خودبوون، نهێنی پێشکەوتن و خۆبەڕێوەبردنی ژن

خودبوون بناغەی پێگەشتنی ژنە، کە دەبێتە مایەی خۆبەڕێوەبەری و بڕیاردان بە ڕۆحێکی ژنانە، ئەو ڕۆحەش لە خودبوونەوە سەرهەڵدەدات، لە ئەنجامی خۆناسین و جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژن.

خودبوون بناغەی پێگەشتنی ژنە، کە دەبێتە مایەی خۆبەڕێوەبەری و بڕیاردان بە ڕۆحێکی ژنانە، ئەو ڕۆحەش لە خودبوونەوە سەرهەڵدەدات، لە ئەنجامی خۆناسین و جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- توانای خۆبەڕێوەبەری و خاوەن بڕیاری ژن، ئەو پرسەیە کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت، ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بەردەوام ئەم بابەتە دەکەنە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان، بەهۆیەوە ڕەخنە لە ژنانی سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان دەگرن، ئەو ژنانەی کە لە بواری سیاسی و حکومیدا کاردەکەن ڕووبەڕووی زۆرینەی ئەو ڕەخنانە دەبنەوە.

 

سەرەکیترین هەنگاو بۆ خاوەن بڕیاری و خۆبەڕێوەبردنی ژنێک، خودبوونی ژنە، ئەوەش پڕۆسەیەکە بۆ گەیشتنی ژن بە ڕاستەقینەی خۆی، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە جوانی و ڕاستی، گەیشتن بە خۆبوون تەنها لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت، کاتێک ئازادی نەبێت ئەو کاتە خۆبوون بوونی نابێت، لەبەر ئەوە یەکەم هەنگاو جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژنە.

ناگیهان ئاکارسێل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باس لە خۆبوون دەکات کە لە ناسینی خود، مێژوو، کۆمەڵگا، سروشت و ژینگەی کە تێیدا دەژی دێتە بوون، هەروەها جێبەجێکردنی بیردۆزی "ئازادی ژن"ە، بیردۆزەکە لە پێنج بنەما پێکهاتووە:

یەکەم، بیرکردنەوەی ئازاد، دووەم، کار بەو ئازادی بیرکردنەوەیە بکرێت، سێیەم هەنگاونانی کردەییە بۆ ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن، ڕێکخراوبوون و هەماهەنگی بۆ کارکردن لەو ئایدۆلۆژیایە و ئیرادەهەبێت، چوارەم تێکۆشان بکرێت، دوای ئەو سێ هەنگاوە دەبێت تێکۆشان بۆ پێشخستنی بیری ئازاد هەبێت، لە کۆتایدا ڕێکخستبوون و کاری ئیرادەی ئازاد ژن جوانی و ئیستاتیکا لە ڕووی فکری، ڕۆحی و فیزیکی دروست دەکات.

 

"توانا و وزەی ژن داهێنەرانەیە"

ناگیهان ئاکارسێل، گرنگی بیردۆزی ئازادی ژن دەخاتەڕوو، کە ئەگەر ژنێک خاوەن بیردۆزی ئازادی بێت، دەتوانێت بڕیارێک بە ژنبوونی خۆی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا و داهاتوود بدات، "ئەگەر ژنێک خۆی پەروەردە بکات، ئەو ژنە دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، دەتوانێت کۆمەڵگا بەڕێوە ببات و کێشەی خێزانەکەی چارەسەر بکات"، ئەو کات دەتوانێت هەر کارێک دەیەوێت بیکات، "توانا و وزەی ژن توانایەکی زۆر داهێنەر و دروستکەرە"، بۆیەش هەر کاتێک ژن هەڵگری بیری ئازادی ژن بێت ئەو کاتە پێویستی بە ڕێبازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی و ڕێکخستنی کار و پلانەکانی.

بۆ خۆبوون و خاوەن بڕیاری ژن، دەبێت لە دوو ڕەهەندەوە کاری بۆ بکرێت، یەکەم خودی ژن، دووەم سیستم، کە دەبێت هەردوو ڕەهەندەکە بە هەمان ئاڕاستە و خێرایی بڕۆن.

لەسەر ئاستی تاک، هەستکردن، ماندوبوون و کارکردن، ڕێکخستنکردن و هاوکاری یەکتر و گۆڕینەوەی زانیاری دەبێت، بەڵام ئەو ئەندامەی ژنۆلۆژی باس لەوەدەکات، کە ئێستا کێشەی ژن خۆ پەروەردەنەکردن و نەگەیشتنە بە خودناسی، گرنگینەدانە بە ئامڕازەکانی ڕۆشنبیری وەک پەرتووک، میوزیک، فیلم و هونەر، هۆکارێکی گرنگی پێگەیشتنی ژنن.

 

"دەبێت ڕێکخراوەکان بزانن چیان دەوێت و چی دەکەن"

ئەوەش ڕووندەکاتەوە، کە ڕێکخراوەکانی ژنان، سیستمی پەروەردە و پەروەردەی خێزان ئەو سێ ناوەندەن کە دەتواندرێت ژن پەروەردەی لێوەربگرێت، دەبێت خێزانەکان جیاکاری ڕەگەزی تێدا نەبێت، تا لە بیری منداڵەکەدا بچەسپێت، بۆ نمونە کاتێک کچێکیان دەبێت بووکە شوشەیەکی پێدەدەن، بەڵام کاتێک کوڕێکیان دەبێت چەکی پێدەدەن.

لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکان، دەبێت ڕێکخراوەکان بزانن چیان دەوێت و چی دەکەن، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، کە دەبێت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتداری و ژن کوشتنە هەڵوێستیان چی دەبێت، دەبێت درک بە ڕەگەزپەرستی بکەن، بە تایبەتیش لە ڕاگەیاندنەوە.

 ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، پەروەردەی ڕێکخراوەکان و هەماهەنگی زۆر گرنگە، بەڵام تێکۆشان ڕێگا و چارەسەری خۆی هەیە، دەبێت ڕێکخراوەکان کاربکەن یەکەم هەنگاو دەبێت ژنان پەروەردە بکەن، دەستپێک ژن دەبێت خۆی بناسێت دواتر دەتوانن پیاوانیش پەروەردە بکەن، ژنێکیش بیەویت ببێتە خاوەن ئیرادە، دەبێت بە هەموو قۆناغەکاندا بڕوات، پەروەردەی ڕۆح، فکرێکی ئازاد و بێ ترس وەربگرێت.

 

گرنگی خودبوونی ژن لە بڕیارداندا

هەمیشە دەوترێت کە ژن دەبێت هەڵگری ناسنامەی ڕاستەقینەی ژنێتی خۆی بێت، هەر بڕیارێک بەدەست ژن بێت دەبێت جیاوازبێت، بڕیارێک بێت داماڵراوبێت لە بەرژەوەندییەکی تایبەتی حزبی، سیاسی، ئابوری و هەر بوارێکی دیکە، بڕیارێک بێت لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان، کۆمەڵگا، بەرژەوەندییەک بۆ داهاتووی گەلەکەی.

کاتێک ژنێک خاوەن بڕیار بێت لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەرژەوەندی جیاواز لە بەرژەوەندییەکانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بڕیار دەدات، بەرژەوەندی کۆمەڵگا، تاک، داهاتوو، دیموکراسی، ژینگە و کۆی ژیان دەبێت بنەمای ئەو بڕیارەی دەیدات، بە پێچەوانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری کە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی تاک و بەدەستهێنانی ماددی دەبێت.

 

ت.پ