"پرسی ژینگە دەبێت بکرێتە پرسێکی پەروەردەیی"

ساڵانە ئاماریی سووتانی دارستان و شاخەکان بەردەوام لە زیادبوندایە، سووتانەکان بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەگێڕدرێتەوە، بەڵام هەبوونی سیستمی سەرمایەداری و حکومڕانی ناتەندروست هۆکاری سەرەکی سووتانی دارستانەکانن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ جیهان بەدەست گرفتە ژینگەیەکانەوە دەناڵێنێت، زۆربوونی ڕێژەی دانیشتوان یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نی‌یە لەو کێشە ژینگەیانەی ڕوبەڕووی جیهان بووەتەوە، سووتانی دارستان و شاخەکان کێشەیەکی ژینگەیە و ماوەی چەندین ساڵە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنووریەکانی باشووری کوردستان دەبێتەوە، لە ڕێگەی بۆردوومانکردنی ناوچە سنوریەکان لەلایەن داگیرکەرانی کوردەوە بەردەوام لەهەوڵی تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی کوردستاندان، هەروەها سیستمی سەرمایەداری هۆکارێکی دیکەی لەناوبردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانە، سووتاندن و لەناوبردنی شاخەکان و بنیادنانی چەندین پڕۆژە بە بیانووی سووتانی ناوچەکە، ژینگەی هەرێمی کوردستانی شێواندووە.

 

نوژنها بەشێک لە سووتانی دارستان و پووش و پاوانەکان بەم شێوەیە دەخاتەڕوو؛

- بەهۆی بۆردوومانەکانی ناوچە سنوریەکانەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بە ئامانجی جینۆسایدکردنی ژینگەی باشووری کوردستان، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ٥٨ هەزار دۆنم و دارستان سووتێندراوە.

 

 - بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی هەولێر، لە ١ی کانوونی دووەم تا ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤دا، ٤٠٧ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەولێر کەوتووەتەوە.

 

هەروەها بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی تەنها لە مانگی حوزەیراندا، ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە بەمشێوەیە بووە؛

-لە ٣ی حوزەیراندا، لە شارۆچکەی دوکان ئاگر دەکەوێتەوە بە نزیکەی ١٠ دۆنم زەوی دەسووتێت.

-٦ی حوزەیران لە هەر سێ ناوچەی سنوری گەورەدێ لە شارەدێی ئاغجەلەر، گوندی باراو و گوندی هورمزیار و کانی شایە و قوشقایە ئاگر کەوتەوە.

 

-لە ٩ی حوزەیراندا لە سێ ناوچەی جیاواز ئاگر دەکەوێتەوە، سنوری گوندی چنگیان، ٥٠ دۆنم زەوی لە دار و رەز و باخی هاوڵاتیان دەسووتێت، هەروەها لە شارەدێی بەرزنجە بە نزیکەی ٢٠ دار دەسووتێندرێت، هەروەها لە گوندی گۆخڵان سەر بە شارەدێی گەرمک، زیاتر لە ٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی سووتا.

-لە ١٠ی حوزەیراندا، لە سنوری گوندی سۆتکە لە سنوری ئاغجەلەر، ئاگر دەکەوێتەوە و ١٠٠ دۆنم زەوی دەسووتێت.

 

-١١ی حوزەیران، لە گوندی بایز ئاوا و گاپیڵۆن ئاگر کەوتووەتەوە، بە نزیکەی ٣٠٠٠ دۆنم پووش و پاوان و ٤ دۆنم ڕەز و بای هاوڵاتیان سووتاوە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، ئاگری بەرفراوان لە سنوری گوندەکانی چنگیان، کانی دڕکە، عازەبان و نۆدێ کەوتەوە، ٥٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان ڕەز و باخی هاوڵاتاین سووتا.

 

-لە ١٣ی حوزەیراندا، لە سێ ناوچەی جیاواز ئاگر تەشەنەی سەندووە، لە سنوری گوندی نۆدێ سەر بە شارەدێی سیتەک بەهۆی ئاگرەکەوە ٥ دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتا. لە سنوری دەربەندیخان بە هۆکاری نادیار، نزیکەی ٢ دۆنم زەوی لە پووش و پاوان سووتا. لە سنوری دۆڵی دووکانیان و گوندی وێڵە، سەر بە شارەدێی عەربەت، زیاتر لە ٢٠ دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانەکان سووتان.

