"کاتی ئەوەیە هەموو کەسێک مافی هاوڵاتیبوونی خۆی لە عێراق بەدەستبهێنێت"

ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانی"ی کوردانی فەیلی و ئێزدی، هەڵسەنگاندنی گرنگیان لەبارەی گفتوگۆکانەوە کرد و وتیان: "سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک، چارەسەری هەموو کێشەکانە".

ژنانی بەشداربووی کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانی"ی کوردانی فەیلی و ئێزدی، هەڵسەنگاندنی گرنگیان لەبارەی گفتوگۆکانەوە کرد و وتیان: "سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک، چارەسەری هەموو کێشەکانە".

 

نەسرین حەسەن

بەغدا- لە ٥ی ئاداردا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی" بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە دۆخی کوردانی فەیلی و ئێزدی لە عێراقدا کرا، وەک چارەسەریش پێشنیاری سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک کرا بۆ کێشەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی لە عێراقدا دەژین.

 

ژنانی فەیلی، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان-پادێ کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون بۆ نوژنها دووان.

 

ڕیهام حەسەن، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، لەبارەی کۆنفرانسەکەوە وتی: حەوت ساڵ بەسەر فەرمانی کۆمەڵگەکەماندا تێپەڕدەبێت و تا ئێستا لە عێراقدا مافمان نییە، لە عێراق جیهانیشدا هیچ شتێک بۆ ئێمە نەکراوە، لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆمان لەسەر خاڵە گرنگەکان کرد و بە تایبەتیش بایەخ بە پەسەندکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە عێراق درا".

 

زەهرا سلێمان، هاوسەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی، کۆنفرانسەکەی بە دەستپێکی کۆبوونەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی ناو عێراق هەڵسەنگاند و سەبارەت بە پاراستنی زمان و بیروباوەڕ و کەلتوورە جیاوازەکان لەناو عێراقدا گوتی: ئێمە وەک بیروباوەڕی ناو عێراق بەم کۆبونەوانە بەهێز دەبین و بەیەکڕیزی دەتوانین پارێزگاری و پێشڕەوی بکەین، چارەسەر بۆ پاراستنی زمان و بیروباوەڕ و ڕەنگەکانی جیاواز لەم جۆرە کۆبونەوانە دایە، کاتێک باوەڕیان هێناوە، دەتوانن مافی خۆیان بەدەستبهێنن و کەسیش ناتوانێت ناچاریان بکات شتێک بکەن کە نایانەوێت.

 

حەورا سەلاح، ئەندامی بەرەی فەیلی، دۆخی عێراقی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وەها نرخاند، "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی خەڵکی فێیلیدا بەدینەکرا، بەڵام ماوەیەک مافی فەیلییەکان درا، لە زۆرێک لە لایەنەکاندا فەیلییەکان بوونیان نییە و مافەکانمان پێشێلدەکرێت، ئێمە وەک فەیلی و کوردانی ئێزدی بەشداریمان لەم کۆنفرانسەدا کرد تا بڵێین مافمان هەیە و مێژوویەکی کۆنمان هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری و بابلییەکان".

 

شەمێران مەرۆکور، سکرتێری کۆمەڵەی ژنانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە چەندین گەلی خاوەن مێژووی دێرین لە عێراقدا هەیە، بۆ ئەوەش کۆنفرانسەکەی بۆ خستنە بەرچاوی مێژووی عێراق بە گرنگ بینی و وەها دووا: "کۆنفرانسەکە زۆر گرنگە بۆ تاوتوێکردنی دۆزی نەتەوەکان لە کۆمەڵگای عێراقدا، چونکە کۆمەڵگای عێراق لە چەندین پێکهاتە و نەتەوە پێکهاتووە کە بوونێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و کولتوورییان هەیە و ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژووییان لەم وڵاتەدا هەیە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک ماف و یەکسانی هەبێت، لە نێوان گەلاندا ناکرێت نەتەوە گەورەکان دەسەڵات بەسەر کەسانی بچووکدا بگرن و مافەکانیان پێشێلبکەن".

 

شەمێران مەرۆکور، ئاماژەی بەوەشدا "لە زۆر پرۆسەی حوکمڕانی عێراقدا ئازارێکی زۆرمان چەشتووە و گەلێک نەتەوە بە زوڵم و سوکایەتی و جیاکارییەوە دەناڵێنن، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو کەسێک لە عێراقدا مافی هاووڵاتیبوونی خۆی بەدەست بێنێت، ئێمە لە کۆنفرانسی کوردانی فەیلی و ئێزدیدا بەشداریمان کرد، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی یەکڕیزییمان بەهێز بکەین".

ت.پ