"هەمووارکردنەوەی بەرنامەی پەروەردەی سووریا بە ئامانجی ئایدیۆلۆژییە"

هەمووارکردنەوەی بەرنامەی پەروەردەی سووریا، لەوانەش سڕینەوە و زیادکردنی هەندێک وشە یان بابەت، نائارامکەرە، ئەم هەمووارکردنانە لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا دێن کە ڕەهەندی ئایدیۆلۆژییان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر داهاتووی فیکری گەلی سووریا هەیە.

ڕوشێل جونیور

 

سوەیدا- بەرنامەکانی پەروەردە هەمیشە ئامڕازێکی سەرەکی بوون لە داڕشتنی هۆشیاری نەوەکاندا، بەڵام کاتێک دەبنە ئامرازێک بۆ پەروەردەکردنی مێشک و بە سیاسیکردنی پەروەردە، دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەیی و فرەچەشنی کولتووری.

 

گۆڕانی ناسنامەی نەتەوەیی

 ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە سووریا ڕوودەدەن، ماف و پێگەی ژنان کەمدەکاتەوە، کە گورزێکە لە دەستکەوت و خەباتەکانیان لە ماوەی دەیان ساڵدا، لە دوایینیان حکومەتی نوێی سووریا کە پێکهێندرا و٢٣  وەزیری لەخۆگرتبوو، کە تەنها یەک ژنیان تێدابوو. جگە لەوەش ئەو هەمووارکردنانەی لە بەرنامەی پەروەردەدا ڕوویانداوە، تەنیا نوێکاریی ئەکادیمی نەبوون، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا هاتوون کە ئامانجی ئایدیۆلۆژییان هەڵگرتووە، دوای دەیان ساڵ لە چەسپاندنی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی بەعسی کە تیشکی خستە سەر شکۆمەندی سەرکردەی تاک و پەیوەندی نەتەوەیی، گۆڕانکارییەکان بە سیمایەکی ئایینی ئیسلامییەوە هاتنە ئاراوە، وەک گۆڕینی دەستەواژەی “رێگای چاکە” بە “رێگای ئیسلام”. ئەم گۆڕانکاریانە هەوڵە بەردەوامەکان ئاشکرا دەکەن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەی خوێندکاران بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە تایبەتەکان، کە هەڕەشە لە ناسنامەی نیشتمانی یەکگرتوو دەکات.

 

مامۆستا سەمەر حەجار، مامۆستای زمانی عەرەبی ئاماژەی بەوەدا کە بەرنامەی پەروەردەی سووریا گۆڕانکاری ئایدیۆلۆژی یەک لە دوای یەک بەخۆیەوە بینیووە، لە ناسیۆنالیزمی بەعسییەوە بۆ کارەکتەری ئیسلامی، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر ئامانجەکانی ئەو هەمووارکردنانە و خێراییەکانیان و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆمەڵگە لێکەوتۆتەوە، یەکێک لەو پرسە دیارانەی کە ووروژێندراوە، نەبوونی کەسایەتییە مێژووییەکانی ژنە، وەک زەنوبیا و ئەوەی ئەمە لەڕووی بەردەوامبوونی عەقڵیەتی پیاوانەوە ڕەنگدانەوەی هەیە، جگە لەوەش سەپاندنی کاراکتەری ئیسلامی بەسەر بەرنامەی خوێندندا، پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی کە سووریا وڵاتێکی فرە ئایینی و فرە تائیفییە، ئەمەش وا دەکات ئەم ڕێبازە نادادپەروەرانە بێت.

 

پێیوایە هیچ دەسەڵاتدارێک، هەرچەندە دەسەڵاتدار بێت، ناتوانێت بە زۆر شوناسێکی نوێ بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت، ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ڕژێمی بەعس سەرەڕای دەیان ساڵ حوکمڕانی، نەیتوانی فرەچەشنی سووریا نەهێڵێت، ئەمەش بۆ هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ئاڕاستەکردنی بەرنامەی پەروەردە بەپێی دیدێکی ئایینی یان تائیفی تایبەت دەگونجێت.

 

"، پەروەردە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی"

ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا وڵاتێک نییە کە یەک کاراکتەری ئایینی هەبێت، بەڵکو زۆرێک لە ئایین و پێکهاتەکانی تێدایە، وەک کریستیان، دروز، کورد، عەلەوی و ئێزدی، جگە لە موسڵمانانی مەزهەبی جۆراوجۆر، ئەم هەمەجۆرییە ئایینی و کولتوورییە بەشێکە لە ناسنامەی سووریا و دەبێت لە بەرنامە پەروەردەییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ ڕەنگ بداتەوە، سەپاندنی کارەکتەری ئیسلامی بەسەر بەرنامەی پەروەردەدا، ئەم هەمەجۆرییە پشتگوێ دەخات، کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەندامانی مەزهەبەکانی دیکە هەست بە دوورخستنەوە و سەربەخۆیی نەکەن، پەروەردە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی نەک بەردەوامکردنی دووبەرەکی،  بۆیە زۆر گرنگە کە بەرنامەی پەروەردە لە ڕووی ئایینییەوە بێلایەن بن، ڕێز لە هەموو ئایینەکان بگرن بەبێ ئەوەی لایەنگری هیچ ئایینێکی دیاریکراو بن.

 

سەمەر حەجار ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکانی هەمووارکردنەوەی ئەم دواییەی بەرنامەی ئەوەیە کە ئەو دەستەیەی پەسەندی کرد، کە وەزارەتی پەروەردەیە لە حکومەتی کاتی، لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ناوەڕۆکی پەروەردەیی بکات، بەرنامەکانی خوێندن پێویستی بە پلانی وردبینی هەیە لەلایەن پسپۆڕانی پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەوە، نەک بڕیاری بەپەلە کە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی لە پڕۆسەی خوێندندا، هەر هەمووارکردنەوەیەک دەبێت لەسەر بنەمای زانستی و پەروەردەیی بێت کە پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکان لەبەرچاو بگیرێت و پێداویستی خوێندکاران و کۆمەڵگە دابین بکات.

 

" ئەم ڕەوتە جیاوازییە جێندەرییەکە بەهێزتر دەکات و چەمکە جیاکارییەکان بەردەوام دەکات"

وەدەرنانی ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا بە یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی زانی لە هەمووارکردنەوەکەدا، لەوانە سڕینەوەی وێنەی زەنوبیا، شاژنی پاڵمیرین کە سەرکردایەتی یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی سوریای کرد. دەشڵێت: "نەبوونی ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ئەو عەقڵیەتە پیاوانەیە کە ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا پەراوێز دەخات و درێژکراوەی دوورخستنەوەی ژنانە لە بەرنامەکانی خوێندن بۆ دەیان ساڵ، لە پەرتووکی مێژووی خوێندنگەکاندا بە دەگمەن ناوی ژن دەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی شانبەشانی پیاوان بەشدارییان لە دروستکردنی شارستانیەتەکاندا کردووە، لابردنی وێنەی زەنوبیا تەنها گۆڕانکارییەکی جوانکاری نییە، بەڵکو نیشانەیە بۆ ئەوەی ژنان لە گێڕانەوەی نیشتمانی دوور دەخرێنەوە، وەک ئەوەی مێژووی سووریا هەرگیز شایەتحاڵی ژنانی سەرکردە و بیرمەند و داهێنەر نەبووبێت کە جێپەنجەی خۆیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەجێهێشتووە، ئەم ڕەوتە جیاوازییە جێندەرییەکە بەهێزتر دەکات و چەمکە جیاکارییەکان بەردەوام دەکات کە ڕێگرن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و یەکسانیخواز.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەدیلێکی زۆر هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە بەرنامەی خوێندندا، ئەگەر ئامانجی هەمووارکردنەوەی خوێندن بونیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن بێت، ئەوا دەبێت سەرلەنوێ سەیر بکەینەوە کە چۆن ژنان لە ناوەڕۆکی پەروەردەییدا نوێنەرایەتی دەکرێن، چەند هەنگاوێک هەیە کە دەتواندرێت بگیرێتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە بەرنامەی پەروەردەدا، لەوانەش خستنەڕووی کەسایەتییە مێژووییەکانی ژن وەک زەنوبیا، جولیا دۆمنا، نازک عەبد، و ئەوانی تر کە ڕۆڵیان لە مێژووی سووریادا هەبووە، هەروەها بەرزکردنەوەی توێژینەوەی جێندەر ناساندنی چەمکەکانی یەکسانی جێندەری لە مەنهەجدا، بۆ هۆشیارکردنەوەی نەوەکان سەبارەت بە گرنگی مافەکانی ژنان و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا.

 

مامۆستا سەمەر حەجار لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ڕیزی چارەسەرەکانی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان، بەشداریکردنی ژنانە لە داڕشتنی بەرنامەی پەروەردەدا، بە دڵنیابوون لەوەی کە ژنانی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە و مێژوودا لە لیژنەکانی پەرەپێدانی بەرنامەدان، بە تیشک خستنە سەر دەستکەوتەکانی ژنان لە سەردەمی مۆدێرن، و ڕۆشنایی خستنە سەر بەشدارییەکانی ژنان لە سیاسەت و زانست و هونەر و ئابووریدا، نەک سنووردارکردنیان.