لە سنە مامۆستایەک دەستبەسەر کرا

سوهەیلا خالیدیان تەمەن ٥٨ ساڵ، مامۆستا و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە سزاکان بۆ سەر ژنانی کورد چڕکراوەتەوە و لەو چوارچێوەەیەشدا، مامۆستایەکی ژن لە سنە دەستبەسەر کرا.

 

دوێنێ ٢ی ئاب، سوهەیلا خالیدیان تەمەن ٥٨ ساڵ، مامۆستا و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە مامۆستایە یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" کە لە کاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەریهەڵدا، ئەوکات لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.

 

جێگای ئاماژەیە، بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئێران، لە ماوەی ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٤ـدا ١٣٠ چالاکوانی ژن دەستبەسەر کراون، ٢٣٢ ژنی دیكەش زیندانیی کراون، هەروەها ٤١ ژنیش لەسێدارە دراون.