ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز

ڕۆزا حەمە ساڵح-نووسەر

ئەگەر هاتوو هەمیشە ڕۆڵی قوربانی ببینیت، ئەوا تۆ هێزی کەسایەتی و هەستت بە کاردەهێنیت بۆ ئەوەی بێتوانا دەرکەویت – لویز های

 

هەر مرۆڤێک، کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆی هەیە، هزر و بیروباوەر و هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی جیای دەکاتەوە لە کەسانی تر. خەسڵەتی ژنی خاوەن کەسایەتی لاواز، خەسڵەتێکی نەرێنی و ناپەسەندە، کە بەشێکی پەیوەندی بە ئاستی هۆشیاری و پەروەردەیی و ڕادەی تێگەیشتنی کەسێتییەوە هەیە، بە تایبەت نەخۆشی و هۆکارە دەرونییەکان کە لەم دۆخەدا هیچ جیاوازییەک نییە لەوەی کەسەکە پیاو بێت یان ژن. بەشەکەی تری پەیوەندی بە ژینگەوە و کاریگەرییەکانییەوە هەیە، جا ئەگەر ژینگەکە سرووشتی بێت، یان ئەو ژینگەیەی کە بە ژینگەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی ناودەبرێت، بێگومان لە نێو ئەم ژینگەیەدا نابێت باس لە کاریگەری ئەو ناوەندە نەکرێت کە مرۆڤ لە منداڵییەوە تێیدا پەروەردە بووە (ماڵ، قوتابخانە، شوێن و گەڕەک، مزگەوت، ڕاگەیاندن… هتد)، کە چۆن کاریگەری دەکاتە سەر کەسایەتی، بە تایبەت کاتێک کە پەیوەست دەبێت بە کەسایەتی ژن لە بەرانبەر پیاودا.

 

ژنان هێندەی لە ژێر کاریگەری ڕیکلام و بانگەشە ئابورییەکاندان، ئەوەندە نەکەوتونەتە ناو خەیاڵاتێک کە سود وەربگرن لەو وەرچەرخانە مێژووییەییەکان

 

جا ئەم کاریگەرییە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، ڕەنگدانەوە بێت لە ئاست هۆشیاری ئەوەی من مەبەستمە مۆدێرن بە مانا فەلسەفییەکەی نەک چاولێکردن، چونکە لە ئێستادا زۆرێک لە ژنان هێندەی لە ژێر کاریگەری ڕیکلام و بانگەشە ئابورییەکاندان، ئەوەندە نەکەوتونەتە ناو خەیاڵاتێک کە سود وەربگرن لەو وەرچەرخانە مێژووییەی کە لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بە گشتی و ژنان بە تایبەتی هاتۆتە ئاراوە.

 

گرنگە لێرەدا ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردی بگەڕێین بە دوای ئەو هۆکارانەی کە زۆر جار دەبن بە هۆی ئەوەی ژنان بەرانبەر بە پیاوان لاوازتر دەرکەون لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو گرفت و ئاستەنگانەی کە لە قۆناغەکانی ژیانیاندا دێتە بەردەمیان، هەر کات توانرا خوێندنەوەیەکی دروست بۆ کەسایەتی ژن بکرێت، ئەو کات دەتوانرێت چارەسەریش بۆ گرفتەکان بدۆزرێتەوە.

 

پێویست دەکات ژنان کەسایەتی خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن وێنای سنورێکی جیاوازی پێ بنەخشێنن بۆ هەڵسوکەوت کردنیان. زۆرن ئەو ژنانەی کە دەناڵێنن بە دەست لاوازی کەسایەتییانەوە و دەرکیشی پێ ناکەن، لە گەڵ ئەوەشدا هەندێ تایبەتمەندییان تێیدا بەدی دەکرێت، وەک سۆز و ڕەوشتی جوان.

 

لە چەند خاڵێکدا باس لە خەسڵەتەکانی ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز دەکەین (ستانداردی جیهانی دیاری کردوون)، هۆکارەکانی و چۆنێتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی.

شەرم و باوەڕنەبوون بە تواناکانیان، هۆکاری ئەوەن کە ژنان نەتوان خاوەندارێتی لە خۆیان بکەن

خەسڵەتەکانی ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز:

 

  • کەسایەتی ڕاڕا، یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز، ڕاڕایبوونە، واتا توانای بڕیاردانییان نییە لە سەر کارێک کە پەیوەندی بە خودی خۆیانەوە هەیە و چارەنووسسازن.
  • کەسایەتی سکاڵاکەر، زۆر دەڕبڕینی ناڕەزایی و سکاڵا کردن و دادوبێدادی، لە بری دۆزینەوەی چارەسەر.
  • خاوەندارێتی نەکردن لە بڕیار و کردارەکانی خود

 

شەرم و باوەڕنەبوون بە تواناکانیان، هۆکاری ئەوەن کە ژنان نەتوان خاوەندارێتی لە خۆیان بکەن،

واتا باوەڕیان بە توانا و هزر و بیروباوەڕی خۆیان نییە، ترس و شەرمکردنی ڕادە بەدەریان هەیە، ناتوانن ڕووبەڕووی کەسێک قسە و گفتوگۆ بکەن، یان لە دەرکەوتنیان شەرم دەکەن، یان هەوڵ دەدەن لە شوێنێک دەربکەون کە خەڵکی زۆری لێنەبێت.

 

  • سۆز

هاوسەنگی گرنگە لە نێوان بیرکردنەوەی عەقڵانی و کاریگەری سۆز لە سەری، هاوسەنگی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مرۆڤی خاوەن کەسایەتی بەهێز، ئەگەر هاتوو سۆز زاڵ بوو بە سەر هزر و عەقڵدا، ئەوا کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات.

 

  • لاسایکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی عەقڵانی

 

لە خراپترین سیمای ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز ئەوەیە، کە هەمیشە و لە هەموو شتێکدا چاو لە کەسانی دیکە دەکەن: لە ڕا و بۆچونییاندا، لە بیرکردنەوەیاندا، لە جل و بەرگیاندا، لە هەڵسوکەوت و جوڵەیاندا.

 

  • ئیرەیی

 

ئیرەیی هۆکارێکە بۆ دورکەوتنەوە لە خوێندنەوەی کەسانی دی و سود وەرگرتن لە بەهرە و توانای ئەوانی دیکە کە دەتوانێت بیکات بە سەرچاوەی توانستی خۆی، دەرئەنجام جگە لە شکستی کەسی، دروستبوونی ڕق و کینە و دواتر بەرتەسک کردنەوە و بچوکبوونەوەی بازنەی دۆستایەتی لێدەکەوێتەوە.

بەکارهێنانی توندوتیژی، هەڵچون و قسەی نەشیاو و شکاندنەوەیان، پێنەدانی سۆز و خۆشەویستی و پەراوێز خستنیان، هاوکاری نەکردنیان وایکردووە لە منداڵییەوە متمانە بە خۆبوونییان نەبێت

 

هۆکارەکانی کەسایەتی لاواز

 

کەسایەتی لاواز لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکار دروست دەبێت کە پێشوتر کاریگەری کردۆتە سەر کەسەکە، پێویستە ئەو هۆکارانە بزانرێت بۆ ئەوەی خودی کەسایەتی پێ بەهێز بکرێت و کاریگەرییەکی پۆزەتیفیانەی هەبێت بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست، لەوانە:

 

  • پەروەردەی ناتەندروست

هەر لە منداڵییەوە پەروەردە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەسایەتی هەبێت. زۆر لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خێزانی هەیە کە هەر لە منداڵییەوە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤ لەسەر کەسایەتی منداڵ دروست بکات.

بەکارهێنانی هەندێک شێواز و ڕەفتاری پەروەردەیی ناتەندروست لەلایەن دایک و باوکەوە بەرامبەر بە منداڵاکانیان، وەک جیاوازی کردن لە نێوان ڕەگەزیاندا، بەکارهێنانی توندوتیژی، هەڵچون و قسەی نەشیاو و شکاندنەوەیان، پێنەدانی سۆز و خۆشەویستی و پەراوێز خستنیان، هاوکاری نەکردنیان لە کاتی پێویستیدا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی هەر کارێک.

ئەمانە هەموو دەبنە هۆکاری ئەوەی کە هەر لە منداڵییەوە متمانە بە خۆبوونییان نەبێت و کەسایەتییەکی لاوازیان بۆ دروست ببێت.

 

  • هاوڕێی خراپ

هاوڕێ و ژینگە کاریگەری گەورەیان لە تەواوکردنی کەسایەتی تاکدا هەیە، هاوڕێی خراپ دەتوانیت کاریگەری نەرێنی هەبێت لە سەر کەسایەتی، هزری خراپ لە مێشکدا بچێنێت، بۆیە دەبێت بە ئاگاوە هاوڕێکان دەستنیشان بکرێن.

 

  • نەخۆشی هۆکارە بۆ لاوازبوونی کەسایەتی

هەندێک نەخۆشی هەن وەک نەخۆشی دەروونی یان نەخۆشی خەمۆکییەکان، کە بە هۆی پاڵەپەستۆ کۆمەڵایەتییەکانەوەیە کار دەکاتە سەر مرۆڤ، وا لە مرۆڤ دەکات کە باوەڕ و متمانەی بەخۆی نەمێنێت، بەڵام لە دوای چارەسەرکردن، دەکرێت بارودۆخی باش ببێت و سەر لە نوێ کەسایەتی بەهێز ببێتەوە.

ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز، دەکرێت لەلایەن هاوسەر یان خانەوادەکەی پاڵپشتی بکرێن

 

چۆنییەتی چارەسەرکردنی کەسایەتی لاواز

دەکرێت چارەسەری ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز بکرێت، لە ڕێگەی چەند خاڵێکەوە:

 

  • هاندان و پاڵپشتی کردنییان

ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز، دەکرێت لەلایەن هاوسەر یان خانەوادەکەی پاڵپشتی بکرێن، پاڵپشتی کردن بۆ هەر کارێک کە پێشوتر ڕێگە پێنەدراو بووە و لێی قەدەغەکراوە، ئیتر ئەو پاڵپشتییە ئەگەر مەعنەوی بێت (واتا بە قسەکردن لەگەڵی)، یان بە کردار و پیاهەڵداندا بێت، ئەمەش وای لێدەکات کە هەست بە بوون و هێزی خۆی بکات و بتوانێت هەنگاو بهاوێژێت بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک.

 

  • وەرگرتنی ڕا و سەرنجیان و جێبەجێکردنی فەرمانەکانییان

ئەمە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی لاواز لەلای ژنان، بۆ نموونە لە کاتی ئەنجامدانی هەر کارێک، دەتوانرێت ڕا و سەرنجییان وەربگیرێت، ئەگەر هاتوو چەند کەموکوڕییەکیش لە بۆچونەکانیاندا هەبێت، ئەوا دەتوانرێت بە شێوازییەکی نەرمونیان لەگەڵیان بدوێن و پێکەوە کارەکە بە ئەنجام بگەیەنن.

 

  • ئەرک و بەرپرسیارێتی بخرێتە ئەستۆیانەوە

ژنانی خاوەن کەسایەتی لاواز، کاتێک هەندێک ئەرکییان پێ دەسپێرێت و دەخرێنە ژێر بەرپرسیارێتییەوە، کە هەڵدەستن بەو کارانە و تێیدا سەرکەوتوودەبن، ئەمە وایان لێدەکات کە هەست بە بوون و کەسایەتی خۆیان بکەن، زیاتر پشت بە خۆ ببەستن و لەسەر پێیەکانی خۆیان ڕابوەستن و کەسایەتییان بە هێز ببێت، دەکرێت سەرنج لە سەر کارەکانییان بدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستایشی زۆر بکرێن، ئەگەر هاتوو ئەو کارانەشی کە دەیکەن وەک پێویستیش سەرکەوتوو نەبن تێیدا، ئەوا دەبێت ڕێزییان لێبگیرێت وەک لەنگییەک لێی نەڕوانرێت.