خوێندکارانی ئێران لە بەشەناوخۆیی زانکۆکان بێبەشدەبن

خوێندکارانی ئێران لە دۆخێکی دژواردان بەهۆی ئەوەی لە بەشە ناوخۆییەکان بێبەشکراون، خوێندکاران توانای دابینکردنی کرێی بەشە ناوخۆیی تایبەت و خانوویان نیە.

ئیلام

 

یەکێک لە خوێندکارانی قوتابخانەی ڕاهێنانی تەکنیکی پیشەیی کچانی ئیلام باس لەوە دەکات کە بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە خوێندکاران بەشەناوخۆیی زانکۆیان بە تێچوویەکی کەم پێدەدرا، ئەمساڵ ڕاگەیەندراوە کە بەشەناوخۆییەکان نادرێت بە خوێندکارانی وەرزی سێیەم و چوارەمی خوێندن.

 

ئەو خوێندکارە ڕایگەیاند: "ئێمە خوێندکاری وەرزی سێیەمین و بە گشتی ١٣٠ خوێندکار دەبین کە ئێستا لە زانکۆی حکومی "قوتابخانەی ڕاهێنانی تەکنیکی پیشەیی کچانی ئیلام" دەخوێنین، ئاگاداریان کردینەوە کە ئەمساڵ بەشەناوخۆییمان بۆ تەرخان ناکرێت!، ئەگەر ئەمە جێبەجێبکرێت، دەبێت خانوو بەکرێ بگرین یان بچینە بەشەناوخۆیی تایبەت، بەڵام خوێندکاران توانای دابینکردنی ئەو تێچووەیان نیە و ناچاردەبن واز لە خوێندن بهێنن، یان دەبێت فشار بخەینە سەر خێزانەکانمان بۆ ئەوەی پارەی کرێی خانوو یان بەشەناوخۆیی تایبەتمان پێبدەن."

 

هەروەها ئەو خوێندکارە باسی لەو زیان و گرفتانەی کرد کە بەهۆی نەبوونی بەشەناوخۆیی زانکۆ خوێندکارەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە: " گرانیی تێچووی کرێی خانوو یان بەشەناوخۆیی تایبەت کە بۆ خوێندکارە کچەکان سەلامەت نیە، وا دەکات زۆرێک لە خێزانەکان ڕێگریمان لێبکەن لە درێژەدان بە خوێندن، یان خۆمان ناچار دەبین واز لە زانکۆ بهێنین و لەژێر فشاردا درێژە بە خوێندن بدەین."

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە بەرپرسیارییەتی کارگێڕی زانکۆ لە دەرکردنی ئەو بڕیارە وتی: "ئێمەی قوتابیان چەند جارێک نامەمان نووسی و گەیاندمانە بەرپرسی زانکۆی تەکنیکی ئیلام و لە ناڕەزایەتیی خۆمان ئاگادار کردنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک نەبووە و هیچ وەڵامێکمان پێ نادەن، ئێستاش کە بەدواداچوونیان کردووە، دەڵێن ئێمە بەشەناوخۆییەکمان بۆ ئێوە ڕێکخستووە و بڕیارەکە بە شێوەیەکە کە دەبێت مانگانە ٤٥٠ هەزار تومەن بۆ هەر کەسێک بدەین کە بۆ خوێندکاران بڕێکی زۆرە و توانای دابینکردنیان نیە."