کاردەکەم کەواتە هەم

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی- نووسەر

پێیوت "کچێ بۆچیتە، ئیش بۆ دەکەیت پیاو ناچارە بەخێوت بکات بۆخۆت لەماڵەوە دانیشە" ئەویش بە تاسەوە تەماشایەکی کرد و هیچی نەوت.

 

زۆرجار لەکاتی بیستنی ئەم ڕستەیەدا  تووشی شۆک دەبم، چونکە کۆمەڵێک بیرکردنەوەی هەڵە لەخۆ دەگرێت لەگەڵ ماف و بەها مرۆییەکاندا یەک ناگرنەوە، لەبەرئەوەی بڕوام وایە هەر مرۆڤێک کاتێک لەم دنیایەدا کارێک دەکات و داهاتێک بۆ خۆی پەیدا دەکات ئەوە یەکسانە بەوەی ئەو مرۆڤە بوونی هەیە و دەژی، واتا من کاردەکەم کەواتە دەژیم، بێگومان لێرەدا مەبەستم بە کەمزانین یان خوانەخواستە سووک کردنی ئەرک و کاری ئەو ژنانە نییە کە ژنی ماڵەوەن، بەڵکو با بابەتەکە بە گشتی وەربگرین چ ژن بیت یان پیاو ئەگەر توانا و لێهاتوویی و وزەت بۆ هەر کارێک هەیە بۆچی نەیکەیت؟ بە ڕای من تاوانە ئەگەر ئەو وزەیەت پشتگوێ بخەیت و چاوەڕێ بکەیت کەسێکی دیکە بەخێوت بکات، ئەگەر بتوانی لە خەرجیی و بژێوی ژیاندا هاوکار و یارمەتیدەری هاوسەرەکەت بیت بۆچی نەیکەیت؟

 

وا بیری لێبکەنەوە کاتێک لە دەرەرەوەی کاری ڕۆژانە و خێزان کارێکی دیکە دەکەیت ئەوە تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و پەیداکردنی بڕێک پارە نییە، بەڵکو زۆر مانای دیکە لەخۆ دەگرێت، چونکە ئەگەر ژنێکیت پێشتر کارێکت هەبووە و لەبەرئەوەی منداڵەکانت بچووک بوون وازت لە کار هێناوە، کاتێک منداڵەکانت گەورە دەبن هەر یەکە خەریکی خوێندن و ژیانی خۆی دەبێت، ڕۆژێک دێت لە خۆت دەپرسیت من کێم و چی دەکەم؟ یاخود هەستدەکەیت بەهای جارانت نەماوە و چیتر وەک جاران پێویستییان پێت نییە.

 

پێش وازهێنان لە هەر کارێک لە خۆت پرسە بۆ خوێندم و شەونخونیم کرد و بووم بەخاوەن بڕوانامە یان بووم بە خاوەن کارێک؟ مانای چییە وازبێنم لە پێناوی ئەوەی ماندوونەبم، لەبەرئەوەی کاتێک کاردەکەیت و ماندوو دەبیت ئینجا هەست دەکەیت هەیت و دەژیت، کە بەرهەمێکت دەبێت ئەو کاتە هەست بە بوونی خۆت دەکەیت، قسەی ڕاستیش ئەوەیە هاوسەر و منداڵەکانت لە کاری ڕۆژانەی ماڵ و خێزاندا پێزانینیان بۆت هەبێت و هاوکارت بن و ئەرکەکانت لەگەڵدا بەش بکەن.