سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا: تورکیا وڵاتێکی مەترسیدارە

سەرۆکى سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی مەترسیدارە و داوا لە میدیاکار و ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی دەکات، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن.

 

ناوەندی هەواڵ- فرانک ئۆبەرال، سەرۆکی گشتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا، کە بە دی جەی ڤی، ناسراوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەبارەی سەرۆک کۆمارو ئاکەپەی دەسەڵاتدار وتار یان بابەتی ڕەخنەگرانەیان لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکردووەتەوە، پێویستە خۆیان لەو وڵاتە بە دوور بگرن، چونکە تورکیا وڵاتێکی مەترسیدارە و داوا لە میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان دەکەین، گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن.

ڕاشیگەیاند، گۆکای ئەکبولوت، پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لە سەرەتای مانگی ئابدا بۆ ماوەیەکی کورت لە تورکیا دەستگیرکراوە و ئیدانەى ئەو کارە دەکەین ،تاکڕەوی ئەردۆغان جارێکی دیکە نیشانی دا، ئەوانەی ڕەخنەیان لێ دەگرن وەک چەکدارانی بەرھەڵستکار مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ھەر دەرفەتێکی لێھەڵکەوێت ڕاستەوخۆ ستەمیان بەرامبەر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر پارێزبەندیی پەرلەمانتارێک نەتوانێت ڕێگریی لە دەستگیرکردنی بکات، کەواتە مەترسییەکە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان زۆر زیاترە.