ژینگەپارێزیی وەک پایەیەکی گرنگی بونیادی وڵات

تارا فەخرەدین

 

لە پیادەڕەوی ئەمڕۆمدا بە ناو دارستانەکەدا ، سەرنجم چووە سەر ئەو کورسیانەی کە لە چەند شوێنێکی جیاوازدا دانراون بۆ پشوودانی ڕێبواران ، هەر کورسیەک و شووشەیەکی بچووکی سەرقەپاتی لەسەر دانرابوو . پشوویەکی کورتم وەرگرت و سەیری شووشەیەکم کرد ،لەسەری نووسرابوو

‏(Kippen-Paradies) ، (بەهەشت -ئاغزە جگەرە ) . شووشەکەش چەند ئاغزە جگەرەیەک (فلتەری جگەرە )لە ناویدا بەدی دەکرا .

 

ئەمە لە ڕواڵەتدا پەیامێکی سادەی ژینگەپارێزییە

من نازانم چ کەس و چ گروپێک بەم کارە هەستاون، بەڵام دەزانم بەردەوام ئەم جۆرە چالاکیی و پڕۆژانە، لە باخچەی ساوایانەوە بیگرە ،تاکو دەگاتە خەڵوەتگەی پیریی ، بوونیان هەیە . کرۆکی ئەم چالاکییانە ،هەوڵی ماندوونەناسانە و بەبیرهێنانەوەی بەردەوامی خەڵکە بۆ پاراستنی ژینگە . سەرنج ڕاکێشتر و گرنگتر لەم پڕۆژانە ، بە دەنگەوەچوون و کاردانەوەی ئەرێنیی خەڵکەکەیە ، با زۆر سادەو بچووکیش بن . ئەمەیە ئەو بناغە پتەوەی بونیادی وڵات .

پاش کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و خاپووربوونی شار بەشاری وڵاتی ئەڵمانیا ،تاک بە تاکی گەلەکەی ،بەشدار بوون لە بونیادنانەوەی وڵاتدا ،بەتایبەت ژنان .چونکە زۆرێک لە پیاوان بە بەراورد لەگەڵ ژناندا،لە جەنگەکەدا لە ناوچووبوون .

 

ئەوەیان مێژوویەکی دوورو درێژەو نامەوێ ڕۆبچم لە ناویدا . ئەمە ئەو هۆکارە سەرەکییەیە ،کەوا خەڵکەکەی وابەستەی خۆشەویستی وڵاتەکەیانن ، کە ژینگە بەشێکی گرنگ و لێدانەبڕاوە لێی، هەر بۆیە مەحاڵە لە پێش چاوی ژنێک یان پیاوێکی بەتەمەندا ، دەستەسڕێک ،ئاغزە جگەرەیەک فڕێ بدەیتە سەر زەوی و ئەو لەو کارەت بێدەنگ بێت . یاساشکێنیی بکەیت و ئەو بهێڵێت بەسەرتدا تێپەڕێت، هەر ئەم بونیادنەرانەن ، مامۆستای پەروەردە و ڕەوشتی دوو نەوەن ،ئەم نەوانەش لە دڵسۆزیی و ڕاستگۆییان بۆ وڵاتەکەیان ، هیچیان لە باوانیان کەمتر نین.

 

لەڕاستییدا ئەمە عیشقە ، پەروەردەیە ، ڕەوشتە ، فەرهەنگە ،ڕۆشنبیرییە ، وادەکات ژنێک یان پیاوێکی بەتەمەن ،لە هەموو ئان و ساتێکدا ، چاوێکیان هەزارچاوەو ناتوانن بێدەنگ بن لە ئاست کەسانێکدا، کە بە بچووکترین شێوەش سەرپێچیی دەکەن . یاخود پەروەردەکارێک لە شوێنی کارەکەی خۆیدا، ڕۆژانە بێزار و ماندوو نابێت لە چەندبارە کردنەوەی ڕێنوماییدان بە منداڵان بۆ پاراستنی ژینگەکەیان ، یاخود منداڵێکی پێنج ساڵان ،کە دەستەسڕێکی لەدەستدایە ،ئەگەر بوارو شوێنی فڕێدانی بۆ نەڕەخسێت ،لەگیرفانەکانی خۆیدا هەڵی دەگرێت و دەیباتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا فڕێی دەداتە سەتڵی خۆڵەوە .

 

ئەوەی کە ئێمەی کورد لە پاش ڕاپەڕین فێری بووین ، تەنها قسە کردن بوو . تەنها ئەو زارەمان کردەوە ،کە چەندین ساڵ ڕژێمی بەعس پێی داخستبووین . بە ئێستاشەوە لە ڕەخنەگرتن لە حیزب و حکومەت زیاتر ، بەردێکمان لەسەر بەردێکی تر دانەنا ،ئەگەر کۆشکێکمان بۆ خاپوور نەکردبێت . وەک ئەوەی ئەم حیزبانە لە مەریخەوە هاتبن ، ئەندام و ڕێکخەرو سەرۆکەکانیان بوونەوەری نامۆی هەسارەیەکی تر بن .

 

دەپرسم ، کێ لە ئێمەی کورد دەستی هەبوو لە بونیادی ئەم وڵاتەدا ، ئەم وڵاتەی کە ئێسکو پروسکی شەهیدەکان ،لەسەرپەنجەکانیان ڕایان گرتبوو ،تا نەکەوێت ، کێ دڵی بۆ ئەودیوی دەرگاکەی خۆی سووتا، کێ پرچی ژاکاوی دێیەکی شانە کرد ، کێ فرمێسکی دارێکی سڕی ، کێ دڵی بە ژینگە سووتا و دەسووتێت ،کێ ئامادەیە ئۆتۆمبێلەکەی لە ماڵەوە ڕابگرێت و بە پێی هاتوچۆ بکات ، تا کەمتر گازی ژەهراوی بکاتە ناو ئەو ئۆکسجینەوە کە خۆی هەڵی دەمژێت .کێ گڵۆپێک لەچراخانی ماڵەکەی کەم دەکاتەوە ،تا هاوشارییەکی بێبەش نەبێت لە ڕووناکی ، کێ ئاوی بەلوعەکەی دەگرێتەوە ،تا دراوسێکەی بێبەش نەبێت لە ئاو . کێ ئامادەیە لە ماڵەکەی خۆیەوە ،لەو بەرپرسیارێتیەی کە هەیەتی لە کارەکەیدا ،گەندەڵی بنبڕ بکات ؟

 

زۆر بە دڵنیاییەوە دەڵێم ،هێندە ژمارەیان کەمە ، کوردگوتەنی کەوتوونەتە پشت کەندوو، ئەی ئێمە چیمان کرد ؟ هاتین باخچەی ماڵەکانمان تێکداو لەجێیدا ژوورێکمان دروست کرد ، تاقمە قەنەفەیەکی بێڕۆحمان تێدا دانا ،بێ ئەوەی کەس لەسەری دانیشێت ،یان چێشتخانەیەکمان تێدا دروست کرد ،بێئەوەی ئاگرێکی تێدا بکرێتەوە .چەندین دارمان ڕیشەکێش کردو دارێکی پلاستیکمان لەژوورەوە دانا ،گوڵستانێکمان لە سێدارە داو ،تابلۆی گوڵێکمان بە دیوارەکەوە هەڵواسی . ئەگەر بێتو ماڵەکەی خۆمان خاوێن بکەینەوە ،خاشاکەکە دەکەینە ئەودیوی دەرگای حەوشە ، کە موڵکی گشتییە .ئەمانەو هەزاران نموونەی جۆراوجۆر کە لە ژماردن نایەن .

 

ئێمە چین بەڕاستیی ؟ کەی واز لە قسە دەهێنین و بە کردار دەکەوینە کار ؟