ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی مەخموور کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی مەخموور یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بە دروشمی "بە ڕێکخستنی هەستی ژن و ژن بوون، ژیان لە داگیرکاری زانستی دەسەڵاتداران ڕزگار دەکەین" ئەنجامدا و ماوەی دوو ڕۆژی خایەند.

مەخموور

 

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ بە بەشداریی ژنانی گەنجی کامپەکە گروپی پێکهێناو وۆرکشۆپی لەسەر ٥ بابەت ئەنجامدا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی مەخموور، کۆنفرانسی یەکەمی لە نێوان ٢٣ بۆ ٢٤ی ئاب بە دروشمی "بەڕێکخستنی هەستی ژن ژنبوون، ژیان لە داگیرکاریی زانستی دەسەڵاتداران ڕزگار دەکەین" سازکرد و کۆنفرانسەکە بە بەشداری ١٠٠ نوێنەر لە هۆڵی گەل بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

 

دوای ڕێزگرتن، بیرو بۆچوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیدگاکانی ژنلۆلۆژی خوێندرایەوە، دوای خوێندنەوەی دیدگاکان ئەو فیلمەی کە سەبارەت بەژنۆلۆژی مەخموور ئامادەکرابوو، نمایشکرا و دوای تەماشاکردنی فیلمەکە، ئەو پەیامانەی لە شەنگال و باشووری کوردستانەوە بۆ کۆنفرانس نێردراون خوێندرانەوە، دوای خوێندنەوەی پەیامەکان بەشی دووەمی کۆنفڕانس دەستیپێکرد.

 

بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە بە خستنەڕووی ئەنجامی ئەو وۆرکشۆپانەی پێش کۆنفرانس بەڕێوەچوو دەستیپێکرد، ئەو بابەتانەی لە کۆنفرانسی دوو ڕۆژەدا پێشکەش کراون بەم شێوەیەن:

 

کاریگەری کۆمەڵایەتی-دەروونی کۆچی زۆرەملێ لەسەر ژنان.

مافی ئێمە چییە؟ ئێمە چەندی لێدەزانین و چەندی دێتە بوون

هۆشیاری ڕەگەزی و هەستکردن پێی

شیکاری کۆمەڵناسی و مێژوویی و کولتووری

پایەکانی دیموکراتیک بوونی بنەماڵە.

 

پێشکەوتن و گفتوگۆی بابەتەکان بە بەرژەوەندییەکی زۆر و بەهێزەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجامدرا.

 

لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، دوای گفتوگۆ، سۆنگوڵ گولەر، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی مەخموور، قسەی کرد و وتی: پیرۆزبایی یەکەمین کۆنفرانسی ژنان لە سەرجەم ژنان دەکەم، کۆنفرانسەکە تەرخان دەکەین بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بەرخۆدان دەکەن و سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکار و پشتیوانیان کردین لە ئامادەکاری و وۆرک شۆپەکاندا، هیوادارین ئەم کۆنفرانسە ببێتە ئامڕازێک بۆ بەرزکردنەوەی خەباتی ژنانی کورد و جیهان.

 

لە پاشاندا وتاری کۆتایی کۆنفرانسەکە لەلایەن بەهار تارهان، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی مەخموور خوێندرایەوە و ڕایانگەیاند: ژنۆلۆژی بنەمای زانستی ئازادی کۆمەڵناسییە، لە جیهاندا بە گشتی زانست ڕۆڵی نییە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵناسیەکانی ئێستادا، لەبری ئەوە کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگە قووڵتر و قورستر دەکات، ئەگەر زانستێک بۆ کۆمەڵگە نەبێت و دژ بە کۆمەڵگە کار بکات، کۆمەڵناسی پەرە بە ئازادی نادات و ناتوانێت میتۆدی ڕاستی بێت، زانست لەگەڵ ڕاستیدا سەریهەڵداوە، بەداخەوە زانست لە شیکردنەوەی کۆمەڵناسیدا بەڕۆڵ و بەرپرسیارێتی زانستییەوە نزیک نەبووەتەوە، ژنۆلۆژی  بانگەشەیەکی هەیە بۆ دەرهێنانی زانست لە ژێر کاریگەری دەسەڵات و هێنانەوەی بۆماڵەوە بۆ ناو کۆمەڵگە واتە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ زانستی سەرمایەداری کە لەژێر کاریگەری حکومەتدایە، دێتە پێشەوە و چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، ژنۆلۆژی  خەریکی دەرخستنی ڕووناکییە بۆ ئەو مرۆڤایەتییەی کە لە تاریکیدا ون بووە.

 

ژنۆلۆژی لە مەخموور بەم هۆشیارییە بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی کارەکانی خۆی بەڕێوە دەبات، ئامانجی گرنگ وەک توێژینەوە و سیمپۆزیۆم و وۆرک شۆپ و پەروەردەو کۆنفڕانس ئەنجام دەدات، لەو چوارچێوەیەدا لە ٢٣و٢٤ی ئابی ٢٠٢٤، یەکەمین کۆنفرانسی ژنۆلۆژی مەخموور بە دروشمی "بەڕێکخستنی هەستی ژن و ژنبوون، ژیان لە داگیرکردنی زانست لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕزگار دەکەین" بەڕێوەچوو.

 

ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکەدا دراون بەم شێوەیەن

بە پێی بنەماڵەی دیموکراتیک هاوپەیمانی دروست بکەین.

مۆدێلی بنەماڵەی دیموکراتیک چۆن دەبێت مسۆگەر بێت.

 خەبات بۆ گۆڕینی بنەماڵەی دیموکراتیک بدرێت.

 هاوسەرگیری بەپێی ئەو بنەمایە دەدرێت کە لەسەری ئەنجام دەدرێت.

ژنێکی گەنج کە دەیەوێت هاوسەرگیری بکات، پێویستە پێشینەی دارایی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات.

 پێویستە هەڵمەتێک بۆ بەکارنەهێنانی بەرهەمە پلاستیکیەکان دەست پێبکرێت.

 

کۆنفرانسەکە بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نییە" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.