یونسێف: لانیکەم ٣٢ هەزار منداڵ لە پێکدادانەکاندا ڕفێندراون

یونسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە زیاتر لە ١٢٠ هەزار منداڵ کوژراون و برینداربوون، ٣٢ هەزار منداڵیش ڕفێندراون.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" پێش کۆنگرەی نێودەوڵەتی پاراستنی منداڵان لە جەنگەکانی ئۆسڵۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، ئاماژە بەوەکراوە، زیاتر لە ١٢٠ هەزار منداڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە ناکۆکییە چەکدارییەکانی سەرانسەری جیهاندا کوژراون.

 

٣٢ هەزار منداڵ ڕفێندراون

یونسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە لانیکەم ١٠٥ هەزار منداڵ لەلایەن هێزە چەکدارەکان یان گروپە چەکدارەکانەوە بەکارهێنراون یان ڕاستەوخۆ لە جەنگدا بەکارهێندراون، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لانیکەم ٣٢ هەزار منداڵ ڕفێندراون و زیاتر لە ١٦  هەزار منداڵیش ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە، زیاتر لە ١٦ هەزار هێرش کراوەتە سەر ئەو قوتابخانە و نەخۆشخانانەری کە منداڵیان تێدا بووە.

 

"لەوانەیە ژمارەی ڕاست زۆر زیاتر بێت"

بەپێی ئەو داتایانەی کە لە زیاتر لە 30 شەڕ لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین بەدەست هاتوون، ڕووداوەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی دژ بە منداڵان دەتوانرێت دیاری بکرێن و ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر بێت بەهۆی هێرشە ڕاپۆرتنەکراوەکانەوە، بەیاننامەکە هەروەها زانیاری پێشکەش کردووە کە ملیۆنان منداڵ ئاوارە بوون، هاوڕێ و کەسوکاریان لەدەستداوە، یان لە دایک و باوک و کەسوکاریان جیاکراونەتەوە.

 

"هەموو شەڕێک دژی منداڵانە"

کاسرین ڕوسێل، بەڕێوەبەری یونسێف وتی: پێویستە لە سەرانسەری جیهاندا کاری بەهێزتر بکرێت بۆ پاراستنی زیاتری منداڵان لە جەنگەکاندا، لە کۆتاییدا هەر جەنگێک لە دژی منداڵانە.