 

-لە ١٧ی حوزەیراندا، لە دوو شوێنی جیاواز ئاگر کەوتەوە، لە گوندی زێ لە سنوری شارەدێی زەلان بە هۆکاری نادیار نزیکەی ٢٥٠ دۆنم لە پووش و پاوان و داری ناوچەکە سووتا، هەروەها لە سنوری مێرگەپان ئاگر کەوتەوە بە نزیکەی ٥ دۆنم زەوی و ٥٠ داری سروشتی سووتێندرا.

 

-٢١ی حوزەیران، دوو ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە ڕوویدا، لە سنوری شارۆچکەی چوارتا لە گوندی دێگەڵ ئاگر کەوتەوە، زیاتر لە ١٥٠ دۆنم زەوی جوتیارانو سووتا. سنوری گوندەکانی وێڵەکە و دەربەندفەقەرە لە سنووری ناوچەی عەربەت ٥٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان و زیاتر لە ١٢٠ دار سووتێندرا.

 

-٢٢ی حوزەیران، دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە کەوتەوە، لە سنوری گوندی دەرگەزێن بە نزیکەی ١٠ دۆنم لە پووش و پاوان و گەنمی جوتیاران سووتا. سنوری گوندەکانی کڵاشکەران و بیبی جەک، ٥٠٠ دۆنم لە دارستان و گەنمی جوتیاران سووتا.

 

-٢٣ی حوزەیران، چوار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویدا، لە سنوری گوندەکانی پێنجوێن گوندی شابا و ئەحمەد کلوان بە نزیکەی ٢٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان و گەنمی جوتیاران سووتا. هەروەها لە ئەنجامی ئاگر لە سنوری شارەدێی عەربەت ٥٠ دۆنم لە پووش و پاوان سووتا. ئاگر لە گوندی میرزا ڕۆستەمی بچووک) سەر بە شارەدێی خدران دەکەوێتەوە و لە شاخی میریاسی و نەوتی شیوی قازی و فەقیرە لە سنوری قەرەداغ، بە نزیکەی ٢٠ دۆنم زەوی سووتا.

 

-٢٤ی حوزەیران، لە شارەدێی پیرەمەگرون، ٢٠ دۆنم لە پووش و پاوان سووتا.

-٢٥ی حوزەیران، لە سنوری گوندی بزێنیان، بە نزیکەی ١٠٠ دۆنم لە بەروبوونی جوتیاران بە هۆکاری نادیار سووتا.

 

-لە ٢٦ی حوزەیراندا، سێ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە کەوتەوە، لە گوندی خرایەی سەر بە شارەدێی عەربەت، بە نزیکەی ٦٠ دۆنم لە پووش و پاوان بە هۆکارێکی نادیار سووتا. هەروەها ئاگر لە سنورەکانی گوندی مۆرتەکە و بریم ئاوا) کەوتەوە، بە نزیکەی ٤٥٠ دۆنم لە پووش و پاوان و گەنمی هاوڵاتیان، بە هۆکاری نادیار سووتا. لە سنوری گوندەکانی ئاخجەلەریش ئاگر کەوتەوە، بە نزیکەی ٢٥٠٠ دۆنم لە دارستان و گەنمی جوتیاران سووتا.

 

"سووتاندنی دارستان و پووش و پاوان دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژینگە و ماددە ئەندامییەکانی خاک"

بەسۆز بەکر عەلی، ژینگەپارێز و جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی لاهایی بۆ جینۆساید، باس لەوە دەکات، بەهۆی چڕی دانیشتوانە بەردەوام ژینگە لە پیسبووندایە، بۆ بەردەوامیمان لە ژینگەیەکی تەندروستدا پێویستە پارێزەری سروشتی ناوچەکە بین، سووتانیش هۆکارێکی تری پیسبوونی ژینگەیە و دەشڵێت: سووتانی دارستان و ناوچە سنوریەکان تەنها زیان بە درەختەکان ناگەیەنێت، بەڵکو چینەکانی خاک و زیندەوەر و مشەخۆرەکانیش زیانیان بەردەکەوێت، لە پاڵ ژیانکردنی مرۆڤ لەسەر زەوی زیندەوەر و مشەخۆرەکان و تەواوی گیانلەبەران ژیان دەکەن، بۆیە مرۆڤ بەرپرسی یەکەمە لە پاراستنی تەواوی گیاندارانی دیکە.

 

ئەو ژینگەپارێزە، وتی: سووتاندنی دارستان و پووش و پاوان دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژینگە و ماددە ئەندامییەکانی خاک، پاش سووتانی خاک کاری سەوزکردن و بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ ماوەیەکی سەوز نابێت، لە سووتانی تەنێک پووش و پاوان شەش کیلۆ نایترۆجین و سێ کیلۆ فۆسفۆڕ و ٢٥ کیلۆ پۆتاسیۆم دەدەرچێت، هەروەها لە دوای سووتان زەویەکە ڕەق دەبێت و ناتواندرێت زەوی شێی هەوا دروست بکات .

 

"پێویستە هۆشداری بدرێت بە جوتیاران لە دوای تەواوبوونی کارەکەیان پووش و پاوان نەسووتێنن"

بەسۆز بەکر عەلی، ژینگەپارێز، ئاماژەی بەوەکرد، سووتانی ناوچەکان پێویستی بە ئۆکسجین و ماددە و گەرمی هەیە، لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە، هۆکاری سووتانەکانیش دەگێڕدرێنەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، دەڵێت: کاتێک ماددەیەک یان شوشەیەک فڕێ دەدەینە باخێکەوە کارلێک لەگەڵ وزەی خۆردا دەکات، پاشان تەنها پێویستی بە گەرمیەکی کەم دەبێت بۆ دروستکردنی ئاگر و لەو ڕێگەیەوە ناوچەکانی پووش و پاوان و دارستانەکان دەسووتێت، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەدا دەبێت دروستبێت، ژینگە موڵکی گشتییە و هەموو تاکێک بەرپرسە لە تێکچوونی ژینگە، دەبێت هۆشداری بدرێتە جوتیاران کاتێک بەروبوومەکانیان دەچننەوە، لە دوای خۆیان پووش و پاوانەکانی نەسووتێندرێن، چونکە لە دوای سووتان زەویەکە زیانی پێدەگات، بەڵام دەتوانن زەویەکانیان بکێڵن تا ماددە ئەندامیەکانی زیاتر ببێت.

 

"تێکدانی سیمای شاخەکان لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە مەرامی تایبەتی لە پشتەوەیە"

بەسۆز بەکر عەلیی ژینگەپارێز، لە بارەی زیادبوونی هەواڵەکانی سووتاندنی شاخەکان لە ڕاگەیاندنەکانە تەنها وەک هەواڵێک باس دەکرێت و ئەنجامی نابێت، وتی: کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار لە بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی تاوانی سووتانی ناوچە دارستانیەکان، هۆکاری زیادبوونی تێکدانی ژینگەیە، کاتێک دارێک دەڕوێندرێت دەستخۆشی دەکرێت بەڵام کاتێک دارێک دەسووتێندرێت کەم کەس سزایان بۆ دەربچێت، هەروەها نەبوونی یاسایەکی تۆکمە و مامەڵە نەکردنێکی دروست لەگەڵ پرسی ژینگەدا، هۆکاری ئەم قڕکردنانەی ژینگەن.

 

ئەو ژینگەپارێزە دەڵێت: هەبوونی ئەو پڕۆژانەی لە ناوچە شاخاویەکاندا ئەنجام دەدرێت زیانێکی گەورە بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت، سەرمایەداران شاخەکان داگیر دەکەن بۆ مەرامی تایبەتی و کارەکانیان تەنها سودمەندی کۆمەڵێک کەس دەبێت، دەیانەوێت سیمای شارەکان جوان بکەن دەتوانن لە دەشتایەکانەوە دەستپێبکەن، نەک شاخەکان لەناوببەن، ماوەی چەندین ساڵە حکومڕانی کوردیمان هەیە دەتواندرا پڕۆژەی سەوزکردن ئەنجام بدەن بەڵام مەبەست و ئامانجیان وێرانکردنی ناوچەکانە.

 

لە کۆتایدا بەسۆز بەکر عەلی ژینگەپارێز وتی: پێویستە پرسی ژینگەیی بکرێتە پرسێگی گرنگ لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها پرسە ژینگەییەکان لە خوێندنگە و لایەنە پەروەردەیەکان گرنگی تەواوی پێ بدرێت، چونکە هەموو تاکێک بەرپرسە لە پیسبوون و خاوێنی ژینگەی کوردستان، پێویستە دایکان و باوکان هەوڵی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بدەن لە پرسە ژینگەیەکاندا تا بتوانین نەوەیەکی جوان و ژینگەیەکی تەندروستمان هەبێت.