لە ئێران ئەو ژنانەی بەرامبەر بە بارودۆخی زیندان ناڕەزایەتی دەردەبڕن ئەشکەنجە دەدرێن

زیندانیانی ژن لە زیندانی وەکیل ئاباد لە شاری مەشهەد بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی زیندان ئەشکەنجە دراون و سزا دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

زیندانیانی ژن لە زیندانی وەکیل ئاباد لە شاری مەشهەدی ئێران ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بارودۆخی زیندان، ڕاگەیەندراوە لە ئەنجامی کاردانەوەی زیندانییەکان بە توندی دەستوەردان کراوە و ژنە زیندانییەکان دەستبەند کراون بە جێگاکە و لەلایەن ئیدارەی زیندانەوە ئەشکەنجە دراون.

 

بە پێی زانیارییەکانی بنەماڵەی یەکێک لە زیندانییانی زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەد؛ زیندانیان دوو جار ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بارودۆخی خراپی زیندانەکەم کاتێک یەکەم ناڕەزایەتی هاتە ئاراوە، لەسەر ڕێنمایی بەڕێوەبەری زیندان لەلایەن پاسەوانانەوە توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر کراوە و لەلایەن نەخۆشخانەی زیندانەوە چارەسەر نەکراون، لەئەنجامی چالاکی دووەمدا، لانیکەم بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر دەرگای قاوشەکانی زیندانییە ژنەکان داخران و لە ئەنجامدا چوونە ژوورەوە بۆ حەمام و نەخۆشخانەکان قەدەغە کرا، جگە لەوەش سزای دیسپلین بەسەر بەشێک لە زیندانییەکاندا سەپێندرا و مافی دیدار و پەیوەندیکردنیان لێسەندرایەوە.

 

هەروەها بە فەرمانی ئیدارەی زیندانەکە، کۆمەڵێک زیندانی ژن گوازرانەوە بۆ ئیدارەی ئاسایش که بنکەی ئەشکەنجەدانی زیندانەکەیە، لێرەدا دەست و قاچی ژنان بە سەر جێگاکە بەسترابووەوە، باس لەوە کرا کە ئەو ژنانەی بەم شێوەیە ئەشکەنجە دراون تەنها دەستێکیان بۆ خواردن کراوە بووە،هەروەها باس لەوە کراوە کە ژنانی ئەم قاوشە ناچار بوون بەردەوام حەبی خەوتن بخۆن.