ژنان چۆن بیرۆكەكانیان بكەن بە پرۆژە؟
بەیان نوری، شارەزای ئابوری وبازاڕگەری دەڵێت: هەر ژنێك كە خاوەن بیرۆكەیەكە پێویستە ترسی نەبێت، ئەگەر خاوەن دەرفەتێكی كەمیش بن بچنە مەیدانی كارەوە.

شیا کۆیی
کۆیە- ژنان زۆر بیرۆکەی داهێنەرانەیان هەیە کە دەتوانرێت بە پلان و پشتیوانی دروست بگۆڕدرێن بۆ پڕۆژەی سەرکەوتوو، ئەوەش بە باوەڕبوون بە بیرۆکەکە و دەستنیشانکردنی گرفتەكان کە دەتوانێت چارەسەری بکات، دواتر لێکۆڵینەوە لە بازاڕ و تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی کڕیارەكان، پاشان بیرۆکەکە پەرەی پێدەدرێت بۆ بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک، بە سادەیی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماڵەوە دەستپێدەکات، بە چاوێک بەرەو باشترکردنی کوالیتی لە ڕێگەی کاردانەوە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کڕیارەوە، پڕۆژەکانی ژنان بە تایبەت ئەوانەی لەسەر بنەمای کاری دەستی یان بازرگانی دیجیتاڵی دامەزراون، بوونەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، هەمیشە پێویستیان بە سەرمایەی گەورە نییە، بەڵکو پێویستیان بە حەزكردن لەكارە لەگەڵ ڕێکخستن.
"پێویستە ژنان بە ئیرادەوە هەنگاو بنێن"
بەیان نوری، شارەزا لە بواری ئابوری و بازاڕگەری، لەبارەی چۆن ژنان بیرۆکەکانیان بکەن بە پڕۆژە، تا ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆ بۆ ئاژانسەکەمان وتی: ئێمە دەمانەوێت بە ژنان بڵێین کە پێویستە هەر کات بیرۆکەیەکیان هەیە بیکەنە واقع و هەر لە زهن نەبێت و بە ئیرادەوە هەنگاو بنێن، چونکە لەو سەردەمە ژنان هەر خۆیان حەزیان لە دامەزراندنە بەڵام بۆ کاری کەرتی تایبەت یان خۆی ببێتە خاوەن پڕۆژەیەک زۆر کەم خۆیانی لێدەدەن، لە هەر بارودۆخێکدا بێت ژنان مافی خۆیانە ببنە خاوەن داهاتی خۆیان، جا لەڕێگەی کارکردن بێت یان لەڕێگەی پڕۆژەیەکی تایبەت بەخۆیەوە بێت، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان کە باری ئابوری داڕماوە، و لەناو خێزانەكان كەمی داهات بۆتە كیشەیەكی گەورە، بۆیە گەر ژنانیش كاربكەن و پرۆژەی خۆیان هەبێت دەبێتە هاوكاری بۆخێزانەكەیان، كێشەكان كەم دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بە بەراورد لە گەڵ ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ژنان باشتر هاتونەتە ناو بواری كاركردن و رێژەكە زیادی كردووە بەڵام ئەو ڕێژەیە یان لە کەرتی گشتییە یان كەرتی تایبەت، لەم شوینانە كاردەكەن نەك كاری تایبەت بەخۆیان هەبێت وخۆیان خاوەن پرۆژەكی تایبەت بن، لەوەیان رێژەكە زۆرك ەمە، بەتایبەت لەكارە گەورەكان.
"خاوەنداری ژنان بۆ کۆمپانیا کەمە"
بەیان نوری نەشیشاردەوە كە لە سەر ئاستی عێراق ئەوەی ژنان خۆیان خاوەنی كۆمپانیا بن رێژەكەی ١٪ بۆ ٪٢، ئەوەش زۆر كەمە كە ٩٨٪ بۆ پیاوانە و ٢٪ بۆژنانە وتی: ئەوەش جێی داخە، رێژەی پیاو زیاترە لەناو كاردا بەو ئاستەی کە ٩٨ بە ٢ بێت، من بەوەی نازانم هەندەكارێكی قورس بێت بۆ ئەوانەی خاوەن دەرامەتێکن هەتا بۆ ئەوانەش كە دەرامەتیان كەم بێت بەڵام بیرۆكەیەكی بەهێزی هەبێت دەتوانێت بەرەو ئەوە بڕوات ببیتە خاوەن داهاتێكی باش و پرۆژەی خۆی، بەتایبەت زۆربەی ژنانی ئێستا خوێندەوارن وخاوەن بروانامەی خۆیانن بۆیە پێویستە برۆن بەروە بازاڕی كار نەك بیرۆكەكانیان لە میشكیان بكوژێننەوە.
جیاوازی لە کارە گەورەکان هەیە
لە کۆتایی قسەکانیدا بەیان نوری وتی: دەبینین ئەوەی كە ئێستا هەیە بۆشاییەكی گەورە لە جیاوازی هەیە لە ئیشە گەورەكان بەڵام لە ئیشە بچووكەكان نا، بۆنمونە ژمارەی فەرمانبەرانی ژن ئەگەر زیاتر نەبێت لە پیاوان كەمتر نییە، بەڵام بۆ ئیشە گەورەكان كەمە، بەراورد بە ڕابردوو بازرگانی ژنمان كەمە، هەرچەندە لە ئێستادا دیدگای كۆمەڵگە گۆراوە بەرامبەر بەوەی ژن كارێكی قورس بكات پێموایە دیدگاو بۆچوونەكان لەچاو چەند ساڵی رابردوو زۆر گۆراوە بۆ باشە، چونكە دەبینن ژنان لە كارەكانیان سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.