ساکینە جانسز لەسەر گۆڕەکەی یادی کرایەوە

ساکینە جانسز، ژنە سیاسەتمەداری کورد کە ١٢ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە پاریس تیرۆر کرا، لەسەر گۆڕەکەی لە دێرسیم یادی کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 ساکینە جانسز، یەکێک لەو سێ ژنە سیاسەتمەدارەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ تیرۆر کران، لەسەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی ئەسری لە ناوەندی شاری دێرسیم بەبیرهێندرایەوە، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد- تەژەئا، بێریڤان باخچەجی، وتەبێژی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"  ئایتن کۆردو گوڵجان کاچماز سەیغیت، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان "دەم پارتی" ، کارگێڕانی شار و شارۆچکەکان و چەندین کەسی دیکە بەشدارییان کرد.

 

ژنەکان بە هەڵگرتنی گوڵی قەرنەفیل لەبەردەم گۆڕستانەکە کۆبوونەوە و بە پێ بەرەو گۆڕی ساکینە جانسز ڕۆیشتن، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان، مەریەم توما دایکی ئاشتی قسەی کرد و هەموو ئەوانەی لە خەباتی ئازادیدا گیانیان لەدەستدا، لە کەسایەتی ساکینە جانسزدا بەبیری هێنایەوە، داواشی کرد هیچ ژنێک نەکوژرێت و وتی: ئێمە نامانەوێت ژن بکوژرێت، نامانەوێت دایکان بگرین، ئێمە ئاشتی و ئازادیمان دەوێت.

 

لە کۆتاییدا بەشداربووان گوڵی قەرنەفیلیان لەسەر گۆڕەکەی ساکینە جانسز دانا و مۆمیان داگیرساند.