ژنان بە ئیرادە گەیشتنە تشرین: خاکەکەمان دەپارێزین

ئەو ژنانەی کە سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، بۆ پاڵپشتی لە شەڕڤانانی قەسەدەو یەپەژە چوونەتە تشرین، دەڵێن: خاکی خۆمان دەپارێزین و لە داگیرکەرانی پاکدەکەینەوە.

تشرین

 

لە بەیانی دوێنێوە بە هەزاران کەس لە کانتۆنەکانی جزیرە ڕەققە، تەبقا و فورات بەرەو شوێنی هێرشەکانی دژی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، هەروەها بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک "قەسەدە" بەرەو شوێنی هێرشەکان بەڕێکەوتوون، لە دۆڵی تشرین. کاروانی خەڵک لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کرایە ئامانج.

 

لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زونۆبیەایەو ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەو ژنانەی بەشدارییان لە کاروانەکەدا کردووە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

"داوای ئاشتی و ئاسایش دەکەین"

هەدیە محەمەد، کە لە حەسەکەوە پەیوەندی بە کاروانەکەوە کرد، سەرنجی بۆ ئەو زیانانە ڕاکێشا کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین هەن و وتی: دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بە ئامانجگرتنی بەنداوی تشرین زیانێکی زۆر بە ناوچەکە دەگەیەن، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ئاو و کارەبای ناوچەکە پچڕاوە، ئێمە ڕوومان لە تشرین کرد بە ئامانجی داوای کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هیچ خاکێکمان داگیر نەکردووە، لەسەر خاکی خۆمانین. ئەردۆغان خەڵکی عەفرین و سەرێکانی بە زۆر ئاوارە کرد و دەیەوێت ئێمەش لێرەوە ئاوارە بکات. ئێمە خاوەنی ئەم زەوییەین و باجی قورس دەدەین بۆ پاراستنی، ئەردۆغان کاروانێکی خەڵکی سڤیل لە بەردەمی جیهان دەکاتە ئامانج،  تا کۆتایی درێژە بە خەبات و بەرخۆدانمان دەدەین.

"بەردەوامی هێرشەکان کارەساتێکی گەورە دروست دەکات"

شادییە ئەحمەد، کە هاوکات لە حەسەکەوە گەشتی کردووە بۆ بەنداوی تشرین، وتی: ئێمە لە هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هاتووین بۆ بەنداوەکە بۆ ئەوەی نامەکانمان بگەیەنینە جیهان، داوای کۆتایی هێنان بەو هێرشانە دەکەین کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، بەنداوەکە ئاو و کارەبا بۆ هەرێم دابین دەکات. دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە هەوڵی لاوازکردنی بەرخۆدانی خەڵک دەدات، ئێمە پشتیوانی هێزەکانمان دەکەین لە بونیادنانی ئاشتی، ئەوان هێرش دەکەنە سەر کاروانەکە هەرچەندە دەزانن ئێمە مەدەنین، بەمەش دەیانەوێت کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی ناوچەکە ئەنجام بدەن، بە شەڕڤانانمان بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین لە لەشکرکێشی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، هێرشەکانی سەر ناوچەکە ڕابگرن، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر بەنداوەکە، کە کارەساتێکی گەورە دروست دەکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

"ئێمە واز لە خاکەکەمان ناهێنین"

شەمسێ سلێمان، پەنابەرێکی خەڵکی سەرێکانییە و بەشداری کاروانی گەلی کردووە، هێرشەکانی داگیرکەری شەرمەزار کردو وتی: ە پێشتر چووینە سەر بەنداوەکە بۆ دەربڕینی داواکارییەکانمان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ داگیرکردنی خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژانە منداڵەکانمان دەکوژن، کاروانەکەمان کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستداو برینداربوون، بە کڵاوەکەم برینەکەی یەکێک لە بریندارەکانم بەستەوە، ئێمەی دایک، واز لە خاکەکەمان ناهێنین، هەرگیز لە فڕۆکەکانی داگیرکەران ناترسین.