کلتوری وڵاتان و ژنانی کورد بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی ژنان

ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئاداری هەموو ساڵێکدا پیرۆز دەکرێت و ڕۆژێکە بۆ پیرۆزکردنی دەستکەوتەکانی ژنان تەرخان دەکرێت، کلتور و چالاکییەکانی ناوچەکان و وڵاتانیش بۆ پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە جیاوازە.

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی جیهانی ژنان ئەو ڕۆژەیە کە ژنان لە هەموو ژینگە و کلتورێکەوە دەتوانن کۆببنەوە بۆ بەرزکردنەوەی مافەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوە لە کێشەکانی ژنان، لە سەرتاسەری جیهاندا، ڕۆژی جیهانی ژنان بە شێوازی جیاواز پیرۆز دەکرێت هەندێک وڵات کە لە هێڵی هەژاریدان جەخت لە دابینکردنی کار بۆ ژنان دەکەنەوە لەو ڕۆژەدا، ئەو وڵاتانەشی کە بەپێی نەریتە پیاوسالارییەکان دەڕۆن بەڕێوە کار لەسەر گۆڕینی زهنیەتی کۆمەڵگە دەکەن بەو ئاڕاستەیەی کە پێویستە ژنان کاربکەن و مافیان هەیە ئابوری بەدەستبهێنن، وڵاتیش هەیە بە بەخشینی گوڵ و دیاری تایبەت لەو ڕۆژەدا ڕێز لە ژنان دەگرن.

هەرچەندە ڕۆژی جیهانی ژنان دەبێت مانگرتن و خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت بۆ هۆشیارکردنەوەی بەردەوامی نایەکسانی، بەڵام نەریتەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و کەمن ئەو ناوچانە و وڵاتانەی کە بە خۆپیشاندان هۆشیاری بۆ ٨ی ئادار بڵاودەکەنەوە.

 

ژنانی کورد بۆ ٨ی ئادار چی دەکەن؟

پێش باسکردن لە نەریتی وڵاتان بۆ ئەم ڕۆژە، باس لە ژنانی کورد دەکەین لە هەرچوار پارچەی کوردستان کە لە شەقامەکاندا ڕۆژی ٨ی ئادار بە دروشم، دەنگ و ڕەنگی خۆیان پیرۆز دەکەن و پەیامی بەرزکردنەوەی یەکێتی و بەهێزکردنی تێکۆشان دەدەن، ژنانی کورد بە ڕێپێوان دروشمەکانیان دووپاتدەکەنەوە و گوڵ بە دایکان و ژنانی ڕەنجدەر دەبەخشن.

لە باشوری کوردستان چالاکیی، سیمینار، پێشەنگا، مەراسیم و کۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت و ژنان پەیامی بەردەوامی لە تێکۆشان و خەبات دەدەن، لە باکوری کوردستان لە گوند، شارۆچکە و شارەکان چالاکیی جۆراوجۆر، کۆبوونەوە، سیمینار ئەنجام دەدرێت، دروشمی هاوبەشیشیان “ژن ژیان ئازادی” یە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکانی ڕژێمی ئێران ژنان بە بەیاننامەو دەربڕینی ناڕەزایەتی ٨ی ئادار پیرۆز دەکەن، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە دوای دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پەیامی ژنان بۆ ئەم ڕۆژە فراوانتر بووە و ساڵانە لە ١ی ئادارەوە، چالاکیی جەماوەریی و مەڕاسیم و ڕێپێوان ڕێکدەخرێت.

 

عێراق

ژنان لە عێراق لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە گۆڕەپانی ژیاندا ژیاون و پێگەیەکی بەرچاویان هەبووە، هەربۆیە ٨ی ئادار گرنگییەکی زۆری هەبووە لە عێراقدا و ساڵانە بە مەراسیم و چالاکی جۆراوجۆر یادی کراوەتەوە، هەروەها پێدانی گوڵی سور و ڕەنگاوڕەنگ بە ژنان لەو ڕۆژەدا بووەتە نەریتێک.

 

تورکیا

لە تورکیا کەسەکان ئامۆژگاری دەکرێن بەوەی چاودێری پێشکەوتنەکانی بارودۆخەکە بکەن و خۆیان بەدووربگرن لەهەموو خۆپیشاندانێک ئەوەش بە بیانووی ڕاگرتنی ئاسایش و ئارامی وڵات، هەروەها لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوخۆوە ڕێنمایی بڵاودەکرێتەوە و کاتێک ڕێپێوانی ژنان لەم ڕۆژەدا هەبێت لە لایەن هێزی ئەمنییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، زۆر کات دەگاتە ڕووبەڕووبونەوەی پۆلیس و ژنان و ساڵانە چەندین ژن بەو هۆیەوە دەستگیردەکرێن کە کورد و تورک و ئەرمەن و کەمە نەتەوەکانی دیکەی وڵاتی تورکیایان تێدایە.

 

ئێران

لە ئێران بە فەرمی ئاهەنگەکانی ڕۆژی جیهانی ژنان قەدەغەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چالاکوانان ڕەتیدەکەنەوە بێدەنگ بن، بەو بۆنەیەوە بۆ تیشک خستنەسەر چەوساندنەوەی ژنان لە ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا، لەوانە توندوتیژی ڕەگەزی و خۆسووتاندن و کوشتنی ناموس و نایەکسانی، دەنگ بەرز دەکەنەوە، بەڵام کاربەدەستانی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی ژنان دەستگیردەکەن بە هۆی شکاندن یان ناڕەزایی دەربڕین لە کۆدەکانی ئیسلامی توندوتیژی وڵات.

 

سوریا

لە سوریا ژنان ساڵانە ٨ی ئادار پیرۆز دەکەن و دەنگیان لەو ڕۆژەدا بەرز دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی ژنانی سوریا لە ڕابردوودا پێشکەشیان کردووە زۆر گەورەترە لە تەنیا ڕێپێوانێک و بەخشینەوەی گوڵ، ئەوەی ژنانی سوریا کردوویانە بۆ داخوازییە چینایەتییەکانی ژنان نییە، بەڵکو لەپێناو نیشتمان و خاک و ناسنامەی مرۆڤدایە، ئەوان هەموو ئی ئادارێک بەم شێوەیە بەردەوامن لە پیرۆزکردنی.

 

چین

لە چین ڕۆژی جیهانی ژنان بە نیشاندانی خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆر لە ژنان پیرۆز دەکرێت، ژنانی دامەزراو بە فەرمی مافی نیوە ڕۆژی کارکردنیان هەیە لە ٨ی ئاداری هەموو ساڵێکدا، هەروەها پیاوان لەم ڕۆژەدا بە سەرسووڕمان و دیاری و کارت و گوڵی تایبەت مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و خۆشەویستی خۆیان بۆ ژنان لە ژیانیاندا نیشان دەدەن، لەکاتێکدا نمایشێکی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ژنان تەوەری سەرەکی ئاهەنگەکانی ڕۆژی ژنانە و چەند گفتوگۆو دیدارێکی گرنگ و ئاهەنگی خەڵاتکردنی پەیوەست بە ژنان لە چەند بەشێکی کەم لە چین بەڕێوەدەچێت.

چین بە ڕۆحی خۆشەویستی بەردەوام دەبێت، ڕۆژی ژنانیش لە ٧ی ئادار بە تایبەتی دیاریکراوە بۆ ژنە خوێندکارەکان لە کۆلێژەکان و زانکۆکان و قوتابخانەکان.

سعودیه

لە ساڵی  ٢٠١٧دا، سعودیە یەکەم بۆنەی خۆی پیرۆز کرد کە زۆر هاوشێوەی ڕۆژی جیهانی ژنانە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕۆژێکی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت، لە سعودیە، ١ تا ٣ی شوبات لە بۆنەیەکی سێ ڕۆژە کە هەردوو شاهانە و هاونیشتمانیان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافەکانی ژنان، لەم ساڵانەی دواییدا، سعودیە بە قورسی ڕەخنەی لێگیراوە بۆ تۆمارەکەی لەسەر یەکسانی جێندەری، لە ڕاپۆرتی جیهانی جێندەری "گپ" لە ٢٠١٥ لە پلەی ١٣٤ەمدا بوو.

 

ڕوسیا

لە ڕوسیا ٨ی ئادار پشووی فەرمییە، ئەم پشووە وەک ئاهەنگێکی سیاسی دەردەکەوێت بۆ هێماکردن بۆ شەڕی ژنان لە هەموو جیهان بۆ مافەکانیان و یەکسانی تەواو لەگەڵ پیاوان و دیموکراسی و ئاشتیدا، ئەم پشووە بەهارەیە زۆربەی کات بە سەردانکردنی خێزان و ئامادەکردنی خواردن پیرۆز دەکرێت، ڕێگایەکی تری بەناوبانگ بۆ ئاهەنگگێڕانی ٨ی ئادار ئەوەیە کە سەردانی هاوڕێکان بکەن، ژن و پیاو گوڵ و پۆستکارت بە هۆنراوە و شیرینی و دیاری تر دەدەنە دایک و ژن و داپیرە و خوشک و کچەکانیان، گوڵەکان بەناوبانگترین هەڵبژاردەی دیارین لە ٨ی ئادار، لەگەڵ میمۆساسی زەرد و گولە بەناوبانگەکان.

ئیتاڵیا

ڕۆژی جیهانی ژنان بە "لا فیستا دێلە دۆنا" لە ئیتاڵیا ناسراوە، ئەو ڕۆژە لەلایەن خەڵکی ئیتاڵیاوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت کە گوڵی میمۆسا دەدەن بە ژنان لە ژیانیاندا، گوڵە زەردەکە لە سەرەتای مانگی ئاداردا دەکرێتە گوڵدانەوە و دەڕازێندرێتەوە.

هەرچەندە ڕۆژی جیهانی ژنان پشووی گشتی نییە لە ئیتاڵیا، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ژنان توانیویانە بە بێبەرامبەر بگەنە مۆزەخانەکانی سەرانسەری وڵات، هەروەها پشکنینی پزیشکی ئازاد لە زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆشخانە ئەنجامدراوە.

پۆڵەندا

ڕۆژی ژنان لە پۆڵەندا ڕۆژێکە بۆ پیرۆزکردنی دەستکەوتەکانی ژنان، ڕۆژی بەخشین و ڕۆژێکە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێزی زیاتر بۆ ژنان بەگشتی.

لە پۆڵەندا، تا دەوروبەری جەنگی دووەمی جیهانی، ڕۆژی ژنان لەلایەن حکوومەتە سۆسیالیستەکانەوە بەکارهاتووە بۆ بەرزکردنەوەی وێنەی ژنێک، وەک ژنی پێشەنگی کار کە پشتگیری وڵاتەکەی دەکات، لەو ساڵانەدا ڕۆژێکی زۆرەملێی ئاهەنگگێڕان بوو لە شوێنی کار و قوتابخانەکاندا کە ژنان دیاری و بەرهەمیان وەردەگرت، بەڵام لە ئێستادا بەناوبانگترین دیاری گوڵی تولیبە، کاتێک ژنان لەم ڕۆژەدا چاویان بە پیاوان دەکەوێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سەرۆک یان هاوکار یان هاوڕێ یان باوکیان بێت، ئەوا هەمیشە دەتوانن تولیبێک وەربگرن، لە شارە گەورەکاندا، لەسەر شەقامەکان گوڵ دەدرێت بە هەموو ژنێک.

 

بولگاریا

ڕۆژی جیهانی ژنان بە هاتنی ڕژێمی سۆسیالیست لە ساڵی ١٩٤٤ لە بولگاریا وەک پشووی فەرمی خۆی دامەزراند، بەڵام لە ساڵانی ١٩٦٠دا ناوبانگی زۆر زیادی کرد.

لەم ڕۆژانەدا پشووەکە زیاتر بۆ ئاهەنگگێڕان و نیشاندانی پێزانینە بۆ هەموو ژنان و بەتایبەتی دایکان ژنان گوڵ و شیرینی و کارت لە خۆشەویستەکانیان وەردەگرن، لە قوتابخانەکاندا منداڵان گوڵ یان کارتی پیرۆزبایی بە مامۆستاکانیان دەبەخشن و لەو پۆلەدا کارت دروستدەکەن، دواتر دەدرێت بە دایکەکانیان زۆربەی کۆمپانیاکان تەنانەت گوڵی سووریش بۆ هەریەک لە کارمەندە ژنەکان دەکڕن.

بەریتانیا

هەرچەندە هیچ نەریتێکی دیاریکراو نییە کە لە بەریتانیا هەبێت، بەڵام هەموو ساڵێک چەندین چالاکی بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوە دەبرێت، کە وۆرکشۆپ و وتار و خۆپیشاندان دەگرێتەوە، ئەو ڕۆژە وەک دەرفەتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوە لە جیاوازی ڕەگەزی.

ئەمریکا

لە ئەمریکا مانگی ئادار مانگی مێژووی ژنانە، لەو ڕۆژەدا پەیامێکی سەرۆکایەتی لە هەموو ساڵێکدا هەیە کە شانازی بە دەستکەوتەکانی ژنانی ئەمریکاوە دەکات، هەروەها ژنان لە ناوەندە جیاوازەکان چالاکی جۆراوجۆر بەڕێدەکەن تا یادی ژنانی گیانبەختکردووی کارگەکان و هەموو ژنانی تێکۆشەر بکەنەوە.

 

هیندستان

لە هیندستان وەزارەتی گەشەپێدانی ژنان و منداڵان ڕۆژی جیهانی ژنان وەک هەفتەی ئازادی و هۆشیاری دەناسێنێت کە لە ١ی ئادارەوە دەستپێدەکات، لەو هەفتەی ئاهەنگگێڕانەدا وەزارەت میوانداری چەندین کەسایەتی جیاواز دەکات و هەڵمەتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێدەکات لەسەر سەلامەتی و تواناسازیی ژنان.

ئەفغانستان

ژنان لە ئەفغانستان لە ٨ی ئادار پشووی فەرمییانە و لە مەراسیم و کۆنفرانس و بۆنەکاندا کە تا کۆتایی مانگی ئادارە بەردەوامن، ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکەن، ژنان دیاری و گوڵ دەدەنە ژنان و ئەندامانی خێزانەکانیان، بەڵام زۆرکات بەهۆی دەسەڵاتی تاڵیبانەوە ناتوانن ئەوم ڕۆژە پیرۆزبکەن.

 

ئایسلەندا

ئایسلەند ڕۆژی جیهانی ژنانی لە ساڵی ٢٠١٧ دیاری کرد بە ڕاگەیاندنی پلانەکان بۆ بوون بە یەکەم وڵات، داوا لە خاوەنکارەکان کرا بۆ پێدانی پارەی یەکسان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و نەتەوە، ئەمە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا بە تەواوی جێبەجێکرا.

بۆلیڤیا

لە بۆلیڤیا، لە هەر ساڵێكدا دوو پشوو هەیە كە ژن دەناسێنن و ئاهەنگ دەگێڕن، یەکەم، لە ٨ی ئادار، بۆلیڤیا ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆز دەکات دواتر لە ١١ی تشرینی یەکەم، بۆلیڤییەکان ڕۆژی ژنانی بۆلیڤیا پیرۆز دەکەن، هاوڕێ و ناسیاوەکان سڵاو پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن کاتێک لە شەقام یان لە بازاڕدا تێدەپەڕن.

ت.پ