵیان چەندە گرنگە، ژنان لەبەرامبەر بە ئامانج کردنی ژنان و ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن بێدەنگ نابن.