زیاتر لە هەزاران ژن لە عەفرینی داگیرکراو ڕفێندراون

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سووریا ڕایگەیاند لانیکەم ٩٩ ژن کوژراون و زیاتر لە هەزار ژن لە عەفرین ڕفێندران کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە داگیرکراوە.

 

ناوەندی هەواڵ- ئەندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سووریا بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە تاوانەکانی دژ بە ژنان لە شاری عەفرین بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە.

لە بەیاننامەکەدا کە لە کامپی سەردەم بڵاوکرایەوە لەلایەن هەیهان عەلیەوە خوێندرایەوەو ئاماژە بەوە کراوە کە دوای داگیرکردنی عەفرین، ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تاوانێک بوونەتەوە.

 

"دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە تاوانەکانی"

هەیهان عەلی وتی: سەرەڕای داوای دیموکراسی و یەکسانی، هیچ شتێک نەماوە جگە لە تاوان دژی ژنان لە عەفرین، لە جەنگەکانی مەنگۆل، تاتاران بە درێژایی مێژوو تاوانی لەو جۆرەیان ئەنجام داوە لەوانە کۆمەڵکوژی، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی. بەپێی ماددەکانی ٦-٧-٨ی پەیماننامەی بنەڕەتی ڕۆما، ئەم تاوان و پێشێلکارییانە دەکەونە پۆلی تاوانی جەنگ و تاوانەکانەوە،سەرەڕای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە تاوانەکانی دژی ژنان و منداڵان.

 

"٩٩ ژن کوژراون"

هەیهان عەلی، ئاماری تاوان و پێشێلکارییەکانی لە عەفرین بەم شێوەیە خستەڕوو:

زیاتر لە هەزار ژن ڕفێندراون و چارەنووسی زۆرێکیان ڕوون نییە.

٩٩ ژن کوژران؛ ٩ کەس لە بارودۆخێکی نادیاردا خۆیان کوشت.

٧٤ ژن رووبەڕووی توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە.

 

"دەبێت دەوڵەتی تورک ناوچە داگیرکراوەکان بەجێبهێڵێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا هەیهان عەلی داوای لە هاوڵاتیان کرد کە هەنگاو بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکان و وتی: وەک چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان داوا لە هەموو ڕێکخراوە یاسایی و مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ژنان دەکەین پابەند بن بە پابەندبوونە ئەخلاقی و یاساییەکانیانەوە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە دژی هەموو هاوڵاتیانی ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجام دەدرێن لە باکوورەوە تا باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. بە تایبەتی تاوانەکانی دژ بە ژنان و منداڵان و تاوانباران سزا بدرێن، فشار بخرێتە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ئەوەی لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بکشێتەوە و کۆچبەران بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان و پشتیوانی ماددی و مەعنەوی بکرێت.