ژنێکی فەڵەستینی لە بارودۆخێکی سەختدا منداڵی بوو

لە یەکێک لە پەناگە تاریکەکانی غەززە، شادیە نەمر لە ژێر بارودۆخێکی سەخت و نامرۆڤانەدا منداڵی بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە چاودێری پزیشکی و پێداویستی سەرەتایی بۆ ژنان بەردەست نییە.

 

نەغم کەراجە

 

غەززە- لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا، ئازارەکانی ژنانی فەڵەستینی لە زیادبووندایە بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی شەڕ و گەمارۆدان دەبنەوە و تێکۆشان بۆ مانەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەکەن.

 

"بەهۆی بۆردوومانەکانەوە خێزانەکەی لەدەستداوە"

شادیە نەمر، تەمەنی ٣٠ ساڵە و دووگیانە بە منداڵی چوارەمی، کاتێک ئاگری شەڕ لە کەرتی غەززە هەڵگیرسا ئەو بە خەیاڵیدا نەدەهات برسێتی و نەبوونی کەرەستە سەرەتاییەکان ڕووی تێبکات، بەهۆی نەبوونی پێداویستی هاوژینەکەی بڕیاریدا پۆشاک بۆ منداڵەکانی بهێنێ، لەوکاتەدا دۆخەکە خراپتر ببوو، هاوژینەکەی چووە ماڵە وێرانەکەی بۆ دەستەبەرکردنی جلوبەرگ بۆ منداڵەکانی، بەڵام لە کاتی چونیان هاوژینەکەی و سێ منداڵەکەی لەیەک کاتدا کوژران.

 

منداڵی لە ژێر بۆردومان و گەمارۆداندا بوو

دوای لەدەستدانی خێزانەکەی، هەستی بە ئازاری منداڵبوون دەکرد، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان خزمەتیان تێدا نەمابوو و هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگرییان لە جووڵەکرد، هەرچەندە ئەو ژنە دۆخەکەی قورس بوو، بەڵام نەیتوانی دەستی بگات بە هیچ نەخۆشخانە و پێداویستییەکی پزیشکی بۆیە لە ژوورێکی تاریکی نەگونجاودا بە هاوکاری چەند ژنێکی دیکە منداڵی بوو، تەنانەت هیچ جۆرە کەرەستەیەک نەبوو ناوکی منداڵەکەی پێ ببڕن، ئەمەش ژیانی یەکێکە لەو ژنانەی بە دەست خراپی دۆخی غەززەوە دەژین.

دوای منداڵبوون، شادیە نەمر ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ بووەوە، لەوانە ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر غەززەدا سەپێندرا، کە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و دەرمانی سەرەتایی کرد، دابینکردنی شیر و پێداویستی پێویست بۆ منداڵەکە بووە کارێکی ئەستەم، تەنانەت ناوەندە پزیشکییەکانیش نەبوو بۆ ئەوەی کوتان و چاودێری منداڵەکە بکەن.

 

"ڕۆژانە بە دوای سەلامەتی و خۆراکدا دەگەڕام"

شادیە نەمر ئاماژەی بەوەکرد، لەژێرفشاری ئەو گەمارۆیەدا، دەستکەوتنی خۆراک و ئاوی پاک ئەستەم بوو، ئەمە جگە لەوەی بارودۆخی ژیان لە کامپەکاندا خراپبوو، سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نەبوو، وتی: من تێدەکۆشم بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵە تازە لەدایک بووەکەم، زۆر هەوڵدەدەم منداڵەکەم پاک ڕابگرم و چاودێری سەرەتایی بۆ دابین بکەم، لە کاتێکدا من بەدەست بەدخۆراکی و فشارەوە دەناڵێنم و شوێنی نیشتەجێبوونەکەم بە پێی پێویست نییە.

 

کاریگەری دەروونی لەسەرە

ئازارەکانی ڕۆژانە کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی و جەستەیی لەسەر شادیە نەمر دروست کردووە، لەدەستدانی لەناکاوی خێزانەکەی، ترسی بەردەوامی بۆردومانکردن و بێبەشکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، هەموو ئەو هۆکارانە بوون کە قورسایی لەسەر ئەو ژنە دروست دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی فشاری دەروونی.

بانگەوازێک بۆ کردەوەی خێرا

چیرۆکی شادیە نەمر، تەنها چیرۆکێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستی ژیانی ژنانە لە غەززە، هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە.