ڕەنجی هەزاران ساڵەی ژن لە ژێر سیستمی نێرسالاری ونکراوە

ساڵانێکە ژن ڕەنج دەدات و بەرهەمدەهێنێت و کۆمەڵگا پێشدەخات، بەڵام لە ئێستادا ڕەنجی ژن بە گشتی و ژنانی ناو ماڵ ونن، کاتێک لە دەرەوە ڕەنج دەدەن لە بەرامبەر ڕەنجەکانیان مافیان پێنادرێت، سیستمی پیاوسالاری پیاوی کردووەتە بەرهەمهێنەر لەسەر رەنجی ژن.

شنیار بایز

سلێمانی- ڕاستییەکی سەرەکی مێژوویی کە لە پاشماوە مێژوویەکاندا دۆزراوەتەوە ئەوەیە لە سەردەمی کۆمەڵگای دایکانەدا، چالاکی سەرەکی ژن ئەنجامیداوە، ژن بۆ ماوەیەکی درێژ ڕەنجیداوە، هەوڵی کۆکردنەوەی بەرووبومی داوە، سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنان بووە، واتە ژن بە شێوازی بەرهەمهێنەرانە ژیانی بۆ کۆمەڵگا فەراهەمکردووە.

ئەو ژنانەی دەستیان بە سەردەمی بەرهەمهێنان کرد هەنگاوی یەکەمیان لە زۆر بواردا هەڵهێناوە، کە سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤایەتی بۆ هەزاران ساڵ دابینبکات، هەر لە تەکنیک، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بەرهەمهێنانی خۆراک و جلوبەر، ماتماتیک و زاستەکان و چەندینی دیکە بە جۆرێک بناغەی زۆر بواریان دانا.

 

پێشکەوتنی ئابوری بێ ژن نەبووە

پێشکەوتنی ئابووری بێ ژن نەبووە، بەڵکو بە پێشڕەوی ژنان و بە سایەی زانیاری ئەوانەوە پەرەی سەندووە، بەڵام جێگای پرسیارە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەردەوام چەوساندنەوە بۆ ژنانە لەکاتێکدا ژن بووە کە خوڵقێنەری ئەو گەنجینە دەوڵەمەندە بووە، کارپەیداکەر و پێشەنگی کۆمەڵگا، پەروەردەکار و دروستکەری ماڵ بووە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕەنج و هەوڵی هەزاران ساڵەی ژن ونە، دایک-ژن ڕەنجەکەی نابینرێت و سیستمی پیاوسالاری کۆنتڕۆڵی هەموو بەرهەمهێنانەکانی کردووە، خاوەندارێتی لە هەموو بەرهەمهێنانەکانی ژن دەکات و ژن وەک کارپێکەرێک ڕۆڵ دەبینێت لەو سیستمەدا.

 

"ئەرکی ژن ئەرکێکی یەکجار زەحمەتە بێ ئەوەی هیچ بەرامبەرییەکی هەبێت"

نەرمین عوسمان، چالاکوانی مەدەنی و وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بۆ نوژنها باس لەوەدەکات ژن خۆی ڕەنجی خۆی دەدات، ئەگەر بمانەوێت یاخود نەمانەوێت بێ ئەوەی بەرامبەرێکی هەبێت، ئەمەش تایبەت بۆ ئەو ژنانەیە کە لە ماڵەوەن و ئەرکی دەرەوەیان نییە، زیاتر پەیوەستن بە بەرپرسیارییەتەکانی ناو ماڵ بە جۆرێک لە ناو ماڵدا ئەرکی ماڵ، خێزان، ڕازیکردنی هاوژین و پەروەردەکردنی منداڵیان لەسەر شانە، لەکاتێکدا ئەم ئەرکانە بێ بەرامبەرن و هیچ داهاتێکی ئابووری بەدەست ناهێنێت.

کۆمەڵگا بە بێ ئەرک و ژنی ماڵ ناوی دایک-ژن دەبات، بۆئەوەی ژنان ڕەنج و ئەرکیان بە کەم بایەخ ناونەبرێت، پێویستە سەرەتا سەربەخۆی ئابووری خۆیان هەبێت، نەرمین عوسمانیش دەڵێت: "ئازادبوونی ئابووری دەبێتە هۆکار بۆ دەستەبەرکردنی چەندین ئازادی دیکەی وەک دەربڕینی بیروڕا، هەڵبژاردنی ژیانی کەسی، کاتێک ژنێک ئەم سەربەخۆییەی نەبێت پیاوێک بڕیار لەسەر ژیانی دەدات".

 

"لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا، ڕەنجی ژن ونە"

نەرمین عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت ئەو ئەرکەی ژنانی ناو ماڵ و بێکار لەسەر شانیانە، پیاو ئەو ئەرکەی لەسەر شان نییە، لە ڕۆژێکدا پیاوێک بە نزیکەی ٨ کاتژمێر کاربکات ژنێک لە ناو ماڵەکەیدا ١٢ کاتژمێر کاردەکات و بێ بەرامبەریشە، بگرە ئەرکێکی سەپێندراوە بەسەریدا کە دەبێت بیکات دواجار پێی دەڵێن "ژنی ماڵ".

"هەروەها ئەو ژنانەی کار دەکەن لە ناوەندەکانی دەرەوەی ماڵدا، ڕۆژانە ئەرکیان لەسەر شانە دواجار کە دەگەڕێنەوە لە تەواوکردنی ئەرکەکانیان لە دەرەوە، دەست دەکەن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانی ناوماڵ لە کاتێکدا پیاوەکە ڕاستەوخۆ دەست دەکات بە ئیسراحەتکردن وەک ئەوەی تەنها ئەو ئەرکی دەرەوەی ئەنجامداوە".

 

سیستم بە گشتی لە بەرژەوەندی ژن نییە

نەرمین عوسمان دۆخی ژنان لە سیستمە جیاوازەکانەوە ڕووندەکاتەوە و باسی لەوەکرد کە، سیستمی خێزان هێشتا لەژێر کاریگەری کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری دایە، کەم خێزان هەن بتوانێت لەو سیستمە لابات و پەیڕەوی نەکات، هەروەها لە سیستمی دەوڵەتدا تا ئێستا جیاکاری هەیە لە نێوان ژن و پیاودا بە جۆرێک ڕێژەی ژنان لە ناوەندی دەسەڵات و بڕیارداندا زۆر کەمە، چونکە پێیان وایە ژن توانای بڕیاردانی نییە و تەنها وەک کار بەڕێکەرێک تەماشا دەکرێت.

دەشڵێت "دامەزراوە زۆرە کار دەکەن لەسەر ژنان و پرسی ژن، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بچنە ناو ماڵ و ئەقڵیەتی تاکی کۆمەڵگا"، هۆکارەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە مافەکانی ژن نە بە تەواوی ژنان ئاگادارن لێی نە هەوڵدراوە لە پیاوان بگەیەنرێت کە ژنیش کۆمەڵێک مافی هەیە، بۆیە پێویستە کار لەسەر پیاوان بکرێت و پێیان بوترێت مافەکانی ژن چین.

"دواجار کە لە مافەکانی یەک تێگەیشتن، کۆمەڵگا گەشە دەکات و خاوەن دادوەری کۆمەڵایەتی دەبن لە کۆمەڵگادا ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسوودە بوونی هەردوولا و دواتر کۆمەڵگا پێشدەکەوێت."

 

"دەبێت ژنان ڕێگە نەدەن مافەکانیان بخورێت"

جیا لەوەی ژنان لە ماڵەکانیان ڕەنج دەدەن و ڕەنجەکانیان ونن، کاتێک دەچنە کەرتی تایبەت کار دەکەن بەهۆی ئەوەی دامەزراندن نییە، مافەکانیان پێشێلدەکرێت، موچەی کەمتریان پێدەدرێت بە بەراورد بە پیاوان و بە کاتی کارکردنیشیان، لەوبارەیەوە نەرمین عوسمان وتی: دەبێت ژن خۆی قبوڵی نەکات کە مافی بخورێت، لە بەرامبەر کەمی موچەکەیدا بێت، یاخود هەرچیەکی دیکە، هەندێک کات ئەو ژنانە قبوڵی دەکەن بەهۆی ئەوەی پێویستیان بە کارە، بەڵام پێویست بوون بە کار نابێت ببێتە هۆکار بۆ قبوڵکردنی پێشێلکردنی مافەکان.

نەرمین عوسمان هۆکاری سەرەکی ئەم ماف خورانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاگادارنەبوونی ژنان لە مافەکانیان، دەڵێت "پێویستە ژنان ڕووبکەنە سەندیکا و یاسا بۆ ئەوەی مافەکانی بە دەستبهێنێت و داوای ئەو مافانە بکات کە خوراون، هەروەها حکومەت و کەرتی تایبەت ڕەچاوی دۆخی دایک بکات".

 

ت.پ