داوای قەدەغەکردنی فیلم لەو ئەکتەرانە دەکرێت کە دژی حیجابی ناچارین

جێگری بەڕێوەبەری هەڵسەنگاندن و چاودێری ڕێکخراوی سینەما نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی سینەما کرد و داوای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەو ئەکتەرانەی کرد کە لە دژی حیجابی ناچاری وەستاونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی گوشارەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناڕازییانی حیجابی ناچاری و هەڕەشەکردن و دەستبەسەرکردنیان، میدیا ناوخۆییەکانی ئێران هەڕەشەی حەبیب ئیلبیگی، جێگری بەڕێوەبەری هەڵسەنگاندن و چاودێری ڕێکخراوی سینەمایان لە بەرهەمهێنەرانی سینەما بڵاوکردەوە، کە نامەی بۆ سەرۆکی سەندیکای بەرهەمهێنەرانی سینەما ناردووە و قەدەغەی بەکارهێنانی ئەو ئەکتەرانەی دژی حیجابی ناچارین، لە فیلمەکاندا کردووە.

 

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: پێویستە بەرهەمهێنەران خۆیان لە بەکارهێنانی بریکار و ئەکتەرەکان بەدوور بگرن کە بۆ شکاندنی نۆرمەکان و پشتگوێخستنی یاساکانی وڵات (بۆ نموونە حیجاب و هتد) کێشەیان بە شێوازی جۆراوجۆر دروستکردووە، لە هەر هاوکارییەک، وەک لە کاتی بەدەستهێنانی مۆڵەت ئەگەر نمایشەکە ڕووبەڕووی کێشە بووەوە، ئەوان بەرپرسیارن و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لە بەرامبەر نمایشەکانیان و دەرئەنجامەکانی.

 

گوڵبو فەیوزی، ڕەخنەگر و نووسەری بواری ڕۆشنبیری و هونەر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام چیرۆکێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە دۆخی شانۆی شار گرتووە کە بەهۆی جلوبەرگەوە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی کراوە، وەها نووسیویەتی: شانۆی شار، بووەتە تێرمیناڵێک لە نێوان شارێکی سارد و خۆڵەمێشیدا، پڕ لە بەڕێوەبەرانی حکومەت کە بە بلیتی میوانەکان، هۆڵە پڕ لە سۆز و قەرەباڵغەکانیان کردووەتە ناو بێدەنگی بارانەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: چووم بۆ بینینی کارەکانی هاوڕێکەم، بەبێ حیجاب پەردە ڕێگەیان پێنەدام بچمە ژوورەوە، دڵم لەدەستدا، ئەوە سەردەمی وازهێنانە لە هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر هەبوون، بەڵام ئێستا بووە دوکەڵ و لە هەوادا بەرز بوویەوە.