لە دهۆک ئۆتۆمبێلی خێزانێکی عەرەب کرایە ئامانج

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، دوانیوڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی مەدەنى کە خانەوادەیەکی عەرەب بوون لە سنووری پارێزگای دهۆک لە لایەن دەوڵەتى تورکەوە کراوەتە ئامانج.

 

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکانى عێراق هەواڵێکیان بڵاوکردەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، دەوڵەتى داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتەوە ئامانج کە بۆ گەشت ڕوویان لە ناوچەکە کردبوو.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە کە تائێستا ڕوون نییە بۆردوومان بووە یان دەستڕێژی گولـلە، قوربانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەى قوربانییەکان نەکردووە.

 

بە ئامانجگرتنى ئەو خێزانە عەرەبە، لەکاتێکدایە کە دەوڵەتى داگیرکەری تورک دوێنێ ٢٣ی ئاب ئۆتۆمبێلی تیمێکی ڕۆژنامەوانی لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس شەهید بوون و ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بریندار بوو.