عایشە عەبدوڵا؛ ئەو ژنەی لە ٥٩ ساڵیدا خوێندنی بنەڕەتی تەواو کرد

عایشە عەبدوڵا، خولیانیی منداڵی لەگەڵیدا گەورە بوو، تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ناخیدا وەک کۆرپەلەیەک گەورە کرد و دەشڵێت: تەمەن تەنها ژمارەیە، هیچ ڕێگر نییە لە گەیشت بەو ئامانجەی مەبەستتە.

نیهایەت ئەحمەد

 

چەمچەماڵ- ژنان هەمیشە بەهۆی کولتوور و دابونەریتەوە لە خوێندن دابڕێندراون، بەڵام هەمیشە هەوڵی خۆیان خستووەتەگەڕ کە فێری نووسین و خوێندنەوە ببن، توانویانە کەسایەتی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بەرز ڕابگرن بە تایبەت بواری خوێندەواری.

 

عایشە عەبدوڵا نمونەی یەکێک لەو ژنانەیە کە لە تەمەنی منداڵیدا لە خوێندن دوورخراوەتەوە و لە دوای تەمەنی زیاتر لە ٥٠ ساڵ دەستی بە خوێندن کردووەتەوە.

 

عایشە عەبدوڵا لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٥ە لە ناوچەی سەنگاو، لە ئێستادا دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵە سەر بە شاری سلێمانی، بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ناوچەکانی کوردستان کە بەدەست ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسەوە بوون، سیستمی ڕژێمی بەعس کاریگەری هەبوو لەسەر خەڵکی کوردستان و خێزانی عایشە تاوانبارکران  کە هاوکاری هێزە کوردییەکان دەکەن، بۆیە ناچاربوون لە شوێنی خۆیان کۆچ بکەن و یەکێک لە زیانمەندەکانیش عایشە بوو، بەوەی لە خوێندن دابڕا و نەیتوانی جارێکی دیکە بچێتەوە بەر خوێندن.

 

"ژنان لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی بارودۆخی وڵاتەوە لە خوێندن دابڕاون"

 عایشە عەبدوڵا بە هۆکاری سیاسیەوە نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە خوێندن، بەڵام لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا لە دوای ٤٣ ساڵ دابڕان، توانی بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات و خەون و ئاواتەکانی دوای چەندین ساڵ بەدی بهێنێت.

 

وەک خۆی دەڵێت: هەرچەندە ئەوکات بە هۆی خراپی بار و گوزەرانی خێزانەکەم و براکانم لە خوێندن دەریان هێنام و دابڕام، بەڵام هەمیشە قوتابخانە لە ناخمدا وەک کۆرپەلەیەک گەورە دەبوو، چونکە خوێندن هیوا و خولیای من بوو کە لە منداڵیەوە زۆر کات فرمێسکی دووریم بۆ خوێندن ڕشتەوە.

 

"ژنان دەتوانن دەست بەو ئامانجە بکەنەوە کە لێیدابڕاون"

عایشە عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و کێ هاوکاری  و پاڵپشتی کردووە و وتی: کە بریارمدا دەست بکەمەوە بە خوێندن ئەندامانی خێزانەکەم بە خۆشحاڵییەوە ڕازیبوون بە بڕیارەکەم، پاڵپشتیان کردم و لە ساڵی ٢٠٢٣وە دەستم کردەوە بە خوێندنەکەم، کە قۆناغی هەشتی بنەڕەتی وازم لە خوێندن هێنابوو.

 

عایشە عەبدوڵا، ئەو ژنەی کە بە خۆشەویستی خوێندنەیەکەوە تەمەنی تێپەڕاند، لە ٢٠٢٤دا توانی قۆناغی نۆیەمی بنەڕەتی بە سەرکەوتووی تەواو بکات لە ڕێگەی بەشداریکردنی تاقیکردنەوەی دەرەکییەوە.

 

"تانە و تەشەری کۆمەڵگە ناتوانێت ژنان بوەستێنێت"

عایشە عەبدوڵا کۆڵنەدەر باس لەوە دەکات کە زۆر کات بەهۆی ئەوەی دەست بە خوێند دەکاتەوە، لەلایەن خزم و دراوسێ و کەسانی دەوروبەری بەربەستیان بۆ دروستکردووە، کە پێویان وابووە لەو تەمەنەدا بۆ کۆمەڵگە نەگونجاوە ژن بخوێنێت، بەڵام هەرگیز عایشە، قسەی خەڵك کاری لێنەکردووە، زیاتر هانیداوە گرنگی بە خوێندن بدات و وانەکانی لەلا خۆشەویست بێ و لە تاقیکردنەوەکاندا بە نمرەی باشەوە ئەنجامەکانی وەرگرتووەتەوە.

 

باسی لەوەشکرد، کە لە هەوڵدایە قۆناغەکانی تر ببڕێت و لە پەیمانگا و زانکۆدا بخوێنێت و درێژە بە خوێندنەکی بدات تاوەکو دەگاتە ئەو هیوایەی کە مەبەستیەتی.

 

عایشە عەبدوڵا دوا پەیامی بۆ ژنانی نمونەی وەک خۆی هەیە و دەڵێت: هەر ژنێک بیەوێت بگات بەو خولیایەی کە لە گەڵیدا گەورە بووە، پێیان دەڵێم تەمەن ڕێگر نییە، لە خوێندن هەڵبدەن و کۆڵ نەدەن تاوەکو ئەو خولیایەی لە منداڵیدا لێی دابڕاون، بەردەوامی پێبدەین، چونکە خوێندەواری بۆ ژنان قەڵغانی ژیانیانە و بەرەنگاری هەموو ئاستەنگەکانی ژنانە.