کشتوکاڵی عێراق: پێویستە زیاتر ١٥ ملیار نەمام بچێندرێت تا سنوورێک بۆ بە بیابانبوون دابنرێت

ڕووبەری سەوزایی لە عێراق لە ٤٥٪ەوە بۆ ١٧٪ کەمی کردووە، وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت: پێویستە زیاتر ١٥ ملیار نەمام بچێندرێت تا سنوورێک بۆ بە بیابانبوون دابنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانکارییە خێراکانی کەش و هەوا، هاوکات کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و بێ پلانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بوونەتە هۆکاری ئەوەی بەبیابانبوون لە عێراق خێراتر ببێت، بەشێوەیەک ساڵانە ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی دەبنە بیابان و قەیرانی ئاویش وایکردووە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەڕێژەی ٥٠٪ کەمببنەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کاریگەری زۆری لەسەر عێراق هەبووە، بەشێوەیەک پێنجەم وڵاتە، کە زۆرترین زیانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهانیی لەسەرە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش "فاو"، ئێستا تەنها ٨ هەزار و ٢٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ڕووبەری عێراق دارستانە، کە دەکاتە ٢٪ـی کۆی ڕووبەری وڵاتەکە.

 

ئەندامێکی ڕێکخراوی "عێراقێکی سەوز" هۆشداریدا لەوەی، ڕووبەری سەوزایی لە ٤٥٪ ەوە بۆ ١٧٪ کەمبووەتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، دیارترینیان کەمی ئاو، گرنگی نەدانی هاوڵاتییان بە کشتوکاڵ و ناوچە سەوزاییەکان، کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدار و حکومییەکان.

 

لەو بارەیەوە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جەختدەکاتەوە کە وڵاتەکە پێویستی بە چاندنی زیاتر لە ١٥ ملیار درەخت هەیە تا سنوورێک بۆ بەبیابانبوون دابنرێت، هاوکات پسپۆڕانیش پێیان واتە، کە بوژاندنەوەی دارستانەکان و چاندنی ئەو ڕێژە درەختە دەکرێت هاوکاربێت لە گێڕانەوەی هەوا و ژینگەیەکی پاک بۆ عێراق.