"پێویستە گرنگی زیاتر بە ژینگەی چەمچەماڵ بدرێت"

سەبیحە ڕەشید، مامۆستا و چالاکوانی ڕێکخراوی ئایندەی ژینگەپارێز، دەڵێت: پێویستە زیاتر گرنگی بە شارۆچکەی چەمچەماڵ بدرێت، سروشت، خاک و سەرچاوەی ئاو بپارێزرێن، چیتر ژینگە نەفرۆشرێن بە داگیرکارانی خاکی کوردستان.

نیهایەت ئەحمەد

 

چەمچەماڵ- شارۆچکەی چەمچەماڵ بە یەکێک لە شارۆچەکە دێرینەکانی کوردستان و عێراق دەژمێردرێت، نزیکەی ١٠ کم لە گوندی چەرمۆوە دوورە کە بە یەکەم مەڵبەندی بە گوندبوون و مرۆڤایەتی دادەنرێت، ئەمەش بەهێزترین بەڵگەیە بۆ دێرینی ئەم شآرۆچکەیە، بەڵام لە ئێستادا ژینگەی شارۆچکەکە ڕووبەڕووی زیان بووەتەوە و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ناوچەکە کردووە.

 

سەبیحە ڕەشید، مامۆستا لە سەنتەری پاراستنی منداڵان و ئەندام لە ڕێکخراوی ئایندە بۆ ژینگەپارێزی چەمچەماڵ، سەبارەت بە پاراستنی ژینگەی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد، بە هۆی هەڵمەتە هۆشیارییەکان و دانیشتوانەکەیەوە، شارۆچکەکە پارێزگاری لێدەکرێت و ناوچەی سەوزایی فراوانتر بووە، بەڵام هێشتا نەگەشتووەتە ئەو ئاستە بەرزەی کە هەموو شارۆچەکەکە و ناوچەکانی تری سەوز بکرێت، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ کەمی ڕێژەی سەچاوەی ئاو.

 

سەبیحە ڕەشید، باسی لەوە کرد کە لەناو شارۆچکەکەدا کارگەیەکی وەها بوونی نییە کە کاریگەری تەواو لەسەر بیسبوونی شارۆچکەکە بکات، بەڵام لە دەوروبەری شارۆچکەکەدا کارگەی دیکە هەن و زەویش تەرخان کراوە تا لە ڕێگەی نێوان شارۆچکەی چەمچەماڵ بۆ تەکیە پڕۆژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە بەکاربهێنرێت.

 

"ژنان خولیای پاراستنی ژینگەیان هەیە"

ئەو چالاکوانە باسی لە پەیوەندی نێوان ژن و ژینگە کرد و وتی: ژیان بە بوونی ژنەوە جوانە، ژن لە هەر شوێنێك و لە هەر بوارێکدا بێت، ڕۆڵی خۆی هەیە بە تایبەت لە پاک ڕاگرتنی ژینگەدا، وتیشی: دەبێت بەردەوام خزمەت بە ژینگەکەمان بکەین، ئەو دار و درەختانەی کە دەڕوێنرێن دەبێت چاودێری بکرێن و لە وشکبوون بپارێزرێن، دایکان پەروەردەی منداڵەکانیان بەشێوەیەک بکەن هەستی خۆشەویستی بۆ خاک و ژینگەی وڵاتەکەیان هەبێت، ئێمە وەک مامۆستا و ژینگەپارێزێک لە کاتی وانە وتنەوە بە خوێندکارەکانمان باس لە بواری ژینگە دەکەین، چونکە وەک ژنێک هەست بەو ئەرکە پیرۆزە دەکەین، بەڵام زۆر جار ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی ئێمەی ژنان بەدەر دەبێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەست تێوەردانی دەسەڵات، حکومەت بەرنامە و پلانی یەکسانی نییە، زۆر جار گرنگی بە شارێک دەدرێت و شارێكی تر فەرامۆش دەکرێت و سیما و شێوازی شارەکە لە کۆندا چۆن بووە، بە هەمان شێوە دەمێنێتەوە، لەو ڕووەوە شارۆچکەی چەمچەماڵ تا ڕادەیەک پەراوێز کراوە.

 

"هۆشیاری بە دانیشتوانی شارۆچکەکە دەدرێت"

سەبیحە ڕەشید باسی لەوەشکرد، کە لە شاروچکەی چەمچەماڵدا چەندین ڕێکخراو هەیە کە لە رێگەی سیمینار و پانێڵەوە لە زانکۆ و خوێندگاکاندا ڕێنمایی و گۆڕانکاریەکانی ژینگە دەخەنەڕوو، وتیشی: کارمەندانی شارەوانی بەردەوام شوێنە گشتییەکان و ناو گەرەکەکان پاک ڕادەگرن و پاشماوەی خوڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە، ڕێخکراوی ئایندە کە ڕێکخراوێکی ژینگەییە، بەردەوام چالاکیمان هەیە لە خوێندنگاکاندا هۆشیاری ژینگەپارێزی بە خوێندکارەکان دەدرێت و بە شێوازی جیاواز چالاکی ژینگەیی ئەنجام دەدەین، لە پشووی هاوینیشدا چالاکیە ژینگەییەکانمان لە دامودەزگا حکومەییەکاندا بەردەوامی پێدەدەین.  

 

سەبیحە ڕەشید، مامۆستا و چالاکوانی ژینگەیی، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەگەر خاکی خۆمان خۆشنەوێت واتا ژیانی خۆمان خۆش ناوێت، ژینگە واتای ژیان و تەندروستی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە، ئەگەر ژینگەکەمان بە تەندروست و پاک ڕابگرین، ئەوا ژیانی مرۆڤەکان دوور دەبێت لە مەترسییەوە، سەرچاوەی ئاو بۆ ژیانێکی تەندروست زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە میکرۆباوی بێت و بۆ خواردنەوە نەشێت، دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زۆر نەخۆشی، پێویستە پارێزگاری لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بکرێت و بە پاکی ڕابگیرێت، هەروەها پێویستە بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بکرێت بۆ ئەوەی لە وەرزی کەم ئاویدا سودی لێوەربگیرێت، دیاردەی کەم ئاوی کەم بکرێتەوە بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، سەرچاوەی ئاو نەفرۆشرێت و خاکی کوردستان لە داگیرکار و دوژمنانی بپارێزرێت، چونکە کوردستان خاوەن خاکێکی بە پیتە و داگیرکاران بەردەوام چاویان بڕیوەتە خاکەکەمان.