ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی نهێنی و پێشێلکاریدژی ژنان لە فاشر بەردەوامی هەیە
زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە دەستگیرکراوەکانی ژن لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی نهێنی لە فاشر بە زۆر لە ناو دەستبەسەرکردنەکاندا هاوسەرگیری زۆرە ملێیان پێکراووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسییەوە دووگیان بوون.

سودان
ڕوانگەی مافی مرۆڤی باکووری دارفور ڕاستی شۆککەری ئاشکرا کرد سەبارەت بەو پێشێلکارییە بەربڵاوانەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دژی ژنان لە شاری فاشری پایتەختی پاڕێزگای دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان ئەنجامدراون، ڕوانگە پشتڕاستی کردەوە کە دەیان ژن لەو شوێنانەدا ڕاگیراون کە وەک ناوەندی دەستبەسەرکردنی نهێنی بەکاردەهێنرێن، کەیسەکانی هاوسەرگیری زۆرەملێ و دووگیانی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیدا تۆمارکراوە.
لە راگەیاندراوێکدا کە ڕۆژی ٣ی ئاب بڵاویکردەوە، ڕوانگەی باکووری دارفور ڕوونیکردەوە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا ژن و کچان لە دوو شوێنی سەرەکیدا دەستبەسەر دەکەن، ئەوانیش بارەگای پێداویستییە پزیشکییەکان کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی فاشر و کەمپی جەدید سیل لە لێواری ڕۆژهەڵاتی شارەکە، هەردووکیان لەو کاتەوەی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ەوە گەمارۆدانەکە دەستیپێکردووە، لە کۆنترۆڵی خۆیاندان.
ڕوانگە ئاماژەی بەوە کردووە کە زانیارییەکانی بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان و ئیفادەی ناوخۆیی، پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەندێک لە دەستگیرکراوەکان بە زۆر لە ناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا هاوسەرگیری زۆرەملێیان کردووە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکانی دیکە ئاماژە بە دووگیانی نەویست دەکەن کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن کارمەندانی هێزەکانی پشتیوانی خێراوە دروست بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی وەک سیاسەتێکی سیستماتیکی پێناسە کردووە کە ئامانج لێی ملکەچکردن و تۆقاندنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکانە لەڕێگەی بەئامانجگرتنی ژنان، چونکە ئەوان لە دیارترین کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانن، ژمارەی وردی ژنانی دەستبەسەرکراو نادیارە بەهۆی گەمارۆی توندی ئاسایش و نهێنی، تەنانەت لەناو خێزانەکانیشدا.
ڕوانگە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پێشەنگایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کرد، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ژنە دەستبەسەرکراوانە و دڵنیابوون لە سەلامەتی دەروونی و جەستەیییان و کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی روون و سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ ئەم تاوانانە، کە یەکسانن بە تاوانی جەنگ.
لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە سودان بەڵگەنامەی هەزار و ٣٨٥ کەیسی دەستدرێژی سێکسی ئاشکرا کرد کە لە ناوچەکانی بە کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجامدراون، کەمپی زم زم بۆ ئاوارە لە دارفور لە ڕۆژئاوای سودان، چەندین کەیسی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی بەخۆیەوە بینی.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆیەکی خنکێنەر بەسەر شاری فاشردا، هەوڵدەدەن دەست بەسەر دوا قەڵای شارستانی لە ناوچەی دارفوردا بگرن کە هێشتا بە کۆنترۆڵی سوپای سوداندایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بارودۆخێی مرۆیی بە خێرایی تێکدەچێت و ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنیە.