کاری ژنان لە گوند و شاردا جیاوازە

شێواز و سروشتی کاری ژنان لە گوندەکان جیاوازە لەوەی لە شاردا هەیە، لە گونددا ژنان پشت بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن، لە کاتێکدا لە شاردا هەلی کاری جیاوازیان لەبەردەستدایە، لەوانەش لە بواری پیشەسازی یان بازرگانی.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ژنانی گوندنشین لە کارەکانیاندا پشت بە کەرتی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبەستن، ئەمەش بە دیارترین سەرچاوەی داهات دادەنرێت، ژنان هەوڵی تەواوی خۆیان لە پێناو دەستەبەرکردنی بژێوی خێزانەکانیان و سەربەخۆیی دارایی دەدەن، هاوشێوەی ئەو کارە جۆراوجۆرانەی لە بوارە جیاوازەکاندا لەبەردەستی ژنانی شاردایە.

 

هەرچەندە زۆرێک لە ژنان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر دەچنە شار، بەڵام ژنانی گوندنیشین سەرەڕای سەختی کار و داهاتی کەمیان، مانەوەیان لە گوند پێباشترە.

 

ژیانی شارەکان لە زۆر ڕووەوە جیاوازە لە گوندەکان، شار بە چڕی دانیشتوان، بەردەستبوون و پشتیوانی کەرتی پەروەردەیی، تەندروستی و کار دەناسرێتەوە، بە ناوەندی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنان و بازاڕکردن دادەنرێت و بوونی کارگە و وۆرک شۆپەکانی پیشەسازی و بازرگانی ژنانی تێدایە، هەلی کاری زۆر بۆ ژنان دەڕەخسێنن، ژنان لە ڕووی ماددیەوە سوودی زیاتر دەبینن بەرامبەر بە کارکردنی ژنان لە ناو گوندەکاندا، چونکە لە گونددا کەرتی کارکردنی تایبەت بە ژنان نییە، هەروەها پشت بە یەک کەرت دەبەستن، ئەویش کشتوکاڵە.

 

"ژنان لە هەر کوێ بن کار دەکەن بەڵام لە گوندەکان کارەکانیان سەختترە"

هیلالە دیری، یەکێکە لە ژنانی گوندی حەویجە حەسەن لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە زەویە کشتوکاڵییەکاندا کار دەکات و وتی: ژیانی ژنانی گوندنشین سەختە، تەنها بۆ دەستکەوتنی داهات پشت بە کشتوکاڵ دەبەستین، بۆیە ئێمە شەو و ڕۆژ کار لەسەر کشتوکاڵ دەکەین، ئێمە پشت بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەش دەبەستین، گۆزە لەسەر سەرمان هەڵدەگرین و هەموو ئەم ئەرکانە دەکەونە سەر شانی ژنان، لە ڕاستیدا ئەگەر بەراوردی کاری ژنان لە گونددا بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە کار و هەوڵی ژنانی گوندنشین زیاترە و دوو هێندەترە بە بەراورد بە کاری ژنان لە شارەکەدا.

 

دەربارەی کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، کە تەنها کارە بۆ ژنان لە گوندەکان بۆ ئەوەی داهاتی خۆیان بەدەست بهێنن، دەڵێت: ژنان کار دەکەن و بەردەوامن لە کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، لە دانانی تۆوەوە دەست پێدەکات لە خاک و ئاودانیان، بە درێژایی ساڵ بە تایبەت لە زستاندا هەندێک جۆری سەوزە و میوە دەچنن، هاوینیش بە دروێنەکردنی بەرهەمی گەنم و جۆ بەسەر دەبەن، سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و ماندووبوونە، داهاتی کارکردن لە بواری کشتوکاڵدا زۆر کەمە بە بەراورد بەو ماندووبوونە و کاتێکی زۆر کە لە ژێر تیشکی خۆردا کار کردن، ژنان مووچەیەکی کەم وەردەگرن کە پێداویستییەکانی ماڵ و پێداویستییەکانی خێزانەکە پڕ ناکاتەوە.

 

هیلالە دیری، کارەکانی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بە کولتوورێک دەزانێت، سەرەڕای ماندوێتی و سەختییەکان تا ئێستاش پارێزگارییان لێدەکات و شانازی بە کارەکانیەوە دەکات، دەشڵێت: من دڵخۆشم و شانازی بە کارەکانمەوە دەکەم چونکە ئەوە دەمگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی تەمەنی گەنجیم، هەرچەندە زۆرینەی ژنان پێیان باشە لە شاردا بژین و لە پرۆژەی تایبەتدا کاربکەن، من پێداگرم لەسەر مانەوەم لە گونددا، چونکە من کە لەدایک بووم  لە باوەشی سروشتدا پەروەردە بووم، هەرگیز ناتوانم بەبێ ئەو بژیم.

 

"بواری کارکردن بۆ ژنانی شار زیاترە"

عالیە دەروێش، ژنێکی تەمەن ٤٧ ساڵە لە کارگەکانی قوتوکردنی ئاوی کانزایی لە شاری ڕەققە کار دەکات، سەبارەت بە جیاوازی کاری ژنان لە شارەدا دەڵێت: سروشت و شێوازی ژیانی ژنانی گوندنشین جیاوازیەکی ڕیشەیی لەگەڵ ژیانی ژنانی شارەکە ئاسان و سادەترە.

 

دەربارەی جیاوازی سروشتی کارکردن لە نێوان شار و گونددا، جەختی لەوەکردەوە، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەو کارانەی کە ژنان لە گوند و شاردا ئەنجامی دەدەن، لە شاردا چەندین وۆرک شۆپی تێدایە، لەوانەش چنین، پیشەسازی، کارگەی بازرگانی کە ژنان دەتوانن تێیدا کار بکەن، جگە لەو پڕۆژە تایبەتانەی کە خۆیان دەتوانن بەڕێوەی بەرن، بەڵام لە گوندەکاندا بواری کار تەنها لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا کۆبووەتەوە.

 

عالیە دەروێش دەربارەی هەلی کار بۆ ژنان لەناو شاردا ڕوونیکردەوە، زۆر بواری کارکردن، پڕۆژە و کارگەی ژنان لەناو بازاڕەکانی شارەکەدا هەیە، کە هەلی کارێکی زۆر بۆ ژنان دەڕەخسێنن و دەتوانن لە ڕێگەیەوە داهاتێکی باشیان دەستبکەوێت.