کامێرا چاودێرییەکان هەڕەشەن لەسەر ژیانی ژنان

شنە بابان، مامۆستای زانکۆ و ماستەر لە گەشەدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەڵێت: پێویستە دانانی کامێرا چاودێرییەکان سنوردار بکرێن، بۆ ئەوەی ژنان و کۆمەڵگە کەمترین زیانیان بەرکەوێت و کێشەکان بە ئاشکرا نیشان نەدرێن.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- لە ئێستادا پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان کاری تەواویان کردووەتە سەر کۆمەڵگە و جگە لە لایەنە ئەرێنییەکانی، بەهۆی خراپ بەکارهێنانیان زیانیان بە ژیانی ژنان گەیاندووە، یەکێک لە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانیش کامێرای چاودێرییە، کە لە شوێنە گشتییەکان و دووکانەکاندا دادەنرێت و هەندێک جار بۆ ژنان دەبنە ‌هەڕەشە و لەلایەن خاوەنی کامێرەکانەوە پەڵپ و فشار دەخرێتە سەر ژنان بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تۆمار کراوەکانیان.

 

شنە بابان، مامۆستای زانکۆ و ماستەر لە گەشەدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە باسی لە کامێرای چاودێری کرد کە لە کۆمەڵگەدا بووەتە فاکتەرێک بۆ چاودێریکردن و بە ئاگابوون لە هەموو ڕووداوێکی نەخوازراو و نەبینراو و کە دوو لایەنی لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە.

 

"بەکارهێنانی کامێرا چاودێریەکان دەبێت بە هەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت"

شنە بابان، لە بارەی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی بەکارهێنانی کامێرای چاودێری، یەکەمین لایەنی گەڕاندەوە بۆ پێشکەوتنی ژیانی سەردەمانە و لایەنی دووەم بەردەست بوونی سەقامگیری لەلایەنی ئەمنی و ئاسایشەوە، وتیشی: لایەنە ئەرێنیەکانی بەکارهێنانی کامێرای چاودێری ئەوەیە کە زۆربەی دەزگاکانی ئەمنی و ئاسایشی وڵات هەر ڕووداوێکی بیانەوێت لێی وورد ببنەوە زۆر بە ئاسانی بەڵگەکانیان دەست دەکەوێت، کە بۆ بنبڕکردنی جۆری تاوانەکان سودی هەیە، بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی نابەرپرسیارانە و نایاسایی کامێرای چاودێری بەکار بهێندرێت، ئەوا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنان و کۆمەڵگە.

 

شنە بابان شێوازی بەکارهێنانەکانی گەڕاندەوە بۆ شێوازی پەروەردەی تاک و وتی: هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە کامێراکانی چاودێری بەکاردەهێنن، بەتایبەت ئەو کەسانەی خاوەنی شوێنی کارێکن، یان ئەوانی ئیشی مامەڵەی کەلوپەل و پێداویستیەکانی ژنان دەکەن، دەبێت زۆر بە ئاگاییەوە و بە پێی ڕێمناییە یاساییەکان لە ژێر چاودێری  و مەرجەکاندا دایبنێن، بۆ ئەوەی ژنان لەوە زیاتر نەبنە زیانلێکەوتی دەستی کۆمەڵگە و تەکنەلۆژیا و پیاوسالاری.

 

"بە کارپێکردنی یاسای سزای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت"

شنە بابان سەبارەت بە دانانی کامێرا لە ماڵەکاندا ئاماژەی بەوەکرد، کە بووەتە دیاردەیەک کە ڕادەبەدەر و ئەمەش وادەدەنرێت کە بووەتە پێویستییەکی سەرەکی ژیانی خێزانەکان، چونکە زۆربەی خێزانەکان لە ئێستادا  هەموو کاتەکانی ڕۆژانەکان لە ماڵەوە بەسەر نابەن، ناچار دەبن کە ئامێرای چاودێری لە ماڵەکانیان دابنێن، وتیشی: ئەمە وەک پێداویستییەک سود بە خێزانەکان دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی نادروست و نایاسایی بەکاربهێنرێت، ئەوا دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کە لێرەدا یاسای سزادانی عێراقی هەیە بۆ ئەو کەسانەی چاودێری ژیانی تایبەتی کەسانی تر دەکەن و کێشەی کۆمەڵایەتی دروستدەکەن سزا وەردەگرن، ئەویش بە پێی یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ کە پێکهاتوە لە ماددەی (١ ، ٢) هەروەها (٤٣٨)، کە دەقەی یاسای سزادانەکان بەم شێوەیەیە، "هەرکەسێک ڕێزی بەرامبەری خۆی نەگرێت و سنور ببەزێنێت، بە پێی ئەو یاسایە سزاییە کە داندراوە، سزا وەردەگرێت، ئەگەر سکاڵا تۆمار بکرێت لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا".

 

"ژنان بەرکەوتە و زیانلێکەوتەی یەکەمن لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکاندا"

شنە بابان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەت بە تاکی کۆمەڵگە و خێزانەکان بووەتە هۆی زیادبوونی کێشەی خێزانی و ژنان لەم کاتەدا دەبنە زیان لێکەوتووی یەکەم، وتیشی: پێویستە بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە هەوڵی تەواو بدرێت و هەڕەشە ئەلکترۆنییەکان کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کوشتنی ژنان و دەستدرێژی بۆ مافە مرۆڤایەتیەکان بنبڕ بکرێت.

 

لە کۆتای قسەکانیددا شنە بابان، وەک چالاکوانێکی بواری گەشەپێدانی مرۆیی باس لە چارەسەرەکان و چۆنیەتی بەکارهێنان و دانانی کامێرای چاودێرییەکان کرد وتی: دەبێت بەکارهێنا و دانانی کامێرای چاودێری سنوردار بکرێت، پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە، بە گشتی لە هەر پێگە و پلەیەکدا ڕۆڵتان هەیە، هیچ کات خۆتان بە کەم نەزانن و بوێر بن، لە هەر هەڕەشە و گوفتارێک بەرامبەرتان دەکرێت بوێرانە هێز و ئیرادەی خۆتان نیشان بدەن، بۆ ئەوەی نەتوانن زیانتان پێبگەیەنرێت.