دارستانەکانی زاگرۆس بە مەبەستی بازرگانی وتێکدانی سروشت کاول دەکرێن

کەسانی قازانجخواز لەناو جووتیاران و ڕەنجەران و بازرگانان بۆ سێ مەبەستی جیاواز دەستیان کردووە بە وێرانکردنی دارستانەکە و ئەم دیاردەیە خەریکە تەشەنە دەکات.

دەریا داودی

 

سەردەشت- لەناوبردنی سیستماتیکی ژینگە لەلایەن دامودەزگا حکومی و ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت، لە ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەستەکان لە دارستانەکاندا بە هۆکاری ئەمنی و سەربازییەوە تا دەگاتە ئەو گەندەڵییە ئیدارییەی ئێستا، کە بووەتە هۆی هەڵکەندنی بیرە بەربڵاوەکان و بازرگانیکردن بە دارە قاچاخەکان و ڕاوکردنی نایاسایی و هتد.، هەر لە دەستکاریکردن و تێکدانی ژینگە لەگەڵ دروستکردنی بەنداو و دانانی مین، تا دەگاتە سووتاندنی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکان و ئاوی پیسی پیشەسازی، ئامانج لێی تێکدان و زیانگەیاندنە بە سروشتی زاگرۆسی لانکەی مرۆڤایەتی.

 

نابێت چاوپۆشی لە وێرانکردنی ژینگە لە لایەن خودی خەڵکیشەوە بکرێت، کۆمەڵگەی کوردستان لە کولتووری چەند هەزار ساڵەیدا بە شێوەیەکی سروشتی و لە نزیکەوە لەگەڵ ژینگەدا ژیاوە، هەمیشە ژینگەی بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی خۆی بەکارهێناوە، بەڵام بەشێوەیەک کە لەناوی نەبردووە و هەمیشە دەرفەتی زیندووبوونەوەی بە ژینگە داوە. سەرەڕای بەکارهێنانی دار بۆ سووتەمەنی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، لە چەند هەزار ساڵی ڕابردوودا، خودی دارستانە چڕەکانی زاگرۆس بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە زانیویانە چۆن بەکاری بهێنن و ئەم ژیانە سروشتییە هەرگیز نەبووەتە هۆی لەناوچوون و وێرانبوون.

 

بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی تەشەنەکردن و زاڵبوونی کولتووری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و قازانجپەرستی بازاڕەوە، شاهیدی دیاردەی وەک لەناوچوون و خراپ بەکارهێنانی ژینگە بووەتەوە، کە بەتەواوی لەگەڵ ڕابردووی ئەم خاکەدا ناکۆکە، لەم دواییانەدا دیاردەی وشککردنەوەی دارەکانی زاگرۆس لەلایەن کەسانی قازانجخوازەوە بۆ چەند مەبەستێک تەشەنەی سەندووە، کە ئەمەش مایەی سەرسوڕمانە، ئەو وێنانەی دەیبینن دارستانەکانی دەوروبەری گوندی پارستانە لە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستا، کە قازانجخوازان گەڵای نزیکەی ٤٠ نەمامیان بڕیوە و وشکیان کردووەتەوە.

 

یەکێک لە ئامانجەکانی وشکردنی دارەکان و بڕینەوەیان گۆڕینی زەوییەکەیە بۆ زەوی کشتوکاڵی، کە ئەم کارە زیادی کردووە و لەناو نابەرپرسیارێتی و سەرپەرشتینەکردنی دامودەزگاکانی حکومەتدا خەریکە بەربڵاو دەبێتەوە، ئامانجێکی دیکەی ئەم قازانجخوازانە بریتییە لە وشککردنەوە و سووتاندنی دار بەڕووەکان، بە مەبەستی گۆڕینی بۆ خەڵوز و فرۆشتنیان لە بازاڕدا. هەروەها گەڵای دارەکان دەبڕدرێنەوە، بە مەبەستی ئامادەکردنی عەلوە و خۆراک بۆ ئاژەڵداری کە زیاتر لەلایەن شوان و مەڕدارەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم دۆخە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە تێکدانی ژینگە بەربڵاو بووە و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە وەک جووتیاران، ڕەنجەران، کاسبکاران و بازرگانەکان هۆکاری ئەم تێکدانەن.

 

لەم کارەساتانەدا بڵاوبوونەوەی کولتووری بازاڕ و بەهای ئاڵوگۆڕەکان و دابەزینی بەهای ئەزموونی بە باشی خۆیان نیشان دەدەن. لە کۆمەڵگەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، مرۆڤ لەبری بەکارهێنان و ئەزموونکردنی چێژی شتەکان، بیر لە بەهای ئاڵوگۆڕکردنی ماددی دەکاتەوە، لەم ڕوانگەیەوە بەهای هەر شتێک لە بازاڕدا دیاری دەکرێت و ئەگەر توانا و خواستی ئاڵوگۆڕکردنی لە بازاڕدا هەبێت ئەوا بەنرخە، ئەگەرنا هیچ بەهایەکی تر بۆ شتەکان دانانرێت، مرۆڤی خاوەن بیرکردنەوەیەکی وا تەنها بیر لە قازانجی کەسیی خۆی و ئەو سوودە دەکاتەوە کە ژینگە دەتوانێت بۆی هەبێت لە بازاڕی ئاڵوگۆڕ و قازانجخوازدا.

 

سەرەڕای چالاکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە ناحکومییە ژینگەپارێزەکان و نۆژەنکردنەوە و بوژانەوەی کولتووری کۆنی ئیکۆلۆژی و ژینگەپارێزی کوردستان، سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە دیاردەیە لە کوردستان جێگەی نیگەرانییە. لەناو نابەرپرسیارێتی و سەرپەرشتی نەکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بوونی گەندەڵی سیستماتیکی لەم سیستمەدا، تاکە ئومێدێک بۆ ژینگەی ئەم خاک و زاگرۆسە جوانە، پارێزەران و خۆشەویستانیەتی، چالاکوانان کەمترین ئاسانکارییان بەکارهێناوە و بە پشتبەستن بە هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆ، توانیویانە زیاتر و زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردانەدا بکەن و پارێزگاری لە ژینگە بکەن.