بنمیچی شووشەیی و کاریگەریی لەسەر ئەدای پیشەیی ژن

ژیا عەباس - مامۆستای زانکۆ

 

بنمیچی شووشەیی یەکێکە لەو جیاکارییانەی لە شوێنی کار و لە نێو پارتە سیاسییەکاندا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ڕێگری لە گەشتنی ژنان بە پێگە باڵا سیاسی و کارگێڕییەکان دەکات. هاوکات (دایڤید ویلسون) پێناسەی دەکات بەوەی کۆمەڵێک بەربەستی دروستکراو و شاراوە و نەبینراون، کە ڕێگری لەبەرەوپێشچونی پیشەیی ژنان و کەمینەکان دەکەن لە گەیشتنیان بە لوتکەی هەرەمی پیشەیی و پۆستە باڵاکان.

ئەم بەربەستانە هیچ پەیوەندییەکیان بە توانا و لێهاتوویی کەسەکانەوە نییە ئەوەندەی پەیوەستە بە ڕەگەز و پلە و پایەی‌ کۆمەڵایەتی‌. ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری‌ هەیە، وەک: ئەو وێنە تەڵخ و شێواوەی کە کۆمەڵگە بۆ ژنی‌ دروستکردووە بۆ نموونە کاتێک ژنێک وەک کەسێکی لاواز و بێدەسەڵات و پاشکۆ و ملکەچ وێنا دەکرێت و وای لێتێدەگەیەنرێت ئەرکی ئەو تەنها ماڵ و منداڵ بەخێوکردنە، ئیتر چۆن بتوانێت لە خۆی ڕاببینێت کە دامەزراوەیەک یان دەوڵەتێک بەڕێوەببات.

(ساندرا بیم) دەڵێت: (منداڵ لە تەمەنێکی زووەوەی سێ بۆ چوار ساڵی دەگەڕێت بەدوای ئەو خەسڵەت و سیفەتانەی گونجاوە بۆ رەگەزەکەی و هەوڵدەدات بەو وێنەیە رەفتار و هەڵسوکەوت بکات و پاشانیش بە کاریگەری پرۆسەی پاداشت و سزا لە کەسێتیدا جێگیر دەبێت، ئەمەش تا گەورەتر بێت زیاتر تیایدا ڕەنگدەداتەوە و بەمەش دووبارە خۆی دەبێتەوە هۆکار لەپێش گەشتنی بە پێگەی باڵای سیاسی و کارگێڕی‌).

(موس کانتر) لە ساڵی (١٩٧٧) توێژینەوەیەکی ئەنجامدا، بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەریی زۆرینە و کەمینەی ڕەگەزەکان لە کاردا، لەسەر دروستبوونی جیاکاری لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی. (کانتر) پێی وایە لەهەر کارێک ڕێژەی ڕەگەزێکی وەک ژن ١٥٪ کەمتر بێت، ئەوە مانای ئەوەیە ژنان کەمینەن لەو کارە و پیاوان زۆرینەن، ئەمە وادەکات هەمیشە ئەو ڕێژە کەمەی ژنان دیاربن و هەموو رەفتار و هەڵسوکەوت و جوڵە و قسەکردنیان لەژێر چاودێریدا بێت و لەسەر ئەم بنەمایە رەفتاریان لەگەڵ دەکەن و بەردەوام پچوکیان دەکەنەوە، و سەرکەوتنەکانیان ناگەڕێننەوە بۆ زیرەکی و توانا و لێهاتوویی خۆیان.

بەگشتی، ئەم دیاردەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر شوێن و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا دەبێت وەک :دووبارە چەسپاندنەوەی وێنە باوەکان بۆ ژن و رێگە نەدانیان بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان.