تاڵیبانێکی تر لە دروستبووندایە

پەروین نوری عارف – پزیشک و نووسەر

 

ئەم ڕۆژانە هەندێک کەس، هەموو هیوایەکیان پێچاوەتەوە و دەنووسن "تاڵیبانێکی تر لە دروستبووندایە" ئەمەش ئاماژەیە بە دەسەلاتی تاڵیبان بۆ جاری دووەم لە ئەفغانستان، پاش ئەوەی ئەمەریکا بە پەلە پروزێ کشایەوە لەو وڵاتە پڕ لە تەنگ و چەڵەمەیە، وەک دەزانین ئەمەریکا خوشک و برای کەس نییە، ئەوان بەرژەوەندییان لەکوێ بێت دەڵێن السلام علیکم.

 

باسی ئەوە ناکەم بارودۆخی ئەفغانییەکان چۆنە بەتایبەتی بارودۆخی ژن لەو وڵاتەدا چۆنە، باسی ئەوە دەکەم بۆچی هەندێک ئەژنۆی شکاوە و نوقڵانەی ئەوە لێدەدات، کە ئەم بەشەی کوردستان بە دەردی ئەفغانستان

دەچێت؟

 

من پرسیار دەکەم لەوانەی وادەڵێن:

بۆچی ڕێگا دەدەیت ئەم بۆچوونە لە دەمێکەوە باز بدات بۆ دەمێکی تر؟

بۆ لە خەو هەڵناستیت و ئەقڵ و مێشکی خۆت بخەیتە کار، بەرامبەر ئەم تاوێرە؟

بۆ دانیشتوویت؟ چاوەڕوانی چی دەکەیت؟

کێ بێت خۆت و ئەم وڵاتە پڕ گێژاوەت لە دەستی تاریکی، کۆنەپەرستی و بیری داماڵراو لە ئازادی و یەکسانی و ڕوناکی دەربهێنێت؟

 

تۆ هەر خۆت دەتوانیت ئەوە بکەیت.

پاڵمەدەرەوە و چاوت لەوەبێت بێگانە ئیش بۆ تۆ بکات.

بەڵی، نەوتەکەت بە هەرزان دەکڕن.

بەڵێ، چاویان لە غازەکەتە.

بەڵێ، دەستیان لەناو دەستی ستەمکاردایە.

بەڵێ، چاو دەپۆشن لە کاری داعشییانە.

لەوە زیاتر هەنگاوێک نانێن بۆ تۆ.

 

تۆ هەر خۆتی، لەگەڵ ئەوی تردا، کە هاوڵاتی ئەم خاکەیە، ئەو خاکەی بە خوێنی گەنج و پیرەکانی ئاو دراوە، لە پێناو ئازادی و سەرفرازی بۆ هەمووان .

 

ئەوان گیانیان نەبەخشی بە خاک، بۆ ئەوەی لە ساڵێکدا نزیکەی ١٤٤ ژن بکوژرێت، زۆربەیان لەسەر "شەرەف"، من نازانم یەکێک خوشکی خۆی یان کچی خۆی بکوژێت، شەرەفی لە کوێدایە؟

 

بنووسە، قسە بکە ، دەنگ هەڵبڕە، کاتێک ژنان بە "داینەسۆر" بانگدەکەن، مەڵێ "هیچمان پێناکرێت"، کاتێک دەڵێت: ئەو "پیاوەی یەک هاوژینی هەبێت ترسنۆکە" دەیەوێت ، هاوژین ریز بکەن وەکوو Russian Dolls !

بۆچی نووقە ناکەیت؟

ترسنۆکیت ؟!

مەڵێ "شێری ماڵەوەین و رێوی دەرەوەین"

ئەگەر تاڵیبانێکی تر دروستبوو، تۆ بەرپرسی، کەسی تر نا.