"کارگەکان بووەتە هۆکاری کەمکردنەوەی پانتاییەکی فراوانی کێڵگە کشتوکاڵییەکان"

ژینۆ خالید، سەرۆکی بەشی زانستی ژینگەیی کۆلێژی زانستە ژینگەیەکانی زانکۆی سلێمانی، دەڵێت: بۆ پاراستنی کێڵگە کشتوکاڵی و دارستانەکان، پێویستە پێش دامەزراندنی هەر پرۆژەیەک ڕەچاوی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کارتێکەی ژینەگیی بکرێت.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- زیادبوونی کارگەکانی چیمەنتۆ و بلۆک لە ناوچە کێڵگەییەکان بووەتە هۆکاری لەناوچوونی پانیاییەکی زۆر لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان و زیان گەیاندن بە ژینگە، ئەمەش بە تایبەت لە ناوچەکانی نزیک لە شارەکان ڕوودەدات، زۆربەی ئەم پرۆژانە لەلایەن حزبەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئەمەش بووەتە بەشێک لە نارەزایەتی دانیشتوانی شارەدێیەکان و گوندەکان، هەروەها هۆکاری هەراسانکردنی ژیانیانە کە بە سروشتی خۆی ناگوزەرێت و سروشتی ناوچەکەیان تێکدراوە.

 

ژینۆ خالید، سەرۆکی بەشی زانستی ژینگەیی کۆلێژی زانستە ژینگەیەکانی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە بوونی کارگەی دروستکردنی چیمەنتۆ، لم، بلۆک، زیان گەیاندنیان بە ژینگە و ناوچە کێلگەییەکان، وتی: لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کەرەستە بیناسازییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زۆر بووە کە خوازیاری زۆری کۆمەڵگەی لەسەرە، بۆیە هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی پێکهاتە ژینگەییەکانە، کە خاک، ئاو، هەوا و بەروبوومە خۆراکیەکانە، هەموو ئەم پێکهاتانە باسی لێوە کرا، ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە تەندروستی مرۆڤەوە هەیە.

 

"کارگەکانی بیناسازی کار لە تێکدانی سەرچاوە سروشتیەکان دەکات"

ژینۆ خالید، باسی لەوەشکرد ئەم کارگانە کە باسمان کرد بوونیان کاریگەری لە تێکدانی سەرچاوە سروشتیەکانیش هەیە، وەک سەرچاوەی ناوچە شاخاوییەکان و دارستانەکان، کاتێک کە کارگەیەک دروست دەکرێت، هەڵبەتە پانتاییەکانی لە ناوچە داستان و کێڵگەیەکان بۆ تەرخان دەکرێت، بەو هۆیەوە کۆمەڵێک دار و درەخت دەبڕدرێتەوە و لەناودەچن، شاخێک یاخود کێڵگەیەکی کشتوکاڵیش بۆ بەدەستهێنانی ماددە خاوەکانی کەرەستەکانی بیناسازی تەرخان دەکرێت، بۆیە هەر لە سەرەتای دروستبوونی پرۆژەکەوە، کاریگەری خراپ بەجێدە‌هێڵێت، هەروەها دەرهاویشتەی پاشماوەی کارگەکان لەو ناوچە کێڵگەییەکان، هۆکاریی ترە بۆ پیسبوونی ژینگە بە گشتی.

 

 "هەموو وڵاتێک دەبێت ئاسایشی خۆراکی بۆ دەستەبەر ببێت "

ژینۆ خالید ئاماژەی بەوەکرد، کە هەموو وڵاتێک ئاواتی ئەوەیە کە ئاسایشی خۆراکی بۆ دەستەبەر ببێت لە رێگەی پاراستنی ناوچە کێڵگەییەکان، وتیشی: هەر وڵاتێک بیەوێت ناوخۆی ناوچەکەی خۆی تۆکمە بکات، بۆ ئەوەی لە هیچ بارودۆخێکی سیاسی وڵاتەکەی نەکەوێت، پێویستە سەرەتا ژێرخانی کشتوکاڵی پتەو بکات، لێرەدا دەبێت هەموو کەسێک کاتێک ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری وڵات دەبێتەوە، کە قەیرانی ناوخۆیی و جەنگ و پێکدادانی سیاسی بێت، یاخود تووشی کارەساتێکی سروشتی بێت، ناتوانێت بە بێ ئاو و خواردن بژی، چونکە یەکێک لە سەرمایە گرنگەکانی کۆمەڵگە کشتوکاڵە.

 

لە دێژەی قسەکانیدا ژینۆ خالید، باس لە چۆنیەتی پاراستی ناوچە کێڵگەییەکان و کەمکردنەوەی کارگەی پێکهاتە بیناسازییەکان دەکات و وتی: هەر پرۆژەیەکی وەبەرهەمهێنان دادەمەزرێنرێت، بەرنامەیەک هەیە پێی دەوترێت "پرۆسەی کارتێکەری ژینگەیی" لە ڕێی ئەم بەرنامەیە هەڵسەنگاند دەکرێت، ئایا تا چەند دامەزراندنی پرۆژە وەبەرهەمهێنانەکان پێوستە کاری بۆ بکرێت؟ و بۆچی مەبەستێک بکرێتەوە؟ هەر لە ڕێی هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانەوە کاریگەرییە خراپەکانی کارگەکان کە دروست دەکرێت و کارتێکەرییەکەی لەسەر تێکدانی خاک، ئاو و کێڵگە کشتوکاڵییەکان دەخرێتەڕوو، ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە وادەکات کێشەکانی دامەزراندنی پرۆژەکان دەست نیشان بکات، بۆیە پێویستە پێش دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەک بە بێ ڕەچاوکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کارتێکەری ژینگەیی نەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لە کاتی ڕێگەدان بە هەر پڕۆژەیەک، پێویستە ساڵانە چاودێرییان هەبێت و تازە بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە بڵاوبوونەوەی کێشە و نەخۆشییە ژینگەییەکان.

 

هەر لە درێژەی قسەکانی مامۆستای زانکۆی کۆلێژی ژینگەیی باسی چارەسەرەکانی پاراستی ژینگەی کرد، وتی: پێویستە لایەنی بەرپرس زیاتر چاودێری ئەو ناوچە هەستیارانە بکات، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە کارگەی دروستکردنی کەرەستەی بیناسازییەکان بوونی هەیە، وتیشی: دەبێت سیاسەتی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەوە بێت، کە سەرچاوە کشتوکاڵیەکان لە پاراستندا بێت، لە هەمان کاتیشدا بە پێی یاسا و ڕێنمایی دابەزێنرێتە سەر ئاستی سیاسەت دامەزرێنەر و باڵادەستەکان، تاک و کۆمـەڵ بە شێوەیەکی گشتی، لەبەر ئەوەی هەر کەسێک ڕێنماییەکانی یاسا و ڕێساکانی بینی، ئەوکات دەتوانرێت لەڕێگەی دادگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانەدا بکرێت، چونکە سەرپێچی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبووە.