بەهۆى گەمارۆی حوسییەکانەوە هەزاران کەس زیانیان بەرکەوتووە

ناوەندی ئەمریکی بۆ دادپەروەری "ئەی سی جی" بڵاویکردەوە، لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ تا مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، بەهۆی گەمارۆ و پێشێلکاری حوسییەکانەوە ١٠ هەزار و ٦٢٣ کەس زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی ئەمریکی بۆ دادپەروەری "ئەی سی جی" ئاماری ٩ ساڵی زیانبەرکەوتووانی گەمارۆی حووسیەکانی لە پارێزگای تەعزی یەمەن بڵاوکردەوە کە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، بەهۆی گەمارۆ و پێشێلکاری حوسییەکانەوە بەرامبەر خەڵکی پارێزگای تەعز کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن ١٠ هەزار و ٦٢٣ کەس زیانیان بەرکەوتووە.

 

جۆری پێشێلکارییەکان پێکهاتوون لە، بۆردومانکردن، چاندنی بۆمبی چێندراو لە کێڵگەکان، کوشتنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی نیشانەشكێنەوە، ئەو ڕووداوە هاتوچۆیانەی بەهۆی داخستنی ڕێگاکان لەلایەن حوسییەکان دروستبوون، ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی مەدەنی، لە دەرئەنجامی ئەم پێشێلکارییانەدا سێ هەزار و ٤٥٥ هاوڵاتی کوژران و حەوت هەزار و ١٦٨ برینداربوون، هەروەها لە ١٧ ناوەندی ئیداری سەر بەپارێزگای تەعز ٤٤ هەزار و ٧٤٩ خێزان ئاوارەبوون کە دەکاتە ٢١٤ هەزار ٦٩٣ ئاوارە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو ژمارەیە دوو هەزار و ٩٨٥ منداڵ و هەزار و ٢٣١ ژن کوژراون، جگە لەوەش لە شاخی حەبەش و ناوچەکانی مەقبەس و سەبر مەوادم و گوندەکانی دیکەی سەر بە پارێزگاکە، حوسییەکان ٢٢ گوندیان بە هاوڵاتیان چۆڵکردووە.