هاوسەرۆکانی هەدەپە ئەرکی خۆیان ڕادەست دەکەن

پەروین بوڵدان و میتحەت سەنجار هاوسەرۆکانی هەدەپە ڕایانگەیاند، پڕۆسەی ڕەخنەگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە و ڕایانگەیاند کە نابنە کاندیدی هاوسەرۆکایەتی لە کۆنگرەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەروین بوڵدان و میتحەت سەنجار میوانی پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵی مێدیا هابەر بوون، باسیان لەوەکرد، پڕۆسەیەکی گرنگی هەڵبژاردن ئەنجامدرا، هەمیشە ئەم هەڵبژاردنەمان بە هەڵبژاردنێکی مێژوویی زانیوە و قۆناغێکی هەڵبژاردن بوو کە چارەنووسی تورکیای دەگۆڕی.

 

شکستی هەدەپە نییە

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک حزبێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان هەڵسەنگاند و وتی: نەگەیشتینە ئامانجەکەمان، بێگومان ئەمە شوێنێکە بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆ، ئێمە درکمان بەوە کرد کە پڕۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردنمان بە باشی بەڕێوەنەبردووە، دەستمان بۆ کەسانی دیکە نەبرد جگە لە کەسانی خۆمان و خۆمان بەهێز نەکرد، بۆ نموونە نەبوونی نوێنەرایەتی ئەرمەن و ئێزدی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کەموکوڕییەکی گەورەیە.

 

پەروین بوڵدان بیری هێنایەوە کە ڕۆژێک دوای هەڵبژاردن ڕایانگەیاند کە کۆنگرە دەبەستن و وتی: لەبەرئەوەی نەگەیشتینە ئامانجەکەمان، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بۆردەکانمان هەبوو و بڕیارماندا کە کۆنگرە ببەستین، لە هەموو ئاستەکانی ئەمەدا لە خەباتدا هەرچییەک بێتە سەرم ئامادەم، ڕەخنەکان بە جددی وەردەگرم و نابم بە کاندیدی هاوسەرۆکایەتی لەم کۆنگرەیەدا، شانازی دەکەم کە ئەم ئەرکە ڕادەست بکەمەوە، هەروەها بەشداری هیچ خەباتێکی میکانیزمەکانی بڕیاردان نابم لە کاتی پڕۆسەی کۆنگرەدا، بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە کە لێپرسینەوە لەو بوارەدا لەگەڵم بکرێت، من واز ناهێنم و هەرچی بکەوێتە سەر شانم جێبەجێی دەکەم، ئێمە حسابی خۆمان دەدەینە دەوروبەرمان و ژنان و ئەمەش بەلای منەوە گرنگترینە.

 

"هەموو شتێکیان کرد بۆ نەهێشتنی سیاسەتی دیموکراسی، بەڵام شکست نەبوو"

مەتحەت سەنجار ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئەو دەنگانەیان بەدەست نەهێناوە کە دەیانویست لەگەڵ پارتی چەپی سەوز بەدەستی بهێنن، وتیشی: دەتوانین بڵێین ئێمە سەرنەکەوتین، بەڵام ئەمە شکست نییە، ئەوان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ نەهێشتنی سیاسەتی دیموکراسی، بۆیە چوونە ناو خودی هەڵبژاردنیش شتێکی زۆر گرنگە، ئێمە ئەمەمان شکاند و چووینە ناو هەڵبژاردنەوە، بینیمان کە خەباتکاری کۆمەڵگەییمان ماوەیەکی زۆرە لاوازن، بینیمان کە ڕێکخراو و ناوەندەکانمان لە پەیوەندیکردنیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام بە خەڵک و کۆمەڵگەوە لە ئاستی هەڵبژاردندا نەبوو، بینیمان کە کەموکوڕی لە کارکردنی میکانیزمە ناوەندییەکانماندا هەیە، ئێمە کێشەمان لە هاوسەنگکردنی خەباتی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی نێوان پەرلەمان بە زیهنەوە هەیە.