لە ئێستادا ڕێژەی تاوان لە باشوور زۆر بووە کوشتن و خۆکوشتنیش ڕێژەی زۆریان بەرکەوتوە

پڕوشە قەلەندەر کەسنەزانی- پارێزەری ڕاوێژکار

 

ئەنجامدانی تاوان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازەو هەروەها لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تریش جیاوازە، هەندێک جار سروشتی تاوانەکە دەبێتە هۆی دیاریکردنی پاڵنەری تاوانەکە، بەڵام دەتوانین بڵیین بە شێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی تاوانی کوشتن یان خۆکوشتن دەکرێت لە چەند خاڵیکدا کۆ بکرێتەوە لەوانە : هەژاری ، پەروەردەیی خێزانی، ماددە کحولی و هۆشبەرەکان، ژینگەی کۆمەڵگە، پیشکەوتنی تەکنەلۆجیا، جیاوازی چینایەتی و نادادی کۆمەڵایەتی  ... ئەمانە هەمووی وادەکەن کە پاڵنەرێکی سەرەکی بن بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و خۆکوشتن و بەلاڕێدا بردنی کەسەکە لە کەسێکی تەندروستەوە بۆ کەسێک کە پەنا دەبات بۆ ئەنجامدانی تاوان .

هەرێمی کوردستان لەبەريئەوەی قەوارەیەکە سەربەخۆ نیە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت هەربۆیە ئەم تاوانانە ڕوو لە زیاد بوونە چونکە دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ناسەقامگیرە و ئەو کەسانەش کە ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام دەدەن یان سەربەخۆن بێ بەرنامە لە حاڵەتی کتوپڕ توڕەیی بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا
بۆکوشتن دەبەن، یاخود بەشێوەی گروپ و باند کاردەکەن و سوودیان لەو دۆخە نا ئارامە کردووە، بەتایبەت ئەم ناوچەیە چونکە لەدەرەوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندایە و بەئاسانی ناتواندرێت ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانە ڕاپێچی دادگا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لێرەدا پێویستە هەردوو تاوانەکە ڕوون بکەینەوە بەم شێوەیەیی لای خوارەوە:
 

یەکەم- کوشتن
ئەم جۆرە لە مردن بریتییە لەو مردنەی کە مرۆڤێك هەڵدەستێ بە کوشتنی مرۆڤێکی تر بە ئەنقەست چ بە پلان بێت یان کتوپڕ بێت و لەئەنجامی کرداری بکەرەکەدا کەسەکەی بەرامبەر ژیان لەدەست بدات.

بۆچی پەنا دەبرێت بۆ تاوانی کوشتن ؟
دیارە هۆکارەکان زۆرن و جیاوازن بەڵام دەتوانین بەگشتی لەم خاڵانەدا باسی بکەین:

١- تۆڵەسەندنەوە
ئەم حاڵەتە لە مێژەوە بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن کە مرۆڤەکان پەنا نابەن بۆ یاسا و خۆیان هەڵدەستن بۆ تۆڵەسەندنەوە وەرگرتنی مافی خۆیان .

٢- بەهۆی دابەشکردنی میراتەوە
لە کاتێکدا کەسێک گیان لەدەست دەدات و میراتەکانی بە هۆی ناکۆکی زۆرەوەو بردنی بەشی یەکتر وا دەکات کە کوشتن ڕووبدات یان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی میراتەکانە بۆ ئەوەی بکوژەکە زۆرترین بەشی دەست بکەوێت.

٣- شەرەف
کاتێ بە و پارێزگاری لە شەرەف پەنا دەبەن بۆ کوشتن کە زۆربەی کات لەم حاڵەتانەدا زیانبەرکەوتووەکان ژنن، چونکە کۆمەڵگە وەک کێشەی خێزانی سەیری دەکات و بۆ گەڕاندنەوەی ئابڕووی خۆیان دەیانەوێت بەم تاوانە چارەسەری بکەن.

٤- قاچاخچێتی و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان
بەهۆی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرە نایاسایەکانەوە دووچاری حاڵەتی کوشتن دەبن ئەمەش بە هۆی ئالودەبوون و بازرگانی کردن بەم ماددانەیە .

٥-دزی کردن، بۆ ئەنجام دانی تاوانی دزی کردن ، کەسەکە هەندێک جار پەنا دەبات بۆ کوشتن بۆ ئەوەی کاری دزیەکەی ئەنجام بدات.

٦- بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە
باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە مەبەستی فرۆشتنی بەشەکانی جەستەی مرۆڤەکەوە دەیکوژن .

٧ -بەهۆی ناکۆکی و شەری کتوپر
هۆکاری ناکۆکی کۆمەڵایەتی یاخود ئابوری وا دەکات کەسەکان شەڕ بکەن لە دەرئەنجامی هەڵچونەوە یەکتر بکوژن .

٨- هەژاری و قەرزکردن
کاتێ کەسێک هەژارەو قەرزارە، ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە بە هۆی ئەم هۆکارە یان خۆی دەکوژێت یان ئەیکوژن

٩-بازرگانی بە شوێنەوارە مێژوویەکان و کاڵای بەنرخ
ئەمە لە ڕێی گروپ و باند بە ڕێگای نا یاسایی ئەنجام دەدرێت و ڕووبەڕووی ئەم تاوانە ئەبنەوە بۆ ئەنجام دانی بازرگانیەکە.

ئایا سوڵحی عەشایری چارەسەرە بۆ کەم کردنەوەی تاوانی کوشتن؟
ئاستی ڕۆشنبیری تاک و کولتووری بیرکردنەوەی کۆمەڵگەو پەروەردە کردن ڕۆڵی کاریگەرو گرنگ دەبینێت لەوەی تا چەنێک پەنا بۆ دادگا و یاسا ببرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان، بێگومان پەنا بردن بۆ سوڵحی عەشایەری دەکرێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک ناکرێت وەک چارەسەر سەیر بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن کاتێک کەسەکە ترسی لە دڵا نامێنێت و لە هەندێک حاڵەت بە پاڵەوان و ئازا سەیر دەکرێت و پشتی دەگرن و پاساو بۆ کارەکەی دەهێننەوە، ئەمە چارەسەری ناکات و وادەکات ئەو دیاردەیە ڕوو لە زیاد بوون بێت.

دووەم- خۆکوشتن
کاتێک کەسێک بڕیار دەدات بە ویست و ئیرادەی خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت ئیتر دەکرێت هەندێک جار هۆکاری نەخۆشی دەروونی بێت یان بێزاربوون بێت لەژیان یاخود ڕووداوێک لەژیانیدا بەسەری هاتووە کە لەتوانا و دەسەڵاتی ئەو کەسەدا نییە بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێت و بەناچاری بڕیاری کۆتایی هێنان بەژیانی خۆی دەدات،  ئەمەش بە شێوازی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێت، وەک "خنکان، سووتان ، کوشتن بە دەمانچە ، دەرمان خواردن، خۆ خستنەخوارەوە لەبەرزاییدا .... هتد".

بەداخەوە لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە دیاردەی باسکردن و پیشاندانی لە تیڤی و هەواڵ و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بووە بە هۆکارێک بۆ هاندانی مرۆڤەکان بۆ خۆکوشتن و پاڵنەرێکە و لە زۆربەی حاڵەتەکان دەست خۆشی یان بە ئازا و کاریکی دروست باس دەکرێت، وا دەکات ببێتە پاڵنەرێک کەسەکان پەنا بۆ خۆکوشتن بەرن، هەروەها زۆر بینینی ئەم دیمەنانە دەبێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی حاڵەتەکە لای کەسێک کە بیر لەخۆکوشتن بکاتەوەو ببێتە پاڵنەر کە مرۆڤ پەنای بۆ بەرێت و دووبارەی بکاتەوە چونکە سروشتی مرۆڤ وایە کە زۆربەی کات حەز بە چاولێکەری کەسانی تر بکاتەوە.