نیقاب دروشمە یان جلوبەرگ

بەهار مونزیر - چالاکوانی ژنان

 

تێگەیشتنێک دەبینم چەند ڕۆژە سەبارەت بەوەی نیقاب جل و بەرگی ژنی عەرەب و عەرەبستانە. من لێرەدا دەموێت بڵێم لە ڕاستیدا لەسەردەمی ئەمڕۆی ئیمەدا (نیقاب بەرگی هیچ ژنیك نیە)، هیچ نەتەوەیەك نیە بەدیاری کراوی، بەڵكو شوناسی گروپە توندڕەوەکانە لە هەر کوێ بێت، وڵاتانی عەرەبی بێت، یان بە ڕەچەڵەك ئەوروپی بیت و باوەڕی بەو گروپە توندڕەوانە ‌هێنابیت کە نیقاب دروشمیان بێت، یاخود تاڵیبان لە ئەڤغانستان کە زوو ژنی بەم دروشمە داپۆشی کە عەرب زمان نین، یان باکۆ حەرام لە وڵاتی نێجیریا لە ئەفریقا، یان داعش لە عێراق و سوریا، یاخود گروپە ئیسلامیە توندوڕەوەکانی کوردستان بێت. من پێموایە ئەمە ئەو شوناسەیە کە ئەوان کاری بۆ دەکەن بۆ بردنەوە پێشەوەی ستراتیژی خۆیان وە جیاکردنەوەی خۆیان لە حزبە ئسلامیەکانی دیکە و هاندان بۆ داپۆشینی ژنان بە گشتی و کاری سیاسی خۆیانی بۆ دەکەن. ئەم هەوڵە بۆ پێدانی شوناسێكی نوێیە بۆ ژن کە خاڵیە لە خوبوون، بوون و شوناس.

 

بە ڕای من دروست نیە دەوتریت ئەمە بەرگی وڵاتانی عەرەبیە، ئەی ئەو ژنە خەباتگێرانەی تری وڵاتانی عەرەبی و ئەڤغانی کە خەبات دەکەن بۆ ڕزگاری ژن لە دەست گروپە دروستکراوەکان بۆ کۆیلەیەتی ژن كیێن ؟ ئەوان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بچوکردنەوەی ژن لە چوارچیوەیەکی دیاریکراودا لە ژێر عەبایەکدا بە ناوی ئازادی جلو بەرگەوە ژنیان خنکاندوە. ژنە عەرەب زمان و دارییەکان، نێجیریەکان و فارسەکان کێن و چین کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە و خەبات دەکەن بۆ خوێندن، بۆ بەشداری، بۆ بوونی شوناس و کەسایەتی. ئایا دەکڕیت شانی خۆمان بەوە خاڵی بکەینەوە هەر ئەوەندە بڵین ئەوە بەرگی ژنی کورد نیە؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەرگی ژنە ئەڤغانیەکانیش نیە.

 

مێژووی ئەم ناوچەیە شاهیدە کە نیقاب بەرەو نەمان دەچوو لە وڵاتانی عەرەب زمانیشدا هەتا لە وڵاتانی وەك خۆمادا بە ناوی پەچەوە لەناو چوو لە ساڵەکانی هەشادا. لە ڕاستیدا ئەوە گروپە گروپە توندڕەوەکانن لەم سەردەمەی ئیمەدا جاڕێكی دیکە ئەم عەبایەیان هێنایەوە کە باشترین وەسیلەیە بۆ شاردنەوەی ژن و بێدەنگکردنی ژن.

 

ژنانێكی دیکە باڵاپۆشن و پەیڕەوەی بەرنامەو ئاراستەی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و ئۆردۆغان دەکەن. ئەگەر دیقەت بدەین ئەوانیش جۆڕێك خۆیان جیادەکەنەوە بە جۆری بەستنی لەچکەکانیان و لاسایی ژنی ئۆردۆغان دەکەنەوە کە ئیخوانین، بەو هۆکارە ئەم جۆرەی دیکە لە باڵاپؤشی کۆدێکی دیکەی نوێی هەیە لەسەر تاسەری جیهاندا. ئەم دیاردانە پەیوەست نیە بە نەتەوەیەکی تایبەت، بەڵکو بەڕای من پەیوەستە بە باوەڕێکی توندڕەو کە شوناسی ژن دەشارێتەوە، هێزی لێدەبڕێت و دیخاتە خزمەتی پیاوانەوە و پیاوسالاری پێبەهێزتر دەکات.