کرێی دامەزراندن؛ بە تایبەت بۆ کەسانی ناوخۆیی لە کۆماری ئیسلامیدا

کۆماری ئیسلامی ئێران بە دامەزراندنی ئەندامانی بنەماڵەی گیان لەدەستداوان وابەستەی خۆی "بنیادی شەهید" و پێدانی دەستمایەی تایبەت بووەتە هۆی نایەکسانی کار و کەمبوونەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان و بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی.

مەهتاب شەریفی

 

ورمێ- کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕاکێشان و سەقامگیرکردنی پێگەی خۆی، هەموو ئەندامانی بنەماڵەی گیان لەدەستداوان لە پێناو وڵاتەکەدا، وابەستەی خۆی "بنیادی شەهید"ی دامەزراندووە و سیاسەتی تایبەتی دامەزراندنی جێبەجێ کردووە، کە ئەم دامەزراندنە بەربڵاوە ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و جگە لە بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی، کەسانی ناشایستە دەخاتە پۆستی هەستیارەوە کە دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیان بخاتە مەترسییەوە.

 

لە ئێران زۆربەی ئەو ژنە گەنجە دەرچووانەی بە هیوای دۆزینەوەی کارێکی گونجاو خوێندوویانە، بێکارن یان لە کارەکانی وەک سکرتێری و فرۆشتن بە مووچەی کەم و بارودۆخی نالەبار کار دەکەن، لە کاتێکدا هەموو ئەو هەلی کارانەی کە لە شارەزایی ئەو گەنجانەدایە، دەدرێتە ئەو کەسانەی کە وابەستەی ڕژێمن و دەستمایەی تایبەتیان هەیە.

 

پرۆسەی دامەزراندن و مەرجەکانی

ڕژێمی ئێران بە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندی تایبەت بۆ منداڵانی ئەو کەسانەی لە پێناو وڵات گیانیان لەدەستداوە و لایەنگری حکومەتن، نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیان لە بنەماڵەکانی بنیادی شەهید بەشدار بوون و زیاتر لە ٣٠ هەزار هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندرا بە بێ هیچ کێبڕکێیەک، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە تاقیکردنەوە هاوشێوەکانی تردا کە کراوەن بۆ هەموو کەسێک، کەمتر لە یەک لەسەر دەی بەشداربووان دەرفەتی دامەزراندنیان هەیە.

 

یەکێک لەو مەرجانەی کە بۆ "بنیادی شەهید و پێشمەرگە دێرینەکان" لەبەرچاو گیراوە، نەبوونی سنووری تەمەن و تەنانەت ئەگەری بەشداریکردنی کەمئەندامان لە تاقیکردنەوەکەدایە، سەرسوڕهێنەرێکی دیکەی ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوەیە، کە ئەگەری دامەزراندنی کەسانێک هەیە کە توانای خوێندنەوە و نووسینیان نەبێت، بۆ سەرجەم داواکارانی نەخوێندەوار، ئیدارەی دەزگای شەهید دیپلۆمی فەخری دەرکردووە.

 

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکان

ئەم ئیمتیازە تایبەتانە دەبێتە هۆی نایەکسانی لە هەلی کاردا و مافی ئەو کەسانە پێشێل دەکرێت کە بەبێ ئەو ئیمتیازانە و پشت بەستن بە تواناکانیان بەدوای پۆستی دامەزراندندا دەگەڕێن، ئەم بابەتە بە تایبەتی لای دەرچووانی زانکۆ هەست پێدەکرێت کە زۆر ماندووبوون بۆ چوونە ناو بازاڕی کارەوە، زۆرینەی دەرچوانی زانکۆ بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆراوە ئەگەری دامەزراندن و هەلی کاریان نزیکە لە سفرەوە، بەڵام ئەو کەسانەی خاڵی تایبەتیان هەیە بە ئاسانی و گرەنتی دامەزراندنیان بۆ دەکرێت.

 

لایەنی ئابووری

دامەزراندنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئیمتیازەکانیانەوە دامەزراون و نەک توانا ڕاستەقینەکانیان، دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی کوالیتی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش نەک هەر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ئابووری، بەڵکو تێچووی زیادە دەسەپێنێت، کە بریتین لە تێچووی گشتی و گەنجینەی، لەگەڵ ئەم دۆخەدا دۆخێک دێتە ئاراوە کە ئەو مووچەیەی دەبێت بدرێت بە کەسێک کە کاری بەسوود دەکات و زۆر ماندوو بووە بۆی، دەدرێتە کەسێک کە بەبێ ماندوو بوون گەشتووەتە ئەو پۆستە.

 

ڕەگ و ڕیشەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دامەزراندنی بنیادی شەهید

ڕژێمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات هێزی ناوخۆیی لە ئیدارە و ڕێکخراوە حکومییەکان دابمەزرێنێت و بپارێزێت، ئەم سیاسەتانە دڵنیای دەدەن لەوەی کە کەسانی دڵسۆز بۆ ڕژێم لە پۆستە سەرەکییەکان دادەنرێن، بەمەش کۆنترۆڵ و کاریگەریی ڕژێم لە ڕێکخراوە حکومییەکان بەهێزتر دەبێت و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان و ڕووبەڕوو بوونەوەی داواکارییە ڕەواکانیان ئاسانتر دەبێت.

 

سەمیرە.م.، یەکێک لە کارمەندانی یەکێک لە فەرمانگەکانی ورمێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: ئەو کەسانەی بە ئیمتیازی بنیادی شەهید دامەزراون، بەزۆری لە ئاسوودەترین پۆستەکاندا دادەنرێن و تەنانەت سادەترین ئەرکەکانیش بە باشی ئەنجام نادەن، سەرۆکی دەستەکانیش ناتوانن ڕەخنەیان لێ بگرن، چونکە دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای شەهید بە توندی پشتیوانیان دەکەن، هەروەها ناکرێت هیچ بەڕێوەبەرێک دەریان بکات، تەنانەت ئەم کەسانە بە ئاسانی پلەیان بەرز دەکرێتەوە بۆ پۆستی بەڕێوەبەرایەتی، هەروەها مووچەیان زیاترە لە فەرمانبەرانی دیکە و تەمەنی خانەنشینییان ١٠ ساڵ کەمترە، واتە ئەگەر پێویست بکات ٣٠ ساڵ کاربکەم پێش ئەوەی خانەنشین ببم، کەسێک کە بە ئیمتیازاتی بنیادی شەهید دامەزرا بێت، زۆرترینی ٢٠ ساڵ کار دەکات و ئەوەش بە ئیمتیازاتی مۆڵەتی تایبەت و ئاسانکاری کارکردن دادەنرێت.

 

فریشتە. س،  پەرستار لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، دەڵێت: لە کاتی تاقیکردنەوەی وەرگرتن، پلەی ئەو کەسانەی کە نمرەی بنیادی شەهیدیان هەبوو، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوو و دەیانتوانی پزیشکی، پەرستاری، پزیشکی ددان و دەرمانسازی بخوێنن، تەنانەت لە کاتی خوێندنیشدا ئیمتیازی تایبەتیان پێدرا و ئەو کەسانەش کە توانای خوێندەواری تەواویان نییە، دوای تەواوکردنی خوێندن لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن و هەڵەی گەورە دەکەن کە ژیانی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە.