کاریگەری تێکدانی گۆیژە لەسەر تەندروستی دانیشتوانی سلێمانی

یەریڤانی شەهید شاسوار – پسپۆری لەبواری پیسبوونی هەوا و ئەندامی تیمی گۆیژە بپارێزە

 

ئەگەر تەنها لە چەند ڕوویەکی زانستیەوە لە کاریگەری تێکدانی بەرزونزمی شاخەکان لە چواردەوری شار بکۆڵینەوە ئەوا پێشبینی خراپبوون و تێکدانی ژینگە و ژیان بەڕونی تێبینی دەکرێت. ئەو شارانەی کە هاوشێوەی سلێمانی واتە هەڵکەوتی شارەکان بە شیوەیەکە پێویستی بە جوڵەی هەوا هەیە بۆ ئەوەی چڕی پیسکەرەکانی هەوا لە شارەکەدا بەرز نەبێتەوە. ئەوجۆرە هەوایەی کە لە ئەنجامی بەرزی و نزمی پەستانی هەوای شاخ و نشێوەوە دروست دەبێت دوو جۆر جوڵەی هەوای پێچەوانیە لە شەو ڕۆژدا ،ناودەبرێن بە شنەبای شاخ و شیوەکان ( mountain breeze and valley breeze ). دروست بونی شنەبای شاخ و شیوەکان ئەبێتە هۆی ڕوونکردنەوەی چڕی پیسکەرەکان و ڕاماڵینیان ئەمە لە لایەک. لە لایەکی ترەوە پرۆسەی بیناکردنی ناتەندروست هۆکاری پیسبونی هەوایە بە ڕێژەی ٢٣٪ و پیسبونی ئاو بەڕێژەی ٤٠٪ پیسبونی ئاو.

 

وە بە پێی ڕاگەیاندراوەکانی ئاژانسی پاراستنی ژینگە ڕاماڵینی چینی سەرەوەی خاک و تێکدانی سروشتی خاک هۆکارێکی ترسناکە بۆ پیسبونی ژینگە بەتایبەت پیسبونی ئاو هەوا و خاک وە ئەبێتە هۆی زیادکردنی کۆمەڵیک پیسکەری ترسناک لەوانە (یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین ، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و تەنۆڵکە هەڵواسراوەکانی هەوا و ئۆزۆنی زەمینی).

 

ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) بە بەردەوامی هۆشیاری لە سەر بەرزبونەوەی ئەو پیسکەرانە دەدات و کاریگەریان لە سەر تەندروستی مرۆڤ: کە دەبنە هۆی تێکدانی کۆئەندامی دەمار، نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسەدان ، شەکرەی جۆری دووەم و جەڵدەی دڵ و مێشک وە شێرپەنجە بە تایبەت شیرپەنجی سیەکان و خوێن.

 

لە لایەکی ترەوە تێکدانی سروشت و زیاد کردنی کۆنکریت و بلۆک دەبێتە هۆی بەرز بونەوەی پلەی گەرمی ئەمەش بەهۆی توانای شکانەوەی تیشکی خۆر( Albedo) کە توانای شکانەوەی تیشک تا زیاتر بیت و نزیک بێتەوە لە یەک واتە شکانەوەی زیاتر و کەم بونەوەی گەرمی . توانای شکانەوەی هەمو بابەتە رەنگ تۆخەکان زۆر کەمە وە توانای شکانەوە یان ئەلبیدۆی کۆنکریت ٠.٢ وە قیر ٠.٠٤ لە کاتێکدا ئەلبیدۆی زەویەکی داپۆشراو بە پاوان زۆر زیاترە بە مەش بەپێی توێژینەوەکان کۆنکریت و قیر ٤ پلەی سیلیزی پلەی گەرمیان زیاترە لە خاکی کۆکریت نەکراو. ئەگەر تەنها لەمروەوە سەیری کاریگەری تێکدانی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بکەین بۆمان دەر دەکەوێت بەرئەنجامی تێکدان و کردنی بە پرۆژەی نیشتەجێبوون چەندە لەسەر شاری سلێمانی، هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم پرۆژانە سەرچاوەی زۆر بەکارهینانی کارەبا و ئاون، ئەمەش واتا پیسکردنی زیاتر،  زۆربقونی پاشماوەی رەق و شلی چارەسەر نەکراو، زۆربوونی گازی زیان بەخشی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن، زەقکردنەوەی جیاوازی چینایەتی و زۆر خاڵی نەرێنی تر کە دەکرێت هاندەر بێت بۆ وەستانی دەستدرێژیەکانی سەر ژینگە.