زنجیرە ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانەکان زیانی لە دارستانەکانی سەردەشت داوە

ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانەکانی دارستانەکانی سەردەشت کە یەک لە دوای یەک ڕوویانداوە، زیانێکی قەرەبوو نەکراوی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.

سەردەشت

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دارستانەکانی زاگرۆس ڕووبەڕووی قەیرانی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو بوونەتەوە کە ناوچە جیاجیاکانی گرتووتەوە، لەوانە شارەکانی سەردەشت، پاوە، مەریوان و چەندین ناوچەی دیکە، ئەم ئاگرکەوتنەوانە نەک هەر زیانێکی قەرەبوو نەکراوەی بە ژینگە گەیاندووە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی قوڵی لەسەر ئابووری و بژێوی خەڵکی ناوچەکە هەیە

 

ئاگرکەوتنەوە لە شاری سەردەشت

دوێنێ، ٢٢ی حوزەیران، شاری سەردەشت سێهەمین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی لە ماوەی سێ ڕۆژی یەک لە دوای یەکدا بەخۆیەوە بینی، ئەم ئاگرکەوتنەوانە چەندین هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی نزیک لە گوندەکانی ماولو، هورمزئاباد و حەمرانی کردووەتە خۆڵەمێش، بەهۆی ڕاددە و توندی ئاگرکەوتنەوەکانەوە، هێزە جەماوەرییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز بە هەوڵی بێ وەستان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانەیان داوە.

 

هەوڵی هێزە جەماوەرییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز

بە هەوڵی ماندوو نەناسانەی هێزە جەماوەرییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز، ئەم ئاگرکەوتنەوانە کۆنتڕۆڵ کران، یەکێک لە شایەتحاڵەکان ڕایگەیاند: "ئەگەر هێزە جەماوەرییەکان و تیمی ئاگرکوژێنەوە بە خێرایی دەستوەردانیان نەکردایە، ئەوا ئەم ئاگرکەوتنەوانە بۆ بەشە سەرەکییەکانی دارستانەکان بڵاودەبوونەوە و زیانی زیاتری دەگەیاند"، ئەم هەوڵانە هاودەنگی و پابەندبوونی خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکانی ناوچەکە نیشان دەدات.

 

ڕۆڵی هۆکارە مرۆییەکان لە ئاگرکەوتنەوەکاندا

مەهسا ش. چالاکوانی ژینگەپارێز وتی: ئەم ئاگرکەوتنەوانە بەڕێکەوت نەبوون، دانیشتوانی ناوچەکە و شایەتحاڵانیش چەندین جار باسیان لەوە کردووە، کە ئەم ئاگرکەوتنەوانە بەهۆی کەسانی نەناسراوەوە بووە.

 

بارودۆخی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوەی ئاگرەکان

بە گوێرەی ڕاپۆرتە کەشناسییەکان، گەرمای زۆری هەوا و بای بەهێز لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا هۆکار بووە بۆ پێشکەوتنی خێراتری ئاگرەکە، ئەم بارودۆخە هەواییە نەک هەر کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی قورستر کردووە، بەڵکو بووەتە هۆی زیادبوونی زیانەکانیش.

 

پێویستی ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پەروەردەیی

بە لەبەرچاوگرتنی زیانە بەرفراوانەکانی ئاگرکەوتنەوە، پێویستی بە ڕێکاری خۆپارێزی و پەروەردەیی بۆ کەمکردنەوەی ڕوودانی ئەم ڕووداوانە زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت، بەرەوپێشبردنی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە و بەهێزکردنی کەرەستە و هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە و پاراستنی زیاتری ناوچە دارستانەکان، لەو ڕێکارانەن کە پێویستە لە بەرنامەی کاردا بن. هەروەها پەرەپێدان و جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕاهێنان بۆ کۆمەڵگە ناوخۆییەکان سەبارەت بە شێوازەکانی خۆپاراستن لە ئاگر و وەڵامدانەوەی خێرا لە کاتی قەیرانەکاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.