ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت ماوەی ١٠ ساڵە وەک ڕاهێنەر کار دەکات

شادان یەکێکە لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی کار دەکات و فەرمانبەرە، ماوەی ١٠ ساڵە وەک ڕاهێنەری دروومان بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت وانە دەڵێتەوە، پێی وایە ژنان پێویستە ڕەنج بدەن و نەوەستن لە هەوڵدان و قسەی کۆمەڵگا کاریان تێنەکات.

شنیار بایز

سلێمانی- شادان مەحمود، خاوەن پێداویستی تایبەتە و ماوەی ٢٣ ساڵە کاردەکات وەک فەرمانبەرێک، ماوەی ١٠ ساڵیشە لە پەیمانگای هانا وەک ڕاهێنەر کاردەکات، کە پەیمانگایەکی تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی وەک "بیرکۆڵ، نابیست، داون و ئەو خاوەن پێداویستیانەی جەستەیی نین بەڵکو پەیوەندیدارن بە مێشکەوە"، ئەم خاوەن پێداویستیانە لەم پەیمانگایە فێری چەندین کاری جۆراوجۆر دەکرێن و پەروەردە دەکرێن و چەندین ڕاهێنەریان هەیە.

شادان مەحمود وەک ڕاهێنەری بەشی دوورمان کاردەکات و ڕۆژانە کاتەکانی لەگەڵ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە بەسەردەبات، هەروەها لە ڕێکخراوی "یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان" هەفتەی دوو ڕۆژ کاردەکات.

 

"کارەکەی خۆمم خۆشدەوێت چونکە خزمەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەم"

شادان مەحمود ئاماژەی بەوەدا دڵخۆشە بە کارەکەی و خۆشی دەوێت، چونکە خزمەت بە چینێک دەکات هەمان گیروگرفتیان هەیە کە شادان خودی خۆی تێدایە، "هەرکات فێرخوازەکانم دەبینم زیاتر هێز دەدەمە بەر خۆم بۆ ئەوەی فێری شتی نوێیان بکەم، چونکە هەست بەوە دەکەم حەزیان بە فێربوون هەیە و پێویستیان بە ڕاهێنەرێکە".

ڕۆژانە نزیکەی چوار کاتژمێر شادان کات لەگەڵ فێرخوازەکانی بەسەر دەبات و فێری دروومانێکی سادەیان دەکات، هیوا دەخوازێت فێرخوازەکانی لە دواڕۆژدا فێری تازەگەری زیاتر ببن و  پێشبکەون.

لەگەڵ ئەوەی بۆ ئارامبوونی دەروونی و خولیای خۆی کاردەکات، وەک پێویستی ژیانیش کاردەکات، لەوبارەیەوە شادان دەڵێت: "ژیان قورس بووە بە گشتی بۆ هەموو هاوڵاتیان و بەتایبەت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بۆیە زۆر گرنگە ژنان چاوەڕێی کەسی دیکە نەکەن و خۆیان کاربکەن و هەوڵبدەن و ئابووریەک بۆ خودی خۆیان دابینبکەن".

 

 

"نە دامەزراندن هەیە، نە کەرتە تایبەتەکانیش کار دەدەن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان"

دەربارەی زەمینە خۆشکردن بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ کارکردن، شادان مەحمود باسی لەوەکرد، لەگەڵ ئەوەی پێویستە خودی کەسەکە خۆی هەوڵبدات و بە دوای کارەوە بێت پێوستە حکومەتیش زەمینەی گونجاو دابینبکات بۆ گشت هاوڵاتیان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، "لە کەرتە تایبەتەکاندا هیچ کات خاوەن پێداویستی تایبەت وەرناگیرێت لەکاتێکدا مافی کارکردنی هەیە، بۆیە لە ئێستادا زۆرینەی خاوەن پێداویستییەکان بێکارن".

 

شادان مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانی پێشوو هەر خێزانێک کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدابوایە شەرمی لێدەکرد کە بینێرێتە ناو کۆمەڵگاوە، بە جۆرێک ڕێگری کارکردنیشیان لێدەکرا و چەندین خاوەن پێداویستی هەن ناویان هاتووەتەوە و دامەزراون بەڵام خێزانەکانیان ڕێگریان لێکردوون، بەڵام لە ئێستادا تا ئاستێکی کەم هۆشیاری هاوڵاتیان زیادبووە بەرامبەر بە خاوەن پێداویستیە تایەبەتەکان.

پێویستە کۆمەڵگا و تاک هۆشیار بنەوە کە ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە، بۆ ئەوەی چیدیکە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نەشکێننەوە، جگە لەوەش خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خۆیان گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نەدەن و ڕووبەڕووی کۆمەڵگا ببنەوە.

 

 

"هەرچەند گرنگە خێزان پاڵپشتی یەکتر بن. بەڵام ژنان دەبێت خودی خۆیان ببنە هۆکار بۆ درێژەپێدانی ڕەنجەکانیان"

"خێزانەکان پێویستە پشتیوانی یەکەمی منداڵەکانیان بن، ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت بێت دەبێت زیاتر پشتگیری بکەن نەک ڕێگە بدەن قسەی کۆمەڵگا ببێتە ڕێگر لەبەردەم پشتیوانیکردنی منداڵەکانیان"، شادان مەحمود وەها دەڵێت و درێژەی بە قسەکانیدا: من لە قۆناغی سێی ناوەندییەوە چوومە ئامادەیی پیشەسازی لەوێ نەمتوانی هاتوچۆ بکەم و وازم لە خوێندن هێناوە، بەڵام بە هەوڵی باوکم توانیم دابمەزرێم و ببمە ڕاهێنەری بەشی دروومان.

 

شادان مەحمود ئەو ژنە بە توانایەیە کە هیچ کات دۆخە تایبەتەکەی نەبووەتە ڕێگر لە هەوڵدانی و هەمیشە هەوڵیداوە بگات بەو ئامانجانەی لە دڵیدایە، لە کاتێکدا چووەتە ژیانی هاوژیانییەوە و چوار منداڵی هەیە و ئەرکی خێزان و کارکردنی لەسەر شانە، بەڵام دەڵێت "ڕۆژێک نەبووە هەست بە ناڕەحەتی بکەم و بڵێم ئیتر واز لە کارکردن دەهێنم".

ت.پ