یەژا ستار جەخت لە بەردەوامی خەباتی ساکینە جانسزو هاوڕێکانی دەکاتەوە
لە ١٢یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریس، یەژا ستار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لە بەردەوامیی خەبات و بەرخۆدان لە شوێنپێی ساکینە جانسیز، فیدان دۆغان، و لەیلا شایلەمز کردەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، سێ ژنی کورد بە ناوەکانی ساکینە جانسیز (سارا)، فیدان دۆغان (ڕۆژبین) و لەیلا شایلەمز (ڕۆناهی) لە لایەن میتی تورکیا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا شەهیدکران.
لە ١٢یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریس، یەژاستار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ١٢هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسدا کە لەلایەن دەستە چەپەڵەکانەوە ئەنجامدرا، سەرەتا لە کەسایەتی شۆڕشگێڕی سەردەم ساکینە جانسز و هەر دوو ژنی تێکۆشەر لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغاندا سەرجەم شەهیدانی شۆڕش بە رێزەوە یاددەکەینەوە، نەفرەت لەو پیلانگێڕانە دەکەین کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا بەشداربوون و بۆ تۆڵەسەندنەوەی یەکجارەکی و سەرکەوتنی گەورە بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە.
لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە دەستی میتی تورک کۆمەڵکوژی سێ ژنە شۆڕشگێڕ وەک بەشێک لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا. دەوڵەتی فەرەنسا لەماوەی ١٢ ساڵدا لە هەموو روویەکەوە بێدەنگ بوو و لێپێچینەوەیان لەو کۆمەڵکوژیە نەکرد و هاوکاری ئەو کۆمەڵکوژییەیان کردووە، بەڵام ئەمە لە لایەن گەلان و ژنانی جیهانەوە ئاشکرا و روونە. هەربۆیە ئەو چاونوقاندن و هاوکارییەی فەرەنسا رێگەی لەبەردەم دووەم کۆمەڵکوژیی پاریسیش کردەوە.
دەوڵەتی فەرەنسا بۆ ئەوەی لە بەردەم مێژوودا نەکەوێتە پێگەی تاوانبارییەوە، ناچارە کە ئەو کۆمەڵکوژیانە لە هەموو روویەکەوە روون بکاتەوە و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەران بکات.
بە ئامانج گرتنی هەر سێ ژنی قارەمان و شۆڕشگێڕ لە ناوەڕاستی پاریس کردەوەیەکی هەڕەمەکی نییە و ئەنجامی پیلانگێڕیی درێژخایەنە. سەکینە جانسز (سارا) یەک لە هەڤاڵانی سەرەتایی رێبەر ئاپۆ بوو کە تا ساتی شەهیدبوونیشیدا لە هەموو ساتێکی ژیانیدا لەپێناو فەلسەفەی رێبەر ئاپۆدا شەڕی کرد، تێکۆشانێکی ئەنجامگری بەڕێوەبرد. سارا، هەموو رۆژێک کە تێیپەڕاندبوو لەلای ژنانی جیهانیشەوە ناسرا و وەک پێشەنگی شۆڕشی ژنان قەبوڵ کرا.
لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی ٢٠١٨ دا لەسەر ناوی سەکینە جانسزدا بکوژ و ئامانجەکانی پیلانگێڕی بە بەڵگەوە ئاشکراکران.
ئەو کۆمەڵکوژییە وەک لقێک و درێژکراوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە دەستی میت و بە هاوکاری هێزە نێونەتەوەییەکان ئەنجامدرا. لە رێگەی کۆمەڵکوژی پاریسەوە ویستیان گورزی گەورە لە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی شۆڕشگێڕ بدەن. ویستیان گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ زیاتر بکەن و بۆ ئەوەش پێشەنگەکانی بزوتنەوەکەیان کردە ئامانج. بەڵام ئەو کردەوەیە کە لە ١٤هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا ئەنجامدرا، ئامانجەکانی نەپێکا و پوچەڵکرایەوە. سارا، رۆناهی و رۆژبین؛ وەک ٣ ژنی کورد بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی خۆیان پێشەنگایەتیان بۆ ژنانی جیهان کرد و گەیشتن بە سەرکەوتنی ئەو تێکۆشانەیان مسۆگەر کرد. سارا، رۆناهی و رۆژبین هێندەی لە تێکۆشانی ئازادیی کورداندا هەموو کات یادیان دەکرێتەوە، لە لایەن شۆڕشی جیهانی ژنانیشەوە خاوەن پێگەیەکی گەورەن و هەرگیز هەڵوێست، تێکۆشان و رەنجی ئەوان لەیادناکرت. شەهید سارا بە ژیان ، تێکۆشان و شەهیدبوونی خۆی بووە هێما و هەوێنی تێکۆشانی سەرجەم ژنانی جیهان.
تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد لە ناو بزوتنەوەی ئاپۆییدا بە بەشداربوونی سەکینە جانسز یاخود سارا یەکەم هەنگاوی خۆی هەڵگرت. سەکینە جانسز لە یەکەم کادرەکانی بزوتنەوەی ئازادیمانە. لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندا بووە هاوڕێی رێبەر ئاپۆ، یەکەم جار ئەو بڕوای بە ئەندێشەکانی ئاپۆیی هێنا و بێ سڵەمینەوە خۆی هەڵدایە سوتێنەرترین ئاگرەکانی شۆڕش، هەڤاڵ سارا ئەو ژنەیە کە سنگی خۆی کردە قەڵغان بەرەوڕووی تەواوی دژوارییەکان و ئازارەکانی سەرەتا وەستایەوە. بە ناو زۆر ئاگردا پەڕییەوە و لە هەموو زریانێک بە سەربەرزی هاتە دەرەوە. لە دامەزراندنی پەکەکەدا بەشداربوو، لە دامەزراندنی یەکەم پارتی ژنان یەژەوەکە بەشداربوو، لەناو هەنگاوە سەرەتاییەکانی سوپای ستاردا بوو. ئەو لە ناو ستەمی زیندانی ئامەددا کە کەوتە مێژووی تاریکیدا تفی لە رووی جەلاد و ئەشکەنجەگەران کردبوو. ژیانی سەکینە جانسز پوختە و کورتکراوەی شەڕی شکۆمەندییە. لە یەکەم رۆژەوە شێوە و رەنگی ژنانی ئاوێتەی بزوتنەوەی ئاپۆیی کرد و بۆ لێکۆڵینەوەکانی رێبەر ئاپۆ لە بارەی ئازادیی ژنان بووە سەرچاوەی ئیلهام.
لە گەڵ هەڤاڵ سارا بە ئامانج گرتنی هەردوو ژنی قارەمان و شۆڕشگێڕ، نیشانی دەدات کە ئەو سیستمەی بە مێشکی پیاو دەوڵەت کاردەکات لە بەرامبەر هێڵی ژنی ئازاددا پشووی سوارە و ناتوانێت دانبەخۆیدا بگرێت. هەڤاڵان رۆناهی و رۆژبین دوو ژنی شۆڕشگێڕ بوو کە لە سەر هێڵی سارا بەشدارییان لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیدا کردبوو و تا ساتی شەهیدبوونیان لەسەر ئەو هێڵە بەردەوام بوون. لە سێهەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسدا هەمان بکوژان لە سلۆپی سێڤێ، پاکیزە و فاتمەیان تیرۆرکرد. لەبەر ئەوەی هەڵوێستی ژنانی ئازادیخواز، سەربەخۆ و بڕوابەخۆ گەورەترین گورزە کە لە دڵی فاشیزم دەدرێت.
هەروەها لە سەروبەندی ٩هەمین کۆمەڵکوژی پاریسدا، دەستانی پیلانگێڕان، بە تیرۆرکردنی هەڤاڵ ئەڤین گۆیی و ٢ هەڤاڵی ویستیان جارێکی دیکە پەیامی 'هێشتا پیلانگێڕی بەردەوامە' بدەن. بەڵام ئێمە وەک سوپای ستار جارێکی دیکە دەیڵێینەوە کە پیلانگێڕی سەرنەکەوت و هەرگیزیش ئامانجەکانی بەدەستناهێنێت. وەک ساڵی رابردوو، لە سەر چیاکانی کوردستان بەرخودانی ئەفسانەیی لە کەسایەتی ژنانی وەک بێریتان نورحەق چیا، بەروار دێرسیم، ئاخین گابار، سارا تۆڵهەڵدان لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا سارابوون بە سارابوونی سەرکەوتن بەردەوام دەبێت. نەک هەر لە سەر چیاکانی کوردستان و لە ناو شەڕڤانانی یەژاستاردا، هەڵوێستی سارا لە لای هەموو ژنانی شەڕکەر، تێکۆشەر، سەرجەم ژنانی کورد، عەرەب و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان خۆی بە زیندوویی ڕادەگرێت، بە تایبەتی لە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستاندا لە شەهیدانی ١٣ ساڵی رابردوو تا شەهیدانی ئەمدواییە، لە کەسایەتی ژنانی وەک؛ جیهان بیلگین، بێریتان شۆڕش، رۆناهی یەکتا، ژیندا بۆتانەکانەوە هەڵوێستی سارا زیندوو و بەردەوامە. ئێمە وەک سوپای ستار هەموو وەفاداریمان بە هێڵی ژنە تێکۆشەر سارا دووپاتدەکەینەوە، کە تا سەرکەوتن تۆڵە لە سیستمی قڕکەر بکەینەوە و تێکۆشانی ئازادیی ژنان بگەیەنینە سەرکەوتن.