"بەئامانج کردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەنگی ڕاستی بێدەنگ ناکات"

ژنانی ڕۆژنامەنووسی کانتۆنی ڕەققە بە ئامانج کردنی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە تیمی میدیایی "چەتر" لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەرمەزار کرد.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بووەتە پێشەنگی وڵاتانی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەرجارێک ئەو ژنانە دەکاتە ئامانج کە هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەدەن، لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئیرادە بە شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆر لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی تیمی ڕۆژنامەنووسانی لە ناوچەی سەیدسادق لە شاری سلێمانی کردە ئامانج، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، کە لە تیمێکی میدیایی سەر بە کۆمپانیای “چەتر” کاریان دەکرد، ئەمەش بووە هۆی توڕەیی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

بوشرا ئیبراهیم، ​​ڕۆژنامەنووس لە کەناڵی ژن تیڤی وتی: ئەمە یەکەمجار نییە کە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان دەکرێنە ئامانج، بەو پێیەی دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات سەرنجی خەڵک بۆ تاوانەکانی و پێشێلکارییەکانی دیکە بەو جۆرە پراکتیزەیە ڕابکێشێت ئەگەر باسی زنجیرەی بە ئامانج گرتنی ژنە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەین، لیستەکە بەردەوامە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژنامەگەری پەیماننامە و یاسای نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەتی لەکاتی شەڕ و ململانێکاندا، بەڵام تورکیا هەموویان پشتگوێ دەخات، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، تا دەگاتە ژێرخانی ئابووری دەکاتە ئامانج، ساڵی ڕابردوو بینیمان کە چۆن تیمی تەلەفزیۆنی ژن لەشارەکە کرایە ئامانج لە عامودا، لە ڕێگەی ئەم جۆرە پێشێلکاریانەوە دەیەوێت ئیرادەی وڵات بشکێنێت.

 

"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە مایەی شانازی بۆ ژنانی گەڕان بەدوای ئازادیدا"

بوشرا ئیبراهیم ئەوەی خستەڕوو، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی ئەو پراکتیزانە بوو کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر بە ژنە سیاسەتمەدار و چالاکوانان ئەنجامیان دابوو، بەتایبەتی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کە لە ڕێگەیەوە دەسەڵات هەوڵی ناردنی پەیامێک بوو کە ناتوانن ڕابپەرن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا و کوشتنی ئەو بوو بە پریشکێک بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کە بووەتە مایەی شانازی بۆ ژنانی گەڕان بەدوای ئازادیدا.

 

" دەیانەوێت ژنان دەنگیان نەبێت و مافیان نەبێت"

سەبارەت بە سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کە هێرش دەکەنە سەر ژنان بە شێوە و ئامڕازی جۆراوجۆر، ڕوونیکردەوە، لە تورکیا زیندانەکان پڕن لە ژن و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە هەوڵیان داوە ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن، هەرچەندە وا دیارە جیهان کە دەستەبەری ماف و کەرامەت دەکات بەڵام لە ئێراندا دەسەڵاتداران هەوڵی شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی خۆیان دەدەن بەرامبەر بە ژنان، هەرکەسێک یاساکانی پێشێل بکات و ڕابپەڕێت دەبێت هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەریان ئەنجام بدرێت ئەوان دەیانەوێت ژنان دەنگیان نەبێت و مافیان نەبێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بوشرا ئیبراهیم هێرشەکانی سەر چالاکوانانی ژن و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد کە هەوڵی ئاشکراکردنی تاوانەکانی داگیرکاری تورکیا و سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ژنان دەدەن، بەتایبەتی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. وتیشی: بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە پەیوەندییان بە مافی ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە، دەستبەجێ دەستوەردان بکەن.

 

"ژنان بە شێوەیەکی بەربەریانە دەکرێنە ئامانج"

نەدا محەمەد، ئەندامی یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان ئامائژەی بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵدەدات ڕۆژنامەنوسانی ژن بکاتە ئامانج، چونکە هەمیشە ڕاستیەکان پیشان دەدات و ئەمە یەکەمجار نییە ڕۆژنامەنوسانی ژن بکرێنە ئامانج، تاوان و پێشێلکاری هاوشێوە هەیە، ئەو ژنانەی کە داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەکەن، پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنان و چالاکوانانی ژن بە شێوەیەکی بەربەریانە دەکرێنە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئیرادەیان بینیمان کە دەسەڵاتدارانی ئێران چۆن سزای لەسێدارەدانیان لە دژی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرکرد، کە لەڕێگەیەوە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ژنان دەدەن.

 

ناوبراو دووپاتی کردەوە، ئەو هێرشەی کە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی کردە ئامانج، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی بەئامانجکردنی تیمی کەناڵی ژن تیڤی لە ساڵی ڕابردوو لە شاری عامودا، هاوکات بوو لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی کە لەلایەن یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانەوە دەستیپێکرد، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات ئیرادەی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان بشکێنێت کە هەوڵی ئاشکراکردنی سیاسەتی ئەو وڵاتانە دەدەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم بەئامانج کردنانە ئیرادەی ژنە ڕۆژنامەنووسان لاواز ناکەن، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم جۆرە پێشێلکارییانە ئیرادەمان ناشکێنن، و هەمیشە لە پێشەنگدا دەمێنینەوە بۆ پیشاندانی دەنگی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی تاوان و پێشێلکارییەکان.