پەیام ئیبراهیم مێژووی پێشەنگانی کورد بە گەنجان ئاشنا دەکات

پەیام ئیبراهیم نووسەرە و بەرهەمێکی ساڵی ٢٠٢٣ی نووسینەوەی ژیاننامەی تێکۆشەرانی ژنە، بە شێوەیەکی چیرۆک ئامێز بۆ منداڵان، دەشڵێت: ئەمە کارێکی زەحمەتە لەناو کۆمەڵگەدا، چونکە گرنگی نادرێت بە بابەتی گەنجان و پەراوێزخراون.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ئەزموومەکانی ژن لە چوار پارچەی کوردستان کە هەر پارچەیەک بە تایبەتمەندی خۆیەوە پەرەی سەندووە، خاڵی هاوبەشی ڕەنگدانەوەی بەشداری و ناسنامەی ژنان لە سیاسەتدا دەردەخات، ژنانی کورد خاوەن سەرەتایەکی گرنگ بوون لە ئاڕاستەکردنی بەشداریکردنی ژنان بۆ بوارەکانی سەربازی، سیاسی، پەوەردە، ئابووری، کولتووری، هونەری و وێژەیی، دیبلۆماسی، ڕاگەیاندن و چاپەمەنی و هەمیشە ژنانیش پەرەیان بە توانایی خۆیان داوە.

 

پەیام ئیبراهیم، نووسەر و چالاکوانی ئەدەبیاتی منداڵان، لە ڕێگەی نووسینەوەی ژیاننمانەی تێكۆشەرانی ژن لە شێوازی چیرۆک ئامێزدا، منداڵام ئاشنای تێكۆشان و خەباتی ژنان دەبن، ئەو لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە، دەرچووی بەشی ژمێریارییە، لە منداڵییەوە هۆنراوەی نووسیوە و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستی کردووە بە نووسین، گرنگی بە بواری منداڵان دەدات و چیرۆک دەنووسێت، خاوەنی شەش پەرتوکی چاپکراوە بۆ منداڵان لە شێوەی چیرۆک.

 

پەیام ئیبراهیم، چالاکوانی ئەدەبی، باس لە سەرەتای دەستپێکی نووسین دەکات و وتی: سەرەتا چەند بەرهەمێکم وەک چیرۆکێک بۆ منداڵان نووسیوە و تاکو ئێستا لە کتێبخانەکاندا هەیە، ساڵی ٢٠٢٣ ڕۆمانێک بۆ گەنجان نووسیوە، کە ئەمە کارێکی زەحمەتە لەناو کۆمەڵگەدا، چونکە گرنگی نادرێت بە بابەتی گەنجان و پەراوێزخراون، لەو سۆنگەیەوە بە پێویستم زانی کە بابەتێکم هەبێت بۆ ئەو تەمەنە.

 

پەیام لە کۆتا بەرهەمیدا دەستی کردووە بە نووسینەوەی مێژووی سەد ساڵەی کورد بۆ منداڵان و گەنجان بە شێوەی چیرۆک ئامێز.

 

"نووسەرانی ژن بەدەرنەبوون لەو بەربەستانەی کە کۆمەڵگە دروستی کردوون"

پەیام ئیبراهیم وەک نووسەرێکی ژن ئەو بەربەستانەی باسکرد هاتووەتە ڕێگەی و وتی: "کۆمەڵگە هەر کارێک کە ڕۆڵی ژن تیایدا سەرکەوتوو بێت ڕێگری بۆ دروست دەکات، هەندێک قۆناغی پێشکەوتنمان بەخۆمانەوە نەدیوە کە ژن وەکو پێویست کار بکات، هەمیشە بەربەستی بۆ دروست دەکەن، ناتوانێت دونیای مرۆڤایەتی ببینێت و خۆی پێش بخات"،  وەک خۆیشی دەڵێت، بە هێز و ئیرادەوە بەرەنگاری ڕێگرییەکان بووەتەوە، توانیویەتی وەک ژنێک زاڵبێت بەسەر ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستیەدا، ئەویش بە تەرخانکردنی کات بۆ کارەکانی و پلاندانان بۆ هەر ئامانجێک کە دەیەوێت، وتیشی: هەر ژنێک بیەوێت ئامانجێك بە دەست بهێنێت، ئەوا دەتوانێت بەربەستەکان تێپەڕێنێت و لە داهاتوودا ژنێكی بە جەرگ و بەتوانای لێ دروست ببێت، هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری بکات.

 

"نووسەران دەبێت زیاتر گرنگی بە پەروەردەی منداڵان بدەن"

نووسەر و چالاکوانی ئەدەبی، پەیام ئیبراهیم هەمیشە بەردەوامیداوە بە تواناکانی لە پاڵ ئەرکی ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا بەدەر لەوە ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵانی کۆمەڵگەکەی لە ئەستۆ گرتووە، ئامانج لە نووسینەکانی خزمەتکردنە بە کۆمەڵگەکەی و زیندووکردنەوەی مێژووی گەلەکەیەتی بە گێڕانەوەی چیرۆکی سەرکەوتنەکانی ژنە تیکۆشەرانی نیشتمانەکەی، کە بە وزەیەکی بەهێزتر ئەوە بخاتە بەر گوێی منداڵان کە خاوەنی شکۆیەکی بەرزن و دەبێت ئاشنای مێژووی گەلەکەی خۆیان بن و شانازی پێوە بکەن.

 

پەیام ئیبراهیم، کە خاوەنی چەندین پەرتوکی چیرۆکە، کۆتا بەرهەمی پەرتوکی "٢١ تیشکی خۆری کوردستان"ە، چیرۆکی پاڵەوانەکانی کوردە و پەیام لە بەرگێکی پەرتوکەکەیدا ژیانی ٢١ پێشەنگی باس کردووە.

 

پەیام ئیبراهیم، باسی لەوەشکرد، لە ئایندەدا چەند پڕۆژەیەکی نووسینی دەبێت، کە لە ئێستا سەرقاڵی نووسینەوەی ژیاننامەی شاعیرە کۆنەکانی کوردە، بە شێوەی چیرۆک پێشکەشی منداڵانی بکات، وەک ژیاننامەی نالی، سالم و مەحوی...هتد، هەروەها بە دواداچوون دەکات بۆ کۆکردنەوەی ژنی نووسەر، ئەدیب، گۆرانیبێژ تا لە دوو توێی پەرتوکێکدا وەک ٢١ کەسایەتی دیکە لە شێوەی چیرۆکدا بیخاتە بەر دیدی منداڵان و گەنجان